شیعەکان پاشگەزدەبنەوە

عیراق

24/11/2021‌ 3038 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شیعه‌كان جیاوازتر له‌ڕابردوو قسه‌یه‌كى دیكه‌یان بۆ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا هه‌یه‌و سه‌ركرده‌یه‌كى دیارى شیعه‌كانیش ده‌ڵێت:"ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان به‌و پرسه‌وه‌ نییه‌و ئه‌وه‌ كارى حكومه‌ته‌".


هەرچەندە لەماوەی ڕابردودا بەشێک لەهێزە چەک بەدەستە شیعییەکانی نزیک لەئێران هەڕەشەی ئەوەیانکردبوو، تاکۆتایی ئەمساڵ چاوەڕێی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن ئەگەرنا پەنا بۆ هێزی چەکداریی دەبەن، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان کە بەشی زۆری هێزو لایەنە شیعییەکانی لەخۆگرتوە، دەڵێت:"بابەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پەیوەندیی بەحکومەتەوە هەیەو ئێمە لەوبارەیەوە پەنا بۆ گرژیی نابەین".

حەسەن بەهادلی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەهاوپەیمانی نەسری سەر بەحەیدەر عەبادی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە، "ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق‌و هێزە بیانییەکان لەهێزە ئەمریکی‌و هێزەکانی تردا کراوە بەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نابێت هیچ هێزێکی شەڕکەریان لەناو عێراقدا بمێنێت، ئەو هێزانەی دەمێننەوە تەنها بۆ بواری ڕاوێژپێدان‌و ڕاهێنانی سەربازیی دەبن".

هەروەک دەڵێت:"ڕێککەوتنەکە تائێستا بەردەوامەو هیچ نیازێک بۆ گرژکردنی دۆخەکە لەئارادانییە، بۆیە نابێت لەکردنەدەری ئەو هێزانە پەنا بۆ توندوتیژیی ببرێت، بەڵام دەبێت حکومەتی عێراق لەدانوستانەکاندا لەسەر ئەو پرسە سوربێت‌و لایەنی ئەمریکیش دەبێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکەن، لەبەرئەوەی بەپێی ڕێککەوتنەکە بەرپرسیارێتیان دەکەوێتەسەر شان".

لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەرچەندە هەموو گروپە چەکدارییەکان هۆشداریانداوە بەوەی لەکاتی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕێکاری گونجاو دەگرنەبەر، بەڵام ئێمە نامانەوێت دۆخەکە بگاتە لەو ئاستە لەگرژیی.