ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى هەرێم دەباتە لێواری لەناوچوون

کوردستان

16/05/2022‌ 1970 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەترسیەکانی سەر قەوارەی هەرێم لە هۆشداریەکەی بلاسخارتەوە بۆ ڕاگەیاندنی مەترسی لەزاری ماتیۆ تۆلەر.

دوێنێ ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە شاری بەغداوە هاتە هەولێری پایتەختی هەرێم و لە کۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە دەزگا میدیاییەکان ئاماژەی بە بونی مەترسی جدی لەسەر قەوارەی هەرێم کرد و دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم کرد و پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدادی بە پەیوەندی نا ئاسایی ناوبرد.

شارپرێس زانیویەتی ماتیۆ تۆلەر لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی لەگەڵ بەشێک لە گەورە بەرپرسانی هەرێم کۆبێتەوەو ڕەنگە لە دیدارەکانیدا هەمان ئەو مەترسیە بخاتە بەرچاوی بەرپرسانی هەرێم و باسی هەستیاری دۆخەکەیان لەگەڵ بکات.

ڕاگەