توركیا موسڵ به‌سنوره‌كانى خۆى ده‌به‌ستێته‌وه‌..كێشه‌ بۆ دوو هێزى پارتى دروستده‌بێت

ڕاپۆرت

24/04/2022‌ 12428 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى سوپاى توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمى كوردستان زانیاریی گرنگ هه‌ستیار له‌باره‌ى سوپاى توركیا له‌خاكى هه‌رێم ئاشكراده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "توركیا لوتكەی (كوڕەژارو لینكێ)ی داگیركردو كێشه‌ى بۆ دوو هێزى پارتیش دروستكردووه‌"، ده‌شڵێت:"توركیا دوو لوتكەى داگیركردووه‌ كه‌ لەڕووی ستراتیژیەوە بایەخێكی ئێجگار گەورەیان هەیەو موسڵ بەسنوورەكانی توركیا دەبەستێتەوە".


سه‌ربازانى تورك له‌سه‌ر لوتكه‌ى دوو چیاكه‌ بینران
د.كامەران مەنتك مامۆستای زانكۆو شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و ئاگادار له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى سوپاى توركیا له‌ناو خاكى هه‌رێم ئاشكرایكرد، "چەند ڕۆژێكە بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر لوتكەی كوڕەژارو لینكێ وەستاوە، وەك خەڵكی ناوچەكە، كە لەنزیكەوە ئاگادارن، ئاماژەی پێدەكەن، جوڵەی كۆپتەرو فڕۆكە جەنگیەكان لەسەر ئەو دوو لوتكەیە نەماوە".

ئه‌وه‌شى باسكردووه‌، "دوێنێ سەربازی توركی لەسەر ئەو دوو لوتكەیە بینراون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، كە توركیا لەئێستادا ئەو دوو لوتكەیەی داگیركردووە، نازانرێت لەڕۆژانی ئایندە چی ڕوودەدات‌و ئاڕاستەی شەڕەكە چۆن یەكلایی دەبێتەوە، ئایا پەكەكە دەتوانێت ئەو ناوچەیە لەدەست توركیا دەربهێنێتەوە؟ لەبەرئەوەی شەڕ هەمیشە گۆڕانكاریی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت".

داگیركردنى ئاسان نه‌بوو.. كۆنترۆڵكردنیشى ئاسان نابێت!!
ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌، "هەرچەندە چۆن داگیركردنی لوتكەیەكی وا سەخت ئاسان نییە، بەهەمانشێوە ڕزگاركردنیشی لەدەستی دوژمن كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتیش لەدۆخێكی وەكو ئێستادا كە پەكەكە بەتەنها لەگۆڕەپانی شەڕ جێهێڵراوەو هێزەكانی تری كوردی لەهەموو پارچەكانی كوردستان وەك تەماشاكەرێك سەیری دەكەن".

توركیا موسڵ به‌سنوره‌كانى خۆیه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌
د.كامه‌ران ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "ئەو دوو لوتكەیە لەڕووی ستراتیژیەوە بایەخێكی ئێجگار گەورەیان هەیە، لەباشوورەوە بەسەر دەشتاییەكانی موسڵ‌و لەباكوریشەوه‌ بەسنووری توركیای دەبەستێتەوە، لەكاتێكدا ئەگەر زانیمان بنكەی سەربازی توركیا بەعشیقەش هەیە، بەم چەشنە توركیا بەناوی شەڕی پەكەكە ئەو ناوچەیە لەڕووی سەربازیەوە بەتەواوی ئابڵووقە دەدات‌و موسڵیش بەسنوورەكانی توركیا دەبەستێتەوە!".

خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ هه‌ڵوێستیان چۆنه‌؟
باسى له‌وه‌شكردووه‌، "ئەو داگیركردنەی توركیا تەمی خەمێكی قووڵی خستۆتەسەر ڕووخساری نەك بەتەنها خەڵكی ناوچەكە، بەڵكو ئەو پێشمەرگانەی لەو ناوچەیەش كۆكراونەتەوە، دڵگران‌و خەمبارن".

دوو هێزه‌كه‌ى پارتى چیان به‌سه‌ردێت؟
باسى له‌دوو هێزى سه‌ر به‌پارتیش كردووه‌و ده‌ڵێت:"هێزەكانی زێرەڤانی‌و لەشكری ڕۆژ لەنزیك سەنتەری شارۆچكەكاندا جێگیركراون‌، توركیاش ڕێگەیان نادات لەناوچەی شەڕ نزیك ببنەوە، ئەمەش بەشێوەیەك لەشێوەكان واتای ئەوەیە دۆخی ئەو هێزانەش لەمەترسیدایە، هەرچەندە ئەگەر ڕێككەوتنیش هەبێت، لەكاتی سەركەوتندا لایەنی بەهێز مەرجەكانی خۆی دەسەپێنێت، بۆیە ئەگەری هەیە پەیوەندیەكانی توركیاو ئەو هێزانە دوای ئەو قۆناغە گۆڕانكاریەكی ڕیشەییان بەسەردابێت".

بۆچى چنگى قفڵ؟
سوپای توركیا ناوی لەو هێرشە دوژمنكاریە ناوە چنگی قفڵ، دیارە مەبەستی لەوە ئەوەیە ئەمجارەیان ئامانجەكانی خۆی بەتەوای لەباشووری كوردستان بەدەستبهێنێت، له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ د.كامه‌ران مه‌نتك جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "لەبەرئەوەی ئەو ناوانەی توركیا لەهێرشەكانی دەنێت، ڕەنگدانەوەی ستراتیژی سەربازی توركیایە، بۆنمونە لەساڵی (2019) كاتێك هێرشی گرێسپی‌و سەرێكانی كرد لەڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد، ناوی لەهێرشەكەی نا سەرچاوەی ئاشتی، لەبەرئەوەی لەڕووی ستراتیژیەوە ناوچەكە بایەخێكی گەورەی بۆ پڕۆژەی توركیا لەدروستكردنی ناوچەی ئارام هەبوو".

هه‌مان سیناریۆى ڕۆژئاوا له‌باشور
وتووشیه‌تى:"دواى ئه‌وه‌، ئامانجەكانی خۆیان هێنایەدی‌و هەڕەشەی كوردیان لەڕۆژئاوای كوردستان بەتەواوی بنەبڕكرد، دیارە لەباشووریش هەمان ئامانجیان هەیە، بۆیە لەو هێرشەدا ئامانجی گەورەیان هەیەو دەیانەوێت لەژێر ناوی شەڕی پەكەكەدا مەسەلەی كورد لەباشووری كوردستان بەتەواوی قوفڵ بدەن".

بزانه‌ چه‌ند وڵات هاوكاریی توركیان
سه‌باره‌ت به‌و لایه‌نانه‌ش كه‌ هاوكارى توركیان بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌، د.كامه‌ران ئاشكرایكرد، "ئەو هێرشانەی توركیا لەژێر چاودێری‌و سەرپەرشتی هاوپەیمانی ناتۆو ئەمریكادا بەڕێوەدەچێت، دیارە بێدەنگی ڕوسیاش ئەوەمان بۆ ڕوندەكاتەوە ئەویش ڕەزامەندی لەسەر ئەو ستراتیژە نواندووە، چونكە ناكرێت بێ ئاگاداری ڕوسیا ئەو گۆڕانە ڕیشەییانە لەناوچەكەدا ڕووبدات، ئەمەش بەشێوەیەك لەشێوەكان ئەوە دەگەیەنێت نەخشەی سیاسی ناوچەكە لەبەرژەوەندی توركیا دادەڕێژنەوەو لەسەر حیسابی مەسەلەی كورد سازش لەگەڵ توركیا دەكەن".

"سه‌رله‌نوێ كوردستان دابه‌شده‌كرێته‌وه‌"
به‌بڕواى ئه‌و، "ئەم هێرشانەی توركیا بەشێكە لەپڕۆسەی سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی كوردستان كە زۆر لەدابەشكردنەكەی دوای جەنگی یەكەمی جیهانی مەترسیدارترە، لەبەرئەوەی ئەمجارەیان جگەلەوەی خاكی كوردستان لەخاچدەدەنەوە، ناوچەكەش لەسەر بنەمای دیمۆگرافیش دادەڕێژنەوە، دیارە دۆخی هەرێمی كوردستانیش لەئێستادا زۆر جیاوازە لەقۆناغی بەر لەهاتنی داعش‌و هێنانی شەپۆلی ئاوارەكان بۆ هەرێم كە بەشێك بووە لەو پڕۆسەیە".

په‌یامێك بۆ میدیاى باشورى كوردستان
به‌پێویستى ده‌زانێت، "میدیای كوردی واز لەیەكێتی‌و پارتی‌و مەسەلەی مریشك‌و هێلكەكە بێنێت، ڕاستەوخۆ ڕای گشتی لەو مەترسیانە ئاگاداربكەنەوە، لەبەرئەوەی ئەو دوو حزبە لەئێستادا ئیرادەی سیاسی‌و سەربازی خۆیان بەتەواوی لەدەستداوەو تەنها وەكو دێوجامەیەك بۆ خەریككردنی ڕای گشتی كوردستان وەك قەڵغانێك بۆ ئاڕاستەكردنی توڕەیی خەڵك بەكاردەهێنرێن، ئەگینا ئێستا پڕۆسەكە داگیركاریەكە ڕاستەوخۆ لەلایەن توركیاوە بەڕێوەدەچێت‌و پێویستە خەڵكی كوردستان ئاگاداری ئەو ڕاستیانە بێن".

لە18ی ئەم مانگەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەناوچەکانی چیای كوڕەژارۆو زاپ‌و مەتیناو ئاڤاشین لەئامێدیی دەستپێكردو ئەوەش دوای دوو ڕۆژ بوو لەسەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ تورکیاو کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان‌و سەرۆکی دەزگای میتی ئەو وڵاتە.

ش.هـ