فشاری پارتى بەردەوامە..یەکێتیی دەیەوێت غاز لەڕێگای بەغداوە هەناردەی دەرەوە بکات

کوردستان

13/05/2022‌ 2135 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی دیموکراتی کوردستان گوشارەکانی بۆسەر یەکێتیی چڕکردۆتەوە بۆئەوەی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی سەوزدا بکات و دواتر لەڕێگای تورکیاوە هەناردەی ئەوروپای بکات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "سەباح"ی حکومیی عێراقیی، پارتی دیموکراتی کوردستان گوشارەکانی بۆسەر یەکێتیی چڕکردۆتەوە بۆئەوەی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی سەوزدا بکات و دواتر لەڕێگای تورکیاوە هەناردەی ئەوروپای بکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، یەکێتیی ئەوەی رەتکردۆتەوە و لەگەڵ ئەوەدایە ڕێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بگیرێت و  هەناردەکردنی غازی ناوچەکانی ژێردەستی لەڕێگای بەغداوە بێت.

رۆژنامە عێراقییەکە کە پشتی بە سەرچاوەیەکی کوردیی بەستووە باسی لەوەکردووە کە پڕۆژەیەک هەیە بۆئەوەی غازی هەرێمی کوردستان لەڕێگای تورکیا یان ئوردنەوە رەوانەی ئەوروپا بکرێت، بەڵام جەختی کردۆتەوە کە ئێران و رووسیا هەرگیز ڕێگە نادەن غازی هەرێمی کوردستان بکرێتە جێگرەوەی غازی ئەوان.

سەرچاوەکە جەختیکردۆتەوە کە بابەتەکە هەر پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپاش پێیەوە پەیوەندیدارن و یاریزانی هەرە گەورەش تێیدا بەریتانیایە کە پاڵپشتتیەکی بەهێزی پڕۆژەیەکە و  ئەو کارە وەک دژایەتییەک بەرانبەر بە رووسیا دەکات.

ئەوەش هاتووە: ئەو ململانێیەی لەنێوان یەکێتیی و پارتیی لەسەر پرسی هەناردەکردنی غاز هەیە، پێناچێت بگاتە ئاستی پچڕانی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەڵکو بە وتەی سەرچاوەکە بەهۆی ئەو نێوەندگیریانەی بۆ نزیککردنەوەی ئەو دوو هێزە بەڕێوەدەچن، رەنگە بیانگەیەنێت بە ڕێککەوتن و لەبەریەککەوتن دووریان بخاتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی