نهێنی درۆنی شاهد.. چۆن سیستەمەکانی شێواندن دەبڕێت‌و ئامانجەکانی دەپێکێت؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان بە سەرسامییەوە سەیری ململانێ چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا دەکات، پرسیارێکی تەکنیکی گەورە سەریهەڵداوە: چۆن درۆنی "شاهد"ی ئێرانی، کە تێچوویەکی کەمی هەیە، دەتوانێت بەسەر پێشکەوتووترین سیستەمەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی و شێواندنی (GPS)دا سەربکەوێت و ئامانجەکانی بپێکێت؟


لەجەنگە مۆدێرنەکاندا، جەنگی ئەلیکترۆنی بوەتە گۆڕەپانی سەرەکی، بەڵام درۆنی (شاهد)ی ئێرانی هاوکێشەکەی پێچەوانە کردوەتەوە؛ لەکاتێکدا سوپاکانی جیهان ملیارەها دۆلار لەسیستەمی شێواندنی شەپۆلەکان خەرجدەکه‌ن، ئەم فڕۆکە هەرزانانە بەتێکەڵکردنی مەلەوانیی سەربەخۆ، فرە-مانگی دەستکردو جەستەیەکی ڕادار-مژ، توانیویانە لەتەڵەی جەنگی ئەلیکترۆنی ڕزگاریان بێت‌و بەوردییەکی زۆر ئامانجەکانیان بپێکن، ئەمە تەنها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان نییە، بەڵکو تەحەدایەکی تەکنەلۆژییە کە سیستەمە بەرگرییەکانی توشی شۆک کردوە.

مەلەوانیکردن لەدەرەوەی "GPS"
به‌گوێره‌ى توێژینەوەکانی پەیمانگای "ڕۆیاڵ یونایتد سێرڤسز"، نهێنی یەکەمی ئەم درۆنانە لەوەدایە کە کۆیلەی سیگناڵە دەرەکییەکان نین، درۆنەکە تەنها بۆ چەند چرکەیەک لەکاتی فڕیندا سیستەمی GPS بەکاردەهێنێت، دوای ئەوە پشت بەئامێری (جایرۆسکۆپ) دەبەستێت، ئەمە پێی دەوترێت مانۆڕی سەربەخۆ، واتە درۆنەکە بەبێ هێڵ‌و بەبێ مانگی دەستکرد، خۆی خێرایی‌و ئاراستەکەی دەپێوێت، ئەمەش وادەکات هەر شێواندنێکی ئەلیکترۆنی لەسەر GPS بێکاریگەربێت.

قەڵغانی شەپۆلەکان‌و جەنگی مانگە دەستکردەکان
لەنوێترین گۆڕانکارییەکاندا، درۆنەکان بونەتە خاوەنی سیستەمی ئەنتێنەی زیرەک، ئەم تەکنەلۆژیایە وەک فلتەرێک کاردەکات؛ سیگناڵە دوژمنکارەکان ڕەتدەکاتەوەو تەنها سیگناڵە ڕاستەقینەکانی GPS وەردەگرێت.

ئەوەی زیاتر مەترسیدارە، بەکارهێنانی (فڕە-سیستەم)ە، ئێستا شاهیدەکان تەنها پشت بەسیستەمی ئەمریکی نابەستن، بەڵکو سیستەمی (بیدۆ)ی چینی‌و (گڵۆناس)ی ڕوسی‌و تەنانەت سیستەمی (لۆران)ی کۆنیش بەکاردەهێنن، ئەمەش وایکردوە تێکشاندنیان پێویستی بەشێواندنی دەیان شەپۆلی جیاوازبێت لەیەککاتدا، کە ئەمەش لەتوانای زۆربەی سوپاکانی جیهاندا نییە.

شێوەی جەنگە مۆدێرنەکان‌و مادە بێدەنگەکان
تەنها سۆفتوێرەکەی نییە کە شاهید دەپارێزێت، بەڵکو جەستەکەشی فێڵ لەڕادارەکان دەکات، بەپێچەوانەی فڕۆکە جەنگییەکان کە لەکانزا دروستکراون‌و شەپۆلی ڕادار دەدەنەوە، شاهید لە"پلاستیک‌و فایبەر گڵاس" دروستکراوە، ئەم مادانە شەپۆلی ڕادار دەمژن‌و نایدەنەوە، لەگەڵ بچوکی قەبارەکەیی‌و فڕینی لەبەرزییەکی کەم، وایکردوە ببێتە (تەنی نادیار) بۆ زۆرێک لەڕادارەکان.

ئامارەکان چی دەڵێن؟
ئامارە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بۆ ساڵی 2025 دەریدەخەن کە جەنگی ئەلیکترۆنی (شێواندن) توانیویەتی نزیکەی چوار هه‌زارو 600 درۆن پەکبخات، بەڵام زیاتر لەشه‌ش هه‌زار درۆنی دیكه‌ تەنها بەچەکی قورس‌و موشەک خراونەتە خوارەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە شێواندنی ئەلیکترۆنی، بەتەنها ناتوانێت ئەم مێشە بکوژانە ڕابگرێت.

شاره‌زایانى سه‌ربازیى گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى، "وا دیارە درۆنە شاهیدەکان تەنها چەک نین، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتین لەتێگەیشتنی جەنگی مۆدێرن کە تێیدا تەکنەلۆژیای هەرزان‌و زیرەک دەتوانێت بەسەر تەکنەلۆژیای گرانبەهاو ئاڵۆزدا سەربکەوێت".