وەزیری پەروەردە: ئیتر بەسە تەڵقیندانی قوتابی

کوردستان

19/09/2021‌ 1384 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "پێویستمان بە وەرچەرخانێکە لە کۆی پرۆسەی سیستمی خوێندن و فێرکاری ئیدی بەسە قوتابی بەس تەلقین بدرێت".

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لەمیانی کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رایگەیاند: "دەبێ ئەو تێڕوانینە ناجۆرەی لەسەر خوێندنی پیشەیی لە کوردستان هەیە، کە خوێندنی پیشەیی وا وێنا کراوە، شوێنی قوتابییە تەمبەڵەکانە دەبێ ئەمە بگۆڕین، بەڵکو خوێندنی پیشەیی شوێنی دروستکردنی کارامەیی مرۆڤە".
بەوتەی وەزیری پەروەردەی هەرێم "پێویستمان بە وەرچەرخانێکە لە کۆی پرۆسەی سیستمی خوێندن و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەوەیە ئیدی بەسە قوتابی بەس تەلقین بدرێت، بەڵکو قوتابی دەبێ فێری کارامەیی بکرێت، دەبێ ئەوە راستبکەینەوە کە هەڵەمان کردووە تەنها وانەکانی تیۆری بە قوتابیان دەڵێینەوە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، وانە پراکتیکییەکان زۆر کەمن، لە قۆناغی باخچەی ساوایان سەیری بکەین تا دەگاتە زانکۆکان و خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، کەمتەرخەمی لە فێربوونی کارامەیی، بەشێکی بەهۆی غیابی وانەی پراکتیکییەوە چالاکەوەیە.