عێراق و ئێران ئێسک و پرووسکی کوژراوانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوانیان ئاڵوگۆر دەکەن

عیراق

08/10/2021‌ 199 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای نزیکەی 33ساڵ لە کۆتایی هاتنی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، رۆژی پێنجشەممە ئەو دوو وڵاتە ئێسک و پرووسکی دەیان سەربازی کوژراوی ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەیان ئاڵوگۆر کرد.

لەوبارەیەوە وەزارەتی بەرگری عێراق لەبەیاننامەیەکدا وتویەتی: لەسەر بنەمای ئەو یاداشتە لەیەکتێگەیشتنەی ساڵی 2008 لەنێوان عێراق و ئێران واژۆ کراوە و تایبەتە بە گەڕان بەشوێن ئێسک و پرووسکی قوربانیانی جەنگی یەکەمی کەنداو ( 1980-1988)، رۆژی پێنجشەممە لەدەروازەی سنووریی شەلەمچەوە ئێسک و پرووسکی 11 قوربانیی ڕادەستی لایەنی عێراقی کرانەوە، کە ناسنامەی یەکێک لە قوربانییەکان ناسراوەتەوە.

باس لەوەشکراوە کە لەبەرانبەردا ئێسک و پرووسکی 20 قوربانی رادەستی لایەنی ئێرانیی کراونەتەوە کە ناسنامەی 9 یان ناسراوەتەوە.

وەزارەتی بەرگری لەبەشێکی تری بەیاننامەکەیدا دەڵێت: ڕێورەسمی رادەستکردنی ئێسک و پرووسکی قوربانییەکان بەسەرپەرشتیی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور  و بەئامامدەبوونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە و بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسڕە بەڕێوەچووە.

جەنگی عێراق و ئێران لە 22/9/1980 دەستیپێکرد  و لە 8/8/1988 کۆتایی هات، کە لەدوای جەنگی ڤێتنام بەدرێژترین جەنگی سەدەی بیستەم هەژمار دەکرێت، بەشێوەیەک لایەنی ئێرانی دانی بەکوژرانی نزیکەی 300 هەزار کەسیداناوە، لەبەرانبەردا ژمارەی کوژراوە عێراقییەکان بە 240 هەزار کەس دانراوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی


بەپەلە