پەرلەمانی كوردستان یاسای هاوردەكردنی بنەتۆو و شەتڵی پەسەندكرد

ئابوری

09/11/2021‌ 507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسای هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان و هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتی پەسەندكرد.

سایتی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا پڕۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، پاش خوێندنەوەی سەرجەم ماددەکانی پڕۆژەیاساکە، لەلایەن ٦٧ پەرلەمانتار دەنگی لەسەر درا.

وەك لە هەواڵكەی سایتی پەرلەماندا هاتووە، خاڵی دووەمی بەرنامەی کار تایبەت بوو بە خستنەڕوو و دەنگدان لەسەر بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (٤) لە یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٢١ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (٢٢)ی ساڵی 2011، خرایە دەنگدان و لەلایەن ٧٠ پەرلەمانتار دەنگی لەسەر درا.

هەر لەو دانیشتنەدا پەرلەمانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ پێشنیازەیاسای (هەمواری یاسای بزربووەكان لە هەڵمەتەكانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی گەلی كوردستانی عێراق ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٩) كرا.
س.س