شایان عەسكەری: هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی لەسەر موچە سیناریۆیە

کوردستان

06/07/2021‌ 1376 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكێتی و پارتیەوە لەسەر لێبڕینی موچە دەڵێت: ئەوەی ئەوان دەیكەن سیناریۆیە و بۆ شاردنەوەی ئەو ڕێككەوتنانەیە كە یەكێتی و پارتی ژێربەژێر دەیكەن و ئاماژە بەوەش دەكات ئەگەر پەرلەمان بڕیاری لابڕدنی لێبڕینی موچە دەربكات ڕەنگە حكومەت پابەند نەبێت پێوەی.

لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ شارپرێس، شایان عەسكەری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لەسەر دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان رایگەیاند: دانیشتنەكەی ئەمڕۆ درێژكراوەی دانیشتنی 28ی مانگی ڕابردووە، لە 25 ئایار یاداشتێكمان داوە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لە هەڵگرتنی لێبڕینی موچە، بەڵام لە دانیشتنی 28 مانگدا لەسەر ئەو پرسە پڕبوو لە سیناریۆ لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە، ئەمڕۆیش ئەوە بەدەركەوت لەگەڵ ئەوەدانین لێبڕینی موچە هەڵبگیرێت.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: بڕیاری لابردنی لێبڕینی موچە لەلایەن پەرلەمانەوە دەربچێت ڕەنگە حكومەت پابەند نەبێت پێوەی، بەڵام لایەنی كەم پەرلەمان پێویستە ئەوەی ئەركێتی جێبەجێ بكات بەرامبەر بە دەنگدەرەكانی و ئێمە لە حكومەت جیاوازین و دەنگمان پێدراوە.

"ئێمە ئەمڕۆ داوامان كرد سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری لێبڕینی موچە بخاتە دەنگدانەوە تا دەنگی پێبدرێت، بەڵام ئەوەبوو نەكرا، بۆیە هەڵساین و چووینە بەردەم مێزی سەرۆکایەتىپەرلەمان و رێگەمان لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە گرت" شایان ئەسكەری وای وت.

لەبارەی هەڵوێستی هەموو فراكسیۆنەكانیشەوە لەسەر لێبڕینی موچە ناوبراو وتی: ئەوانەی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و پارتی دەیكەن سیناریۆیە و بۆ شاردنەوەی ئەو رێككەوتنانەیە كە یەكێتی و پارتی ژێربەژێر دەیكەن.

شایان عەسکەری باسی لەوەشكرد، لاوازی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، گوایە بەپێی پەیڕەو لە دانیشتن بێبەشمان دەكات، ئێمە داكۆكیمان لەمافی دەنگدەران كرد، ئەگەر پشێوی بۆ لەپێناو هاوڵاتیان بێت و دژی لێبڕینی موچەبێت با ئەوانیش بیكەن.

ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان گرژی ئاڵۆزی تێدا دروست بوو، بەهۆی ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان داوایانكرد، پرسی لابردنی لێبڕینی موچە لاببرێت و سەرۆكی پەرلەمان داواكەیانی ڕەتكردەوە.
س.س