٨٠٪خەڵکی جیهان تا ئێستا هیچ سەفەرێکی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان بە فڕۆکە نەکردووە.

مەلەفی تایبەت

24/12/2021‌ 1401 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:فازیل شــەوڕۆ – دوبلن 

پێش پەتای کۆڤید - ١٩، لە ساڵی ٢٠١٩، ڕۆژانە(١٠٧) هەزار گەشتی ئاسمانی لە جیهاندا ئەنجام دەدرا، لەگەڵ ئەوەشدا، هەر لە (٢٠٪)ی حەشیمەتی جیهان سەفەریان بەفڕۆکە کردووە، واتا (٨٠٪) خەڵک تا ئێستا هیچ سەفەرێکی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان، بە فڕۆکە نەکردووە. ئیمڕۆ کە نزیکەی (٥٠٠٠) کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی هەیە، ئەمەریکا سەرتۆپی هەموو هێڵەکانی ئاسمانییە لە جیهاندا، تەنها لە ساڵی (٢٠٢٠) قازانجەکەی (١٣١) هەزار ملیۆن دۆلار بووە. هێڵی ئاسمانی (چینی) بەو حەشیمەتە گەورەیەی خۆیەوە، لە ڕیزبەندی (١٠)یەم دایە و هێڵی ئاسمانی تورکیش، سەردانی زۆرترین فڕۆکەخانەکانی جیهان دەکات و خەڵکی وڵاتی فنلەنداش، گەڕۆگترین نەتەوەن کە زۆرترین سەرفەر بۆ وڵاتانی جیهان دەکەن. ئیمڕۆ، لە جیهاندا (٨٨)ملیۆن کەس لەسەر کەرتی گەشتی ئاسمانی گوزەران دەکەن و دەژین.

   جاران سەفەرکردن بە فڕۆکە تام و چێژ و بیرەوەرییەکی هێندە خۆش و پڕ یادەوەری هەبوو، بە ساڵ لە دیوەخان و مەجلیسان دەگێردرایەوە، لێ ئیمڕۆ، ئەو سەفەرکردن، نەک خۆشییەکانی جارانی لەدەست داوە، بگرە زۆرجار تووشی سەرئێشەشت دەکات و پێش سەفەر تات دێتێ! ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی جیهانی تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت، چەند ئاسانکاری بۆ کردووین، ‌هێندەش بەربەست و کۆسپی بۆ داناوین. جا دوای ڕووداوەکانی دوو تاوەرە بازرگانەکانی نیویۆڕک لە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ وە پەرلاماری پەتای کۆڤید – ١٩، ‌سەفەرکردن بە فڕۆکە هێندەی دێ بە قوڕێ گیرا!

جا تا سەفەرکردنت بە فڕۆکە نەختۆکەکە، خۆشیی بەخش بێت و بێ ساتمە و تەگەرە بێ، باشترە هێندێ زانیارییت هەبێت:

پلیت کڕین: هەوڵبدە لە کۆمپانیا ناودارەکانی هێڵی ئاسمانی جیهانی، پلیت بکڕێت، نووسینگەکانیان بێ کێشەتر، هەرچەندە نەختۆکەکە نرخەکەی گرانترە. پلیتی ئۆنڵاین، لایەینی باشی زۆرە، بەڵام دەبێ وردبین بی، نەکۆ تووشی داوی ساختەکاران بیت. بۆنموونە، ماڵپەری (edreams)، متمانەی جیهانیی هەیە و جێی ترس نییە، بەڵام ڕەنگ بێ ماڵپەڕی ساختە هەبێ بە ناوی (edream)، کتومت ڕێوڕەسمەکەشی وەکو هی یەکەمە، بەڵام ساختەیە و قۆڵبڕە. چۆن ماڵپەرەکانی ساختە دەناسیتەوە؟ (١)بەناوبانگ نین. (٢) داشکانی زۆریان کردووە، لەچاو ئەوانی دی، بۆ ئەوەی نێچیری خۆیان بگرن. لە کاتی تۆمارکردنی زانیارییەکان، پێش (OK)، پێداچوونەوە بکە تا دڵنیابیت، زانیارییەکان وەک ئەوەی سەر پەساپۆڕتەکەیە. ئاگادار بە، هەمیشە لە ڕۆژانی سێشەممە و پێنجشەممە، پلیت نرخەکەی هەرزانترە. ئەگەر چەند کەسێکن، بەیەکەوە زانیارییەکان تۆمار بکەن، تاکو بەیەکەوە دانیشن، ئەگەر منداڵی ساواتان هەیە، کورسیی تایبەت هەیە، بێشکەی تایبەت و کەلوپەڵی منداڵی تێدایە. هەوڵبدە سەفەرەکەت کورتبڕ بێ، با نەختۆکەکە گرانتر بێ، باشترە لەوەی دوو یان سێ ترانزێتت هەبێ و ئەو هەموو سەرکەوتن و دابەزینە بکەیت و درەنگتریش بگەیتەجێ.

جانتا و کەلوپەل: ڕێنماییەکانی هێڵەکەی ئاسمانی ورد بخوێنەوە. قەبارەی جانتاکان و کێشەکانیان دیاری کراون، زۆر لە فرۆکەخانەکانی جیهانی، بە ڕۆبۆت و کۆمپیوتەر کار دەکەن، دەبێ بۆخۆت جانتاکەت بکێشیت و پسوولەی تێبەستی و بخیەتە سەر سکەیی ڕۆیشتن. جا ئەگەر یەک کێلۆ، کێشی زیادەتت پێبێ، یان جانتاکە (٥)سم گەورەتر بێ، ئامێرەکان، دەزانن، داوات لێدەکەن، پارەی زیادەکە بدەیت و و جانتاکە بگۆریت. ئێ باشە، ماقوولە بۆ کێلۆ گوڵەبەڕۆژەیەک یان کێلۆ گەنگرێک (١٥) یۆرۆ بدەی؟ ئەدی چۆن جانتاکە دەگۆڕێ؟ خۆ شاری خۆت نیە خاتروخۆتر هەبێ. ئەسڵەن، کەس نییە گوێشت لێ بگرێ! هەوڵبدە شتومەک و کەلوپەلەکانی ئاسایی بن دوور بن لە جێی گومان، هیچ شلەمەنێکت پێ نەبێ، جانتا بچووکەکەت هیچ کەرەستەیەکی کانزای تێدا نەبێ. هەر شتێک دەزانی کێشەت بۆ دروست دەکا، دووریخەوە. باشترە پەساپۆڕت و ناسنامە و پارە و زێڕوزیوت بخەیتە جانتاێک لە شان بکرێ. جیزدان، بۆی هەیە بزربێ، بدزرێ یان لە سیەین و بەینی سەفەر لێت بەجێبمینێ.

چوون بۆ فڕۆکەخانە: لە هەموو جیهاندا کرێی تاکسی بۆ فڕۆکەخانە گرانترە، بۆ نموونە لە دوبلن دەفڕی بۆ پاریس بە (٣٥) یۆڕۆ، بەڵام دەچیتە فڕۆکەخانە بە (٤٠) یۆڕۆ. باشترە ، پێشوەخت، بە ئۆنلاین تاکسی بگریت. ئاگاداربە، تەنیا کرێی کێلۆمەترەکانی ڕێیە نادەیت، وەستان و تڕافیک و دواکەوتنەکانیشت لەسەر حیسابە. پەسندتر، زۆر شۆفێری تاکسی نەدوێنی و پرسیاترەکانیشی پووختوڕەخت وەڵام بدەوە، دوورەکەوە لە وەڵامی گوماناوی، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند، شوفێری تاکسی هەیە، کار بۆ ئاسایش دەکات. گێچەڵ بۆخۆت پەیدا مەکە!

لە فڕۆکەخانە: باشترە و خۆشترە هەموو جانتا و شتومەکەکانت بخەیتە سەر ڕەوڕەوە و خۆتان بیگێڕن. هێمن و ئارام و ئاسایی بە، وەک ئەوەی دەچیتە ماڵی دۆستێکت و خۆت مشەوەش مەکە. کە دەگەیتە خاڵی پشکنین، قفڵی جانتاکان بکەوە و ڕێنماییەکان جێبەجی بکە. بۆ پشکنینی خۆت، هەموو شتەکانی بخەرە سەر ئەو تەشتۆکەی بۆیان داناوی، جوان بیان پێچە تا نەکەون، هیچ شتێکت پێنەبێ کانزا بێ، ئەگەر سنجاقێکیش بێ، دەنا چەندان جار (سکان)ت دەکەن و ماندووت دەکەن. کە شتەکان سکان کران، بە هێمنی وەریانگرەوە و بیانپۆشەوە، شووینەکە بەجێ مەهێڵە تا دڵنیا نەبی کە پەساپۆڕت و کارت و پارەکەت پێیە!

(Boarding Card)
: کە کارتی سەرکەوتنی فڕۆکەت وەرگرت، لەو شتانە دڵنیابە: گەر ترانسێتت هەیە، هەموو کارتەکانت وەرگرتبێ. دڵنیابە لە ڕینووسی ناوکەت وەک لە پەساپۆڕتەکەت نووسراوە. بڕوانە ژمارەی دەروازە، ژمارەی کورسی، ژمارەی زوونی چوونە ژوورەوە وە کاتی دەرگاکردنەوەی دەروازە.
لە هۆڵێ چاوەڕوانیدا: هەمیشە هێمن و ئارام بە، کەم قسەبکەوە دەنگت نزم بێ، هیچ ڕەفتار و هەڵسوکەوتێ سەرنجڕاکێشەر مەکە. خۆت لەخەڵک هەڵمەسوو، هەمیشە چاوێکت لەسەر جانتا و کەلوپەلەکانی خۆت بێ، خواردن و خواردنەوە نە لەکەس وەرگرە و نە بدە کەس. شتومەکت لە لای کەس بەجێمەهێڵە و هی خەڵکیش بەخۆت مەسپێرە، با ناسیاویش بێ!

(٩)نهێنیی کارمەندەکانی فڕۆکەخانە، کە تۆ نایانزانیت: 
(١)پشکنینی هەڵسوکەوتی موسافیر: بەبێ ئەوەی تۆ پێبزانی، لە کاتی چاوەڕوانی و هاتوچۆکردنتدا، بە کامیڕای شاراوە، کە بە تیشکی ژێر وەنەوشەیی کاردەکەن، جەستەی تۆ (سکان) دەکەن و دەپشکننەوە، لەڕێی ترپەی دڵ و گەرمایی جەستە و فشاری خوێن و جوولەی جەستە، کەسێتیی تۆ دەستنیشان دەکەن، هەر گومانێکت لێبکەن، کە دەگەیتە خاڵی پشکنین، وردتر لێت دەپێچنەوە. تۆ بەوە نازانی.

(٢)خوێندنەوەی زمانی جەستە: لەکاتی پشکنیندا، کارمەندی پسپۆڕ و ڕاهێنراو بە زانستی زمانی جەستە، لە ژوورێکی دیکەدا، هەموو چاوتروکاندن و پەنجە جوولاندنەوە و جوولە و هەڵسوکەوتێکی تۆ لەڕیی سکرین، هەڵدەسەنگێنێ، هەر گومانێکت لێ بکات، پۆلیسی پشکێنەر ئاگادار دەکاتەوە، بەبێ ئەوە تۆ پێبزانیت.

(٣)یەک دوو پرسیار: لە خاڵی کارت وەرگرتن یان لە خاڵی پشکنین، جار هەیە یەک دوو پرسیاری ئاساییت لێدەکرێ، وەک: بۆ سەفەر دەکەی؟ لە کوێ دادەبەزی؟ چەندت پێدەچێ؟ لەڕاستیدا، وەڵامەکانت هیچ بایەخێکیان نییە، پرسیارکەرەکە دەیەوێ بتدوێنێ، بە مەبەستی وەدەستهێنانی هێندێ زانیاریی کە خۆی گەرەکیەتی، وەک شێوەزارەکەت، کاردانەوەکەت، شێوان و تێکچوونت. بەبێ ئەوەی تۆ بزانی مەسەلەکە چییە.

(٤)پشکنینی جانتاکەت بەدزیەوە: دوای ڕادەستکردنی جانتاکەت، بۆی هەیە پێش ناردنی بۆ ناو فڕۆکە، جارێکی دیکە پشکنینی بۆ بکرێ، تەنانەت قفڵەکەش بکرێتەوە، ئەوان دەیانەوەی دڵنیا بن کە جانتاکە لە کوێ هاتوە و بۆ کوێ دەچێ. جار هەیە خۆت هەست دەکەی بەرگی جانتاکەت زۆر پیس بوو... تۆنازانی مەسەلەکە چییە.

(٥)بۆنکردن بەسەگ: پێش ناردنی جانتاکان بۆ ناوفڕۆکە، هەمووی جارێکی دیکەش، بە لووتی سەگ دەپشکێنڕێن، سەگ (١٠٠) هەزارجار لە ئێمە بە بۆنتر و لەسەر بۆنی تایبەت ڕاهێنراون.

(٦)دەسماڵی کزر: جارهەیە لە کاتی پشکنین، دەسماڵێکی نەختێک تەڕت دەدەنێ، بۆ ئەوەی ناو لەپتی پێبسڕێتەوە بۆ سکانکردنی ناو دەستت. لەراستیدا، ئەو فێڵە لە تۆی دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن کە دەستت هیچ ماددەیەکی کیمیاوی پێوەیە یان نا! ئەگەر ماددەی کیمیاوی پێوەبێ، ڕەنگی دەسماڵەکە دەگۆڕێت و کەشف دەبێ، سکانکردنەکەی ناو دەستت هەر بۆ چاوبەستنە. تۆ بەوە نازانی.

(٧)خواردنەکان: هەموو ئەو خواردنانەی لە ناو فڕۆکە دابەش دەکرێن، پێش (٨) بۆ (١٠ سەعاتئامادەکراوەن، لە ناو فڕۆکەکە جارێکی دی گەرم دەکرێتەوە. تۆ ئەوە نازانی؟

(٨)چاودێری: لە یەکەم چرکەوە و تا نیشتنەوە و چۆلکردنی، فڕۆکەکەت لەژێر چاودێری (٣) لایەنە: لە ئاسمان، لە تاوەر، لە تریمناڵ. تۆ ئەوەت دەزانی؟
(٩)زێر و زیووەکەت: کارمەندانی فڕۆکەخانە، بەبێ ئەوەی پرسیارت لێبکەن، دەزانن تۆ چەندت زێر و زیوو و شتومەکی گرانبەها پێیە، بەڵام، یاسای هێندێ فڕۆکەخانە ڕێگرە لە پرسیارکردن لەو شتانە. تۆ مافی خۆت تا (١٠) هەزار دۆلارت پێبێ.

لە ناوفڕۆکە: کە دەگەیتە نێو دەرگای فڕۆکە، دوو دوو سێ سی مەچوونە ژوورەوە، چونکە کەنشکێکی خزمەتکار، سەعاتێکی تایبەتی لە نێو دەستدایە، هەر موسافیرێک دەچێتە ژوورەوە، دوگمەیەک دادەگرێ و ژمارەکەی حیساب دەکات، بەوە دەزانێ چەند موسافیر ئامادەن، یان کەس بەجێماوە یان نا. لە ‌هێندێ فڕۆکە ئەمە بە کامیڕای شاراوە دەکرێ. لەناو فڕۆکە لە سەر کورسی خۆت دانیشە، ڕێنماییەکان جێبەجێ بکە. هەمیشە ئارام و هێمن بە و هەوڵمەدە کەسانی غەریب زۆر بدوێنی، چونکە ڕەنگ بێ ئەوان حەز نەکەن.

خواردن و خواردنەوە: لە بەردەمت مێنوی ژەمە خواردنەکان هەیە، پێش نان دانان، بیان خوێنەوە، چیت ویست ئەوە داوابکە، با کەنیشکەکە لەگەڵت ماندوو نەبێ. ئەگەر بەڕۆژوو بوویت، ئاگاداریان بکەوە، تا ژەمی بەربانگت بۆ ئامادە بکەن. لە فرۆشگای فڕۆکەخانە هەمیشە شت گرانترە، ئەگەر لە هەولێر لیترە ئاوێک بە (٢٠) سنت بێ ئەوا لە فڕۆکەخانەکانی قەتەر، بۆ نموونە، بە (٤) دۆلارە، بۆیە ئاساییە شووشەی بەتاڵت پێبێ، بۆخۆت لە شیشمەی دیاریکراوی فڕۆکرخانە پڕی بکەیتەوە لە ئاوی پاک و خاوێن. 

خۆپارێزی و پاک و خاوێنێ: ئەگەرچی فڕۆکەکانی ئەم سەردەمە، جوان دیزاین کراون و جێی سەرسوڕمانن، بەڵام لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەڵێن: ناو فڕۆکە ژینگەیەکی پیسە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هەرچەند جوان پاکبکرێتە و میکرۆبکوژ بکرێت، هەر جێگەی مەترسییە. جار هەیە موسافیری (٨٠) وڵات لەگەڵ تۆن و ڕەنگ بێ تێیاندا بێ نەخۆش بن، جا چونکە فەزای فڕۆکەکە بچووکە، زوو هەواکەی بڵاو دەبێتەوە، باشترە: هەمیشە کەمێک، دوگمەی هەوای ساردکەرەوەی بنمیچەکە بکەیتەوە، تا هەوای دەرەوەت بۆ بێ. بەدەستماڵی میکرۆبکوژ، شتەکانی بەردەمی بسڕەوە، تا پێت دەکرێ، مەچووە ئاودەستی ناو فڕۆکە. پێش سواربوون ئەمە بکە.

هێندێ ڕینمایی سادە: هەمیشە پۆشاکی ئاسایی بپۆشە، حیسابی ئەو شارە بکە کە سەفەری بۆ دەکەی، با خانمان ئارایشت نەکەن، یان زۆر بە کاڵی بیکەن، چونکە گۆڕانی ژینگە و ئاو و هەواکەی، دواتر، دەیشێوێنێ، دەکرێ پێش گەیشتنەجێ، سووکە میکیاژێک بۆ خۆی بکات. قەت هەوڵ مەدە لەگەڵ کارمەندانی فڕۆکەخانە یان لەگەڵ کەنیشکە خزمەتکارەکان، سوعبەت و گاڵتە و مجامەلە بکەی، ئەو کارە نەک پەسند نییە، جار هەیە دەبێتە جێ گومان و چاودێریت دەخرێتە سەر. پاشماوکانت بەجێمەهێڵە، کاتێک کەنیشەکان دێن، بۆ خڕکردنەوەی شتومەکەکان، ڕادەستیان بکە. تا بۆت دەکرێ چا و قاوە و نسکافی مەخۆوە، نە کۆ بەسەرتدا برژێ، باشتر ئەو خوارنەوانە داوابکەی کە لە ناو شووشەن و قووتوون. پێش دابەزین، دڵنیابە هیچت لێبەجێ نەماوە. 

ئەگەر ترانسزێتت هەبوو وە کاتێکی کەمت لەبەر دەستت بوو، پێشتر، کەنیشکەکانی ناو فڕۆکە ئاگادار بکەوە، ئەوان کاری خۆیان دەکەن تا زوو بتگەێننە شوێنی مەبەست. دەتوانی سوود لە ئۆتۆمبیلی نیو فڕۆکەخانە وەرگریت. ئاگادار بە جار هەیە لە کاتی چوونە دەرەوە لە فڕۆکەخانە، کارمەندان، پرسیارت لێدەکەن، یان جانتاکانت دەپشکننەوە، ئەو شتێکی ئاساییە و هیچ مەشێوێ.


هەر کاتێک لە خاڵی پشکنین بووی یان ڕێنمایی بدرێت، نابێ هێدفۆنت لەسەر سەر بێ یان خەریکی مۆبایل بی و ئاگاداری ڕێنماییەکان نەبیت هەرچەند دووبارەش بن.

بۆ ئەوانەی لەسەفەر تێکدەچن دەتوان حەب وەگرن، یان ئەوانەی فۆبیایی فڕینیان هەیە دەتوان، سەیری (ئوتیوب) بکەن یان سەرانی دکتۆری پسپۆر بکەن، پێش سەفەر کردن.

ئەوەشمان لەبیر نەچی، پێگەی جوگرافی کوردستان لە نێوان هەر سی کیشوەرە بایەخدارەکەی جیهان، ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا، بە مەرتەبەی یەکەم دێ، لە هەموو رووێکەوە گونجاو ببێتە ناوەندی فڕۆکەخانەی گەورەی جیهانی شان لەشانی قەتەر و تورکیا بدا و باشتریش بێ... تەنها بە داهاتی ئەو جۆرە فڕۆکەخانە، دەتوانین بژین ... خۆزیا!