شارپرێس:
وه‌زیرى نه‌وتى عێراق به‌بنبه‌ستگه‌یشتنى دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "زیاتر لە(75) ڕۆژ لەگفتوگۆ‌و دەستپێشخەریی‌و هەوڵ‌و نەرمی نواندنی بەغدا لەگەڵ هەرێم، نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک"، ڕاوێژکارێکی مه‌سرور بارزانیش ده‌ڵێت:"جه‌ختده‌که‌ینه‌وه ناتوانین ئه‌و بڕیارە جێبه‌جێبکه‌ین‌و عێراقیش هەستدەکات ناتوانێت جێبەجێی بکات، ئێمه‌ش ناتوانین پابه‌ندبین پێوه‌ی".
د.بێوار خه‌نسی ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری وزە دەڵێت:"له‌وانه‌یه ئه‌م حکومه‌تە له‌ژێر فشاردا ئه‌م لێدوانانه بدات، ئێمه تکامان لێکردون دەر‌فه‌تێک بده‌ن هه‌ردوو حکومه‌ت (حکومەتی عێراق‌و هەرێم) بێن دابنیشن بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌ی نه‌وت‌و کێشه‌ی پێشمه‌رگه‌و کێشه‌ی گومرگ‌و کێشه‌کانی نێوان به‌غداو هه‌رێم چاره‌سه‌ربکه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی یاسایی".
ده‌شڵێت:"ئێمه جه‌ختده‌که‌ینه‌وه ئه‌و بڕیارە ناتوانین جێبه‌جێبکه‌ین‌و عێراقیش هەست بەوە دەکات ناتوانێت جێبەجێی بکات، ئێمه‌ش ناتوانین پابه‌ندبین پێوه‌ی، چونکه ماده‌کانی ده‌ستوری نه‌وت‌و گازی عێراق ده‌ڵێن ده‌بێت داڕشتنی سیاسه‌تی ستراتیژی نه‌وتی هه‌موو عێراق پێکه‌وه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌کان‌و له‌گه‌ڵ پارێزگاکان، نه‌ک به‌تەنها بۆ خۆیان هه‌موویان یاسایه‌ک بنوسن‌و بچێته په‌رله‌مانی عێراق‌و له‌وێ په‌سه‌ندبکرێت، ئینجا بچێته قۆناغی جێبه‌جێکردن ئێستا ئه‌وان به‌بێ هه‌رێمه‌کان‌و به‌بێ پارێزگاکان یاسایه‌ک لای خۆیان ده‌رده‌که‌ن ده‌ڵێن ئێمه ئه‌و یاسایه جێبه‌جێده‌که‌ین بەبێ ئێوه (هەرێم)، بەڕاستی ئه‌مه پێشێلی ده‌ستوری عێراقه".
باس له‌وه‌شده‌كات، "ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێکی مه‌رکه‌زی ده‌چێت‌و به‌ره‌و مه‌ترسی پاشه‌ڕۆژ ده‌چێت، ده‌سه‌ڵات ده‌بێت دابه‌شبکرێت ده‌سه‌ڵات ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا بێت".
دەشڵێت:"ئەو لێدوانانە بۆ فشارکردنە لەحکومەتی هەرێم، به‌ڵام ئێمه ناچینه ژێر کاریگه‌ری ئه‌و فشارانه، وتومانه ئاماده‌ین له‌گه‌ڵیان دابنیشین بەگفتوگۆو دانوستان کێشەکان چارەسەربکەین ئەوە داواکاری ئێمەیە، بەڵام به‌غدا نایه‌تە پێش بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان به‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ‌و دیالۆگ‌و دانوستان".
ڕاوێژكاره‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى باس له‌قسه‌یه‌كى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ده‌كات‌و ده‌ڵێت:"هەر ئەو وەزیری نەوتەی کە ئێستا قسه ده‌كات پێشتر خۆی وتی گرێبه‌سته‌کان نزیکه‌ی لە80%یان دروست‌و بێ كێشه‌ن".
جه‌ختده‌كاته‌وه، "ئێمه هه‌ستده‌که‌ین متمانه نه‌ماوه له‌نێوان حکومه‌تی هه‌رێم‌و حکومه‌تی فیدڕاڵ، ده‌بێت ئێمه ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ربکه‌ین‌و هه‌وڵبده‌ین سیاسه‌ت واز له‌ئابوری بهێنێت بۆئه‌وه‌ی بتوانین ئیداره‌یه‌کی باش بۆ نه‌وت‌و گازی عێراق بکه‌ین".
خه‌نسى به‌ده‌نگى ئه‌مریكاى وتووه، "ئەو لێدوانەی وەزیری نەوتی عێراق پەیوەندی هەیە بەدۆخی سیاسی عێراقەوە، چه‌ند دۆخه‌که ئاڵۆزتربێت پێشبینیده‌که‌ین ئه‌و لێدوانانه دژوارتریش ببێت، ئه‌وه‌ی وه‌زیرە ده‌ڵێت (دوو سیاسه‌ت هه‌بوون بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ڕێگە پێدراونییە) ئێمه‌ش هه‌ر له‌و وه‌زیره پرسیار ده‌که‌ین له‌حکومه‌تی فیدڕاڵ پرسیارده‌که‌ین له2007 تائێستا کێ به‌رپرسیاره له‌عێراق بۆئه‌وه‌ی دوو سیاسه‌ت هه‌بێت؟ بۆ ئه‌وان ناتوانن تائێستا یاسایه‌کی نه‌وت‌و گاز بۆ هه‌موو عێراقی فیدڕاڵ‌و له‌وانه‌ش بۆ هه‌موو پارێزگاکانی نه‌وت‌و گازیان هه‌یه بۆئه‌وه‌ی پشکداربن؟".
ش.هـ