توێژەران: 120 هەزار ساڵ پێش ئێستا مرۆڤ جلوبەرگی درووستکردووە

هەمەڕەنگ

19/09/2021‌ 1122 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زانا شوێنەوارناسەکان لە ئەشکەوتێکی وڵاتی مەغریب کە نزیکە لە کەنارەکانی زەریای ئەتلەسیی، چەند ئێسکێکیان دۆزیوتەوە کە گومان دەکرێت کۆنترین هۆکاری پێستە خۆشکردن بێت بەمەبەستی درووستکردنی جلوبەرگ.

بەگوێرەی رۆژنامەی " ئەی بی سی "ئیسپانیی، تیمی تویژینەوەکە لێکۆڵینەوەیان لەسەر پاشماوە دۆزراوەکان لە ئەشکەوتی کۆنتریباندیرس لە مەغریب کردووە و گەیشتوونەتەوە ئەو ئەنجامەی کە ئێسکەکە بۆ درووستکردنی جلوبەرگ بەکارهاتووە.

لەوبارەیەوە، ئیمیلی هالێت لە پەیمانگای ماکس بلانک بۆ زانستەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی لە ئەڵمانیا کە سەرپەرشتیاری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکەیە وتویەتی: لەگەڵ هاوڕێکانمان 62 ئێسکمان دۆزیوەتەوە کە تەمەنیان لەنێوان 90 بۆ  120 هەزار ساڵدایە، پێدەچێت مرۆڤە سەرەتاییەکان کردبێتیانن بە ئامێر و ئامراز.

توێژەرەکان گەیشتوونەتەوە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەشکەوتەکە بۆ کەوڵکردنی ئاژەڵەکان بەکارهاتووە، نەوەک هەر تەنیا بۆ بەکارهێنانی گۆشتەکەی، بەڵکو بۆ بەکارهێنانی پێستەکەشی و کردنی بە جلوبەرگ و پۆشاک.

لێکۆڵینەوەکە مەزەندەی ئەوەی کردووە کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ و جۆرەکانی تر، 120 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە پێستی ئاژەڵدا جلوبەرگیان درووستکردووە، بەوپێیەی لەناو ئەشکەوتەکەدا پاشماوەی ڕێوی و پشیلەی کێوییی و ئاژەڵی تر دۆزراوەتەوە کە بەهەمان ئەو شێوەیە کەوڵکراوە کە ئێستا بەکاردەهێنرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە لێکۆڵینەوەی تر جەختیان لەوەکردۆتەوە کە مرۆڤە دێرینەکان نزیکەی 170 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەکیشوەری ئەفریقیا جلوبەرگیان درووستکردووە، بەڵام هیچکامیان هاوشێوەی ئەشکەوتەکەی مەغریب بەڵگەی بەرجەستەیان نەدۆزیوەتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی