کۆچبەران لەنێوان بەرداشی لۆکاشینکۆو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا

کوردستان

21/11/2021‌ 16261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارپرێس زانیاریی گرنگ له‌باره‌ى كه‌یسى كۆچبه‌رانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و به‌وته‌ى ژماره‌یه‌ك له‌كۆچبه‌ران، حكومه‌تى هه‌رێم کەسانێکى بەشێوەیەکی ڕێکخراو خزاندۆته‌ ناو کۆچبەرانەوە کە کاریان تەنها دڵساردکردنەوەی کۆچبەرانە لەگەیشتنیان بەوڵاتانی ئەوروپا بەئامانجی ئەوەی بگەڕێنەوە هەرێم‌و حکومەتی هەرێم ئەوەبدات بەگوێی وڵاتانی ئەوروپادا کە کۆچبەران دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان‌و لێرە هەموو شتێک باشە.


هه‌روه‌ك شارپرێس له‌م ڕاپۆرته‌دا زانیاریی گرنگ له‌باره‌ى ئه‌وه‌شه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیکردوە بەوڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوەو پێى وتون کە بەشێک لەوانەی کۆچیانکردوە، کەسانی دەرچوو لەیاساو تیرۆریستن‌و مەبەستیەتی ئەو لێشاوە نەگاتە ئەوروپاو پشێوی لەنێو وڵاتان دروستنەبێت.

هەموان بینەری دیمەنی کارەساتباری کۆچبەران بوین لەسەر سنورەکانی پۆڵەنداو بیلاڕوسیا، کۆچبەران هیچ داواکارییەکیان نەبوو جگەلەوەی دەربازی سنورەکانی یەکێتی ئەوروپا ببن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و بەدیاریکراویش پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمان‌و حکومەتی هەرێم داواکارییان لەپەنابەران هەبوو، زەقترین داواکاریش گەڕانەوەیان بوو بۆ هەرێم، گەڕانەوەیەک کە دەیانویست بیکەنە هۆکاری پەردەپۆشکردنی ئەو هۆکارانەی کە کۆچەکەیان دروستکردوە.

لەڕۆژانی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی کارەساتباری کۆچبەران لەهەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی ڕێکخراوی حکومیی‌و حزبی لەلایەن پارتیەوە دەستیپێکرد بۆئەوەی نیشانی جیهان بدرێت لەهەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی سیاسی، ئابووریی‌و ئازادی ڕادەربڕین نییە، کەم ڕۆژ هەبوە بەرپرسێکی حکومەت داتایەک لەبارەی ڕەخساندنی هەلی کار نەخاتەڕوو، بۆئەوەی بیسەلمێنێت بۆ جیهان کە ئەگەر کۆچبەرەکان دۆخی ئابورییان کردە کەیسێک بۆ جێهێشتنی هەرێم، ئەوا کەیسەکەیان دورە لەڕاستیەوە، سەرۆکی حکومەت ڕایدەگەیاند، زیاتر لە100 هەزار هەلی کار دروستکراوەو بەشێک لەوەزیر‌و بەرپرسان بەهەمان نەفەس باسیان لەئارامی‌و سەقامگیریی ئابوری هەرێم دەکرد، تەنها بۆ ئەوەی بەوڵاتانی ئەوروپا بڵێن هەرکەس هاتە لاتان‌و باسی لەو کێشانە کرد گوێی لێ مەگرن، لێرە هەموو شتێک باشە.

کەیسی کۆچبەران وەک چۆن ئێستا لەبیلاڕوسیا ڕەهەندێکی سیاسی وەرگرتوەو ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ فشارخستنەسەر ئەوروپا بەکاریدەهێنێت تاوەکو سزاکانی سەر بیلاڕوسیا هەڵبگرن، لەهەرێمی کوردستانیش حکومەتی هەرێم بۆ سپیکردنەوەی نادادی‌و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان‌و خراپی دۆخی ئابوریی بەکاریدەهێنێت.

بەشێوەیەکی ڕێکخراو پارتی سەرجەم دامەزراوەکانی خۆی بەکارهێناوە بۆئەوەی نیشانی جیهانی بدات هیچ کەموکوڕییەک لەحوکمڕانیی لەهەرێمی کوردستان بونی نییە تاوەکو هاوڵاتیان وڵاتی خۆیان جێبهێڵن.

حکومەتی هەرێم دەیەوێت لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان دژی کۆچبەران لۆبی دروستبکات، بۆ نمونە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ میگێل بێرگەر وەزیری دەوڵەت لەوەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوەو بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو ڕێکارانەی گرتوویەتەبەر لەبەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بەمرۆڤەوە دەکەن‌و ڕێگریکردن لەکۆچکردنی نایاسایی‌و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەوەش دەریدەخات کە حکومەتی هەرێم لەدەرەوە دەیەوێت وا نیشانبدات کەیسی کۆچبەران بازرگانیکردنە بەمرۆڤ نەک جێهێشتنی نیشتمان لەدەست قەیران‌و زوڵم‌و ستەم.

