پەرلەمانتارێکى یەکگرتوو: ئەم خولەى پەرلەمانی کوردستان خراپترین خولی پەرلەمانە

کوردستان

30/06/2021‌ 1308 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچنار ئەحمەد پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرنامەى"ئارما"ی شارپرێسدا رایگەیاند، خولی پێنجەمى پەرلەمان بەراستى لە ئاست پێویستى و چاوەڕوانى خەڵکدا نییە، سەرەتا کە هاتین بە گوڕوتینەوە وتمان ئەو کارانەى خولەکانى پێشووى پەرلەمان تەواویان نەکردوە ئێمە دەیکەین، بەڵام خولی پێنجەم خراپترین خولە کە بووەتە قوربانى ململانێی حزبی".

ئاماژەى بەوەشکردوە، پەرلەمان لە رووی چاودێرییەوە زۆر لاوازەو تائیستا نەیتوانیوە لێپێچینەوە لە وەزیرێک بکات، بەوتەى خۆی ئەو هەموو گەندەڵی و خراپەکارییە هەیە، بەڵام پەرلەمان نەیتوانیوە بە رۆڵی خۆی هەستێت و لێپرسینەوە لە حکومەت بکات.

سەبارەت بە رۆڵی ژنان لەپەرلەمانى کوردستان باس لەوە دەکات، کە ئەو رۆڵەى کە ژنە پەرلەمانتارەکان دەیبینین هەمان ئەو رۆڵەیە کە پیاوە پەرلەمانتارەکان دەبینن، دەشلێت، ئەو ژنە پەرلەمانتارانەى لەناو پەرلەمانن زۆر چالاکن و توانیویانە رۆلی گرنگ ببینن.