شارپرێس ـ میدیاکان:
ڕاپۆرتی کەناڵە میدیاییەکانی ئیسرائیل ئاشكرایكردوه، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بەدەست نەخۆشیەوە دەناڵێنێت، جهختیشدهكهنهوه، "مەترسی لەسەر ژیانی هەیەو پزیشکە بەناوبانگەکانی ئیسرائیل سەرپەرشتی چارەسەرکردنی دەکەن".
پێگەی وای نێتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سەرۆکی تورکیا، پەنای بردۆتەبەر خزمەتگوزاری پزیشیکی ئیسرائیلیو ئیسحاق شابیرا چاودێریی تەندروستی دەکات، ئهوكهسه پۆستی جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری سوراسکی ههیهو پزیشیکێكى بهناوبانگه لەتەلئەبیب هاوكات بەرپرسی گەشتە تەندروستیەکانە لەو نەخۆشخانەیە.
شابیرا تەنها خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەشی ئەردۆغان ناکات، بەڵکو دەیان سەرکردەی تری جیهان پەنایان بۆ بردوە، بههۆى ئهوهى پسپۆڕێکی بەناوبانگو شارەزایە، بەهۆی ئەوەی سەرۆکی تورکیاش کێشە لەدڵیدا هەیە، هەمان ڕێگای سەرکردەکانی تری گرتۆتەبەر، بەڵام تائێستا بەفەرمی ئەم زانیاریە ڕانەگەیەنراوە.
کێشەی تەندروستی سەرۆکی تورکیا، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، میدیاکانی تەنیبوو، کاتێک لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەردەکەوێت ناتوانێت بەباشی بڕوات، لەبەردەم بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، هاوکارەکانی دەستیدەگرن.
ئەردۆغان تەمەنی 68 ساڵەو پێشتر نەشتەرگەری گەدەی بۆ ئەنجامدراوە، لەساڵی 2011دا، جگەلەوە بەفەرمی هیچ کێشەیەکی تری تەندروستی ئەردۆغان ڕانەگەیەنراوە، بەڵام گومانێکی زۆر هەیە لەبارەی تەندروستی ئەردۆغانەوە، لەسۆشیاڵمیدیاو میدیاکانەوە، زۆر باسیدەکرێت، بەشێوەیەک ناچارکرا لەگۆڕەپانێکی تۆپی دەست یاری بکاتو بەخەڵک بڵێت تەندروستیم باشە.
دواتر ئیسرائیل گۆمەکەی شڵەقاندو میدیاکانی هەواڵەکەیان بڵاوکردەوەو ئاماژهیان بهوهدا، لەهەوڵیشدان لێدوانی دکتۆرەکە وەربگرن بۆ ئەوەی بەئەرێنی یان نەرێنی لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەردۆغانەوە، هەواڵەکە بڵاوبكهنهوه.
لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی تورکیا 30 کەسی چالاک لەسۆشیاڵمیدیایان دەستگیرکردوە، كه ئهوان هەواڵیان لەبارەی تەندروستی ئەردۆغانەوە بڵاوکردۆتەوە، ئەم ژمارەیە تەنها ئەوانەیە کە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا بڵاویکردۆتەوە.
لەبەیاننامەیەکیشدا ئاسایشی نیشتیمانی ئهو وڵاته دەڵێت، "هەندێک کەس سیمبولو ئاماژەی مردنیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڵاوکردۆتەوە لەگەڵ ئاماژەیان بۆ سەرۆکی تورکیا کردوە"، لەبەرئەوەی هەواڵی ناڕاستیان بڵاوکردۆتەوە بۆیە دەستگیرکراونو ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.