لەسەرجەم ئەو ڕاگەیەندراوانەی پەیوەست بەدۆخی کۆچبەران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراون، تیمی یەکێتی‌و گۆڕان وەک دوو بەشداری سەرەکی کابینەی نۆ بێدەنگییان هەڵبژاردوە، وەزیرەکانی پارتی بەناوی حکومەتەوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتباردەکەن بەهۆکاری کۆچی گەنجان، بەڵام وەزیرەکانی یەکێتی وەک ئەوەی لەهەسارەیەکی دیکەبن بێدەنگییان هەڵبژاردوە.

کەیسی کۆچبەرانی هەرێم گەیشتوەتە ناوەندە جیهانیەکان، ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەسەر هۆکارەکانی کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ ئەوروپا لەژێر ناوی "بۆچی کوردەکانی عێراق خاکی خۆیان جێدەهێڵن" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە، هەرچەندە ناوچەکە لەڕوی ئەمنییەوە سەقامگیرە، بەڵام بڵاوبونەوەی گەندەڵیی لەسەرتاسەری عێراق‌و مەیلی هەولێر بەرەو دیکتارتۆربون‌و دەمکوتکردنی بەرهەڵستکاران‌و ڕۆژنامەنوسان وایانکردوە خەڵک بیر لەکۆچکردن بکەنەوە.

لۆبی ئەمجارەی حکومەتی هەرێم بۆ کەیسێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو لۆبییەکە دژی ئەو کۆچبەرانەی لەسەر سنورەکان خەریکە ڕەقدەبنەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس، لەبەشێک لەو وڵاتانەی بونەتە دەروازەی گەیشتن بەئەوروپا، لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە خەڵک دانراون بۆئەوەی کۆچبەران لەگەشتکردن پاشگەزبکەنەوەو کۆمەڵێک پاساو دەخرێتە بەردەمیان، ئەوکەسانە بەشێوەیەکی ڕێکخراو کاردەکەن‌و بەکۆچبەران دەڵێن کۆچەکەتان ڕێگەی هات‌و نەهاتەو مەترسی مردنتان لەسەرەو بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لەماوەی ڕابردودا شارپرێس قسەی لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەر کردوە لەسەر سنورەکانی بلاڕوسیاو پۆڵەندا کە باسیان لەوەکردوە، کەسانێک بەشێوەیەکی ڕێکخراو خزێنراونەتە نێو کۆچبەرانەوە کە کاریان تەنها دڵساردکردنەوەی کۆچبەرانە لەگەیشتنیان بەوڵاتانی ئەوروپا بەئامانجی ئەوەی بگەڕێنەوە هەرێم‌و حکومەتی هەرێم ئەوەبدات بەگوێی وڵاتانی ئەوروپادا کە کۆچبەران دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان‌و لێرە هەموو شتێک باشە.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم چەندجارێک باسیان لەوەکردوە، کۆچبەران بونەتە تانە بۆ هەرێمی کوردستان‌و ناوبانگی حکومەتی هەرێم لەکەداردەکەن‌و نابێت ئەم بابەتە بەردەوامبێت، هەربۆیە هەموو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی وای نیشانبدەن ئەوانەی کۆچیان کردوە هەڵخەڵەتێنراون‌و حکومەت لەهەوڵی پوچەڵکردنەوەی کارێکی مەترسیداردایەو وەک دەستکەوت دەیفرۆشێتەوە بەوڵاتانی ئەوروپا.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی تایبەت‌و قسەی بەشێک لەکۆچبەران، باس لەوەدەرکرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیکردوە بەوڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوەو وای پێوتون کە بەشێک لەوانەی کۆچیانکردوە کەسانی دەرچوو لەیاساو تیرۆریستن‌و ئەو مەبەستیەتی ئەو لێشاوە نەگاتە ئەوروپاو پشێوی لەنێو وڵاتان دروستنەبێت.

لەکاتی گەرانەوەی ژمارەیەک کۆچەریشدا بۆ هەرێمی کوردستان میدیاکانی نزیک لەحزبە دەسەلاتدارەکان‌و بەرپرسانی حوکەمەت بەئاشکراو بەشێوەییەکی ڕێکخراو کاریان لەسەر ئەوەکرد، وێنەیەک نیشانبدەن کە کۆچبەران ڕزگاریان بوە لەهەوڵێکی خەڵەتاندن‌و گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان بەکارێکی پیرۆز ناو ببەن لەکاتێکدا کەمنەبوون ئەو کۆچبەرانەی کە بانگەشەی ئەوەیاندەکرد بەناچاری‌و بەزۆر هێنراونەتەوەو بەدوای هەر دەرفەتێکی ترەوەن بۆ ئەوەی جارێکی تر وڵات جێبهێڵن.