ئەو دامەزراوە ئەتۆمییەى ئێران کە تواناى بەرگەگرتنى بەهێزترین بۆمبەکانى هەیە

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە چەند ساڵی ڕابردوودا دامەزراوەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان وەک پێکهاتەی سەرەکی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ناسراون، بەڵام وێستگەى ئەتۆمى پیکاکس، لەم دواییانەدا بووەتە جێگەی سەرنجی ستراتیژی نوێ دوای دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ئەمریکاو ئیسرائیل دژ بە ئێڕان. 

شوێنەکە دەکەوێتە نزیک نەتەنز و بەڵام بەراورد بە وێستگە ئەتۆمییەکانى دیکە جیاوازە، چونکە قووڵییەکەى لەنێوان ٨٠ بۆ ١٠٠ مەتر دایە و لەشوێنێکدا هەڵکەنراوە  کە پێکهاتەکەى بەردی گرانیتە کە بە یەکێک لە سەختترین بەردەکان دادەنرێت، ئەمەش وایکردووە بەرگەى بۆمبە سەنگەر شکێنەکانى فڕۆکەی ئەمریکی GBU-57. بگرێت. وێنەکانی مانگی دەستکرد لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چالاکیی چڕیان ئاشکرا کردووە لەم شوێنەدا، لەوانە داکردنى کۆنکرێتی نوێ و دانانى بەرد لە سەرووی دەروازەکانی تونێلەکانەوە، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی بەرگرییەکان و ڕێگریکردنە لە داڕمانی دەروازەکان لە ئەگەری کردنە ئامانجى بە هێرشی ئاسمانی.

تا ئێستا ئامانجی وردی دامەزراوەکە ڕوون نییە. لە کاتێکدا پسپۆڕان سەرەتا پێشبینیان دەکرد بۆ کۆکردنەوەی سەنتەرفیوژەکان بەکارهاتبێت، بەڵام پێکهاتە ئاڵۆزەکەی و هەڵکەندنی بەرفراوان ئەم پڕۆژەیەیان کردووە بە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ، لەوانە پەرەپێدانی دامەزراوەیەکی ئەتۆمی پێشکەوتوو کە ئەستەمە لە ئاسمانەوە بکرێتە ئامانج.

ئەم وێستگەیە پرسیارێکی ستراتیژی هەستیار دەوروژێنێت: ئەگەر لەناوبردنى ئەو وێستگەیە بەهێرشێکی ئاسمانی ئەستەم بێت، ئایا ئۆپەراسیۆنی زەمینی تاکە بژاردە دەبێت؟ بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەى ئەمریکاو ئیسرائیل ڕێگریکردنە لە بەدەستهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو و توانای ئەتۆمی پێشکەوتووی لە لایەن ئێرانەوە و لەو ڕوەوە چیای پیکاکس بەڕەگەزەکى ناوەندی دادەنرێت لەم پلاندانانی داهاتوودا.

ئەم وێستگەیە ئاڵنگارییەکى ڕوونە بۆ توانا سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و جەخت لەسەر ئاڵۆزی هەر هەوڵێک دەکاتەوە بۆ لێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە پارێزراوترین دامەزراوە بەهێزەکانیدا.

بەپەلە