ژمارەیەک لە گوندەکانی سنوری دەربەندیخان رێگای هاتووچۆیان نەماوە

کوردستان

18/01/2022‌ 787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس 
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە لە شاخەکان و بناری شاخەکان، بەشێکی زۆر لە گوندەکانی بنار شاخەکانی بەمۆ و زمناکۆ رێگای هاتووچۆیان نەماوە، داوای بە هاناوەچوون دەکەن. 
لەو بارەیەوە سلێمان سەعید، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان، بە شارپرێسی راگەیاند، دوای بارینی بەفرێکی زۆرلەسنوری قەزاکەماندا بارینی ئەم بەفرە زۆرەش ڕێگای هاتووچۆی نێوان دەربەندیخان وگوندەکانی ناوچەی شەمێران وگوندەکانی زمناکۆ و مۆرتکە و بانی بۆڵان و زارێنی بڕیووە.

قائیمقامی قەزای دەربەندیخان وتیشی" لەڕێگای بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕێگاوبانی سلێمان و بەڕێوبەرایەتی ڕێگاوبانی گەرمیان تیمێکی پاککردنەوەی ڕێگای ڕەوانە ڕێگای ئەوگوندانەکرد، دەستیان راماڵینی بەفرەکە کردووە و گوندەکانی ناوچەی شەمێران و زمناکۆیان پاککراونەتەوە و بەردەوام دەبن لە کردنەوەی ڕێگای ئەوگوندانەی کەبەهۆی بارینی بەفرەوە ڕێگای هاتووچۆیان لێ گێراوە. 

گوندەکانی ناحیەی بەمۆ لە رێگای تەنگی سەرتەکەوە هاتووچۆی تێدا دەکرێت و بەفرێکی زۆری لێباریووە و جگە لەوەی رێگای هاوڵاتیانی ناوچەکەیە، هاتووچۆی بازرگانی مەرزی پشتەش پەکی کەوتووە.