شارپرێس:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای دوو هەفتە لە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران، بە ناردنی هێزی دەستەبژێری مارینز و کەشتیی هێرشبەری وشکاوەکی، ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر کرد، ئەمەش پرسیاری زۆری لەسەر ئامانجەکانی واشنتۆن لە قۆناغی داهاتووی گرژییەکان دروست کردووە.
بەرپرسان و شرۆڤەکارانی سەربازیی ئەمریکی دەڵێن ئەم هەنگاوە تێکەڵەیەک لە ئامانجی ستراتیژیی و دەروونیی لەپشتە، واشنتۆن دەیەوێت توانای وەڵامدانەوەی خێرای خۆی نیشان بدات و کار بکاتە سەر جووڵەکانی ئێران.
هەروەها ئەمە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆزی وشکاوەکیی لە گەرووی هورمز دەبینرێت، کە یەکێکە لە هەستیارترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان. بەپێی زانیارییەکان، یەکەی 31ی مارینز و کەشتیی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" ئاڕاستەی ناوچەکە کراون.
ئەم هێزانە مەشقپێکراون بۆ دابەزینی وشکاوەکیی، پاراستنی باڵیۆزخانەکان و گواستنەوەی مەدەنییەکان. لای خۆیەوە پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەی بەشێک لەم هێزانە داوە کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 5000 سەرباز و دەریاوان.
ڕیچارد وایتز، بەڕێوەبەری ناوەندی شرۆڤەی سەربازیی لە پەیمانگای هەدسن، 4 ئامانجی سەرەکی بۆ ئەم جووڵەیە دیاری دەکات:
یەکەم، دروستکردنی ترس لەلای سەرکردە ئێرانییەکان بە نیشاندانی ئەگەری داگیرکاری. دووەم، ئامادەکاری بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارگ" کە بۆ کەرتی نەوتی ئێران گرنگە.
سێیەم، کۆنترۆڵکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ پێشنیازێکی پوتینی بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ ڕووسیا ڕەتکردەوە.
چوارەم، ئامادەکاریی بۆ هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە لە قۆناغی دوای جەنگ و کۆکردنەوەی پاشماوەی چەکە تەقێندراوەکان.
مارک کێمیت، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێیوایە دەستێوەردانی زەمینیی لە ئێران ئەگەرێکی کراوەیە و ئامانج لێی لەناوبردنی ئەو توانایانەی هێزە ئەمنییەکانە کە لە هێرشە ئاسمانییەکان ڕزگاریان بووە، هەرچەندە ترەمپ بەڵێنی دابوو هێزی زۆر لەسەر زەوی جێگیر نەکات.
لە لایەکی دیکەوە، ماڵکۆم نانس، پسپۆڕی هەواڵگریی، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە ئامانجی سەرەکی کۆنترۆڵکردنی دوورگەکانی گەرووی هورمز بێت.
ئەو دەڵێت ئەم کارە پێویستی بە لانی کەم 6000 مارینز هەیە، بەڵام هۆشداریش دەدات کە هێزەکانی پاسداران و بەسیج ڕەنگە بە هێرشی خۆکوژیی و بۆردومانی چڕ وەڵامی هەر دەستێوەردانێکی لەو شێوەیە بدەنەوە.
