شەڕ لەمەتینا قۆناغێكی تری دەستپێكرد

مەلەفی تایبەت

18/04/2022‌ 3837 جار خوێندراوه‌ته‌وه

د. كامەران مەنتك

وەك لەوتارەكەی پێشوومدا دەربارەی دەستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر باشوور پێشبینیمان كرد، دوێنی شەو لەكاتژمێر 9 ئێوارەوە چەندین كۆپتەرو فڕۆكەی شەڕكەری توركیا هێرشیانكردەسەر لوتكەی كوڕەژارو لینكێ، دواتر هێزە سەربازیەكانی توركیا دابەزێنرانە ئەو ناوچەیەو گەریلاكانی پەكەكە ڕووبەڕوویان بوونەوە، ئەو شەڕە تا درەنگانی شەو بەردەوامبوو.


هیچ زانیاریەكی ڕاستەقینەش لەگۆڕەپانی شەڕەكە نییە، وەستان‌و ئەنجامی ئەو شەڕە تائێستا بەڕاستی ڕوون نەبۆتەوە، وەزارەتی بەرگری توركیاش دەڵێت، "ئێمە ئامانجی هێرشەكەمان بەدیهێنا"، گەریلاكانی پەكەكەش دەڵێن:"هێرشەكەی توركیامان تێكشكاند".

لەهەموو حاڵەتەكاندا ئەمە واتای ئەوەیە گەریلاكانی پەكەكە وەڵامی ئەو هێرشەیان داوەتەوەو ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەش خۆی لەخۆیدا ئیرادەو باوەڕێكی بەهێزی گەرەكە، لەبەرئەوەی هیچ بەرابەریەك لەنێوان هەردوو هێزی شەڕكەردا نییە.

شایەنی ئاماژە پێكردنە، ئەو دوو لوتكەیە شوێنێكی ئێجگار ستراتیژین‌و لەڕوانگەی سەربازیەوە ئەو هێزەی كۆنتڕۆڵی ئەو لوتكانە بكات، باڵادەستی سەربازیی خۆی دەسەپێنێتەسەر ناوچەكە بەگشتی‌و تا دەگاتە دەشتاییەكانی موسڵیش.

چڕبوونەوەی ئەو شەڕە سەرەتایەكە بۆ هێرشێكی فراوانتر، واپێدەچێت توركیا ئەوجارە بیەوێت بەپانتایی باشووری كوردستان پڕۆسە سەربازیەكەی بەڕێوەبەرێت، بەپێچەوانەی پڕۆسەكانی تر، كە لەسێ ئاڕاستە جیاوازەوەو هەرجارەی لەئاڕاستەیەكدا هێرشی دەكرد.

لەم چەند ڕۆژەی دادێت ڕەنگ بێت شەڕەكان بپەڕێتەوە ناوچەی برادۆست‌و خواكوڕك‌و دەشتی بەرازگر، كە ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر مەترسیدارە! هاوكات ئەگەری ئەوە هەیە شانبەشانی ئەو هێرشەی سەر باشوور، توركیا پەلاماری ڕۆژئاوای كوردستانیش بدات، بۆئەوەی باشوورو ڕۆژئاوا بەیەكجاری لەیەكتر دابڕێت‌و زنجیرەكانی ناوچەی ئارام لەڕۆژئاواو باشوور بەیەكەوە بلكێنێت.

هەڵوێستی هێزەكانی باشووری كوردستان زۆر لاوازەو تائێستا هیچ هێزێكی باشوور بوێری ئەوەی نەبووە تەنانەت سەركۆنەی ئەو هێرشەش بكات، ئەمەش جێگەی شەرمەزاریەو مێژوو لێیان نابورێت، خەڵكی باشووریش بەمەسەلەی لاوەكیەوە خەریك كراوە، تەنانەت وەك پەرچەكردارێك بەرامبەر دەسەڵاتی كوردی، زۆرینەی خەڵك بایەخ بەدۆخەكە نادات‌و ئامادەن پێشوازی لەهەر داگیركەرێك بكەن، تەنها بۆئەوەی لەكۆڵ ئەو دەسەڵاتە ببنەوە، ئەمەش سەرئەنجامی ئەو شەڕە ڕۆشنبیریی‌و میدیایی‌و دەروونییەیە، كە لەم بەشەی كوردستان دەگوزەرێت، هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن دۆخی كوردستان بەگشتی‌و هەرێم بەتایبەتی لەچاوەڕوانی قۆناغێكی سەختدایە، سەرئەنجامی ئەو قۆناغەش دەوەستێتەسەر چارەنووسی داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی‌و هەرێمی، كە بەداخەوە بەگوێرەی گۆڕانكاریەكان پێناچێت لەبەرژەوەندی كورددا یەكلایی بێتەوەو وەك قۆناغی شەڕی سارد، كوردستان خەریكە دەبێتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی‌و دەكەوێتەوە نێوان بەرداشی زلهێزەكانەوە.