ئەمەریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا هاوپەیمانێتییەکی بەرگری سێ لایەنە درووستدەکەن

جیهان

17/09/2021‌ 1047 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەچواڕچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانیان، هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەمەریکا و ئوسترالیا هاوپەیمانێتییەکی بەرگری هاوبەشیان راگەیاند کە پێیدەوترێت " ئۆکۆس" کەبەپێی ئەوە ئەو سێ وڵاتە لەبوارەکانی ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆژیای بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی و زیرەکی دەستکرد و سیستەمی جەنگی ژێردەریایی و تواناکانی بواری گورزوەشاندنی دوورمەودا هاوکاریی یەکتر دەکەن.

لەوبارەیەوە هەریەک لە جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیری بەریتانیا و سکۆت مۆریسۆنی سەرۆک وەزیری ئوسترالیا بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریانکرد لە راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەکەدا.

لای خۆیەوە سکۆت مۆریسۆن سەرۆک وەزیری ئوسترالیا لەکاتی راگەیاندنی هاوبەشییە بەرگرییەکەدا رایگەیاند کە ئەمرۆدا وڵاتەکەیان دەچێتە پاڵ هاوبەشییەکی نەوەی داهاتوو کە لەسەر بنەمایەکی بەهێزی متمانەکردن دامەزراوە و بەشێکە لە ڕێککەوتنە ئەمنیی و سەربازییە هاوبەشەکانیان، بەپێی ئەوەش ئوسترالیا دەستی بە تەکنەلۆژیای ژێردەریایی ناوەکیی رادەگات.

هەروەک بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیری بەریتانیاش وتی: ئامانج لە ڕێککەوتننامەکە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەردوو زەریای هیندی و هێمن و خوڵقاندنی دەرفەتێکی زۆری کارە لە وڵاتەکەیاندا.

هەرچی جۆبایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لەکاتی راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەکە وتی: ئەمرۆ هەنگاوێکی مێژوویی ترمان بەئاراستەی قوڵکردنەوەی هاوکاریی نێوان ئەو سێ وڵاتەنا و سیفەتێکی فەرمیمان پێبەخشی، لەبەرئەوەی هەموومان ئەوە دەزانین کە دەبێت گەرەنتی پاراستنی ئاشتیی و سەقامگیری ناوچەی هەردوو زەریای هیندی و هێمن لەسەر ئاستی دوورمەودا بکەین.

هەر لەگەڵ راگەیاندنی هاوپەیانێتییەکە، وتەبێژی سەرۆکایەتی فەڕەنسا نیگەرانی خۆی بە پاشگەزبوونەوەی ئوسترالیا لە گرێبەستێکی گەورەی سەربازیی لەگەڵ فەڕەنسا بەبەهای نزیکەی 90 ملیار دۆلار راگەیاند، کەبەپێی ئەوە  دەبوو کۆمپانیای "ناڤال گرووپ" ی فەڕەنسیی بۆ پیشەسازییە بەرگرییەکان، سەرجەم ژێردەریاییە سەربازییەکانی ئوسترالیا بۆ نەوەی نوێی ژیردەریایی بگۆڕێت، بەڵام لەچوارچێوەی ڕێککەوتنە بەرگرییەکەی نێوان ئەو سێ وڵاتەدا، بەریتانیا و ئەمەریکا لەجیاتی فەرەنسا ژیردەریاییەکانی ئوسترالیا بۆ ژیردەریایی ئەتۆمیی پێشکەوتوو دەگۆڕن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی