وەزارەتی تەندروستی وادەی پێدانی ژەمی سێیەم لەعێراق ئاشکرا دەکات

عیراق

10/09/2021‌ 1332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی تەندرووستیی و ژینگەی عێراق بۆیەکەمجار کاتی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە عێراق دا ئاشکرا کرد کە لەمانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٠ یەکەم حاڵەتی لە عێراق تۆمارکرا، هەروەک وادەی پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆڕۆنا بە هاوڵاتیان ئاشکرا دەکات.

فیراس محەمەد ئەندامی تیمی بەهێزکردنی تەندرووستیی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: لەبواری کوتانی هاوڵاتیاندا لەسەر ڕێگایەکی راستین و بە پرۆسەکە گەشبینین، روونیشی کردۆتەوە کە ئامانجیان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ڕێژەی لەسەدا ١٠ هاوڵاتیان بکوترێن، لەناوەراستی ساڵی داهاتووش ڕێژەی کوتان بگاتە لەسەدا ٤٠ی دانیشتووان، لە دواتریشدا بگەیەنرێتە لەسەدا ٧٠، واتە گەیشتن بە ئاستی درووستبوونی بەرگری بەکۆمەڵ.

سەبارەت بە پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆڕۆنا کە لەژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان دەستیان پێکردووە، بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندرووستیی ئاماژەی بۆئەوەکردووە کە پێویستیان بە ژەمی سێیەم بە هاوڵاتیان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەبەر پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیی دەستیان بە پێدانی ژەمی سێیەم نەکردووە.

محەمەد هۆشداریشیداوە لە هاتنی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ عێراق، ئەگەر بێت و هاوڵاتیان وەک پێویست پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان دژ بە ڤایرۆسەکە نەبن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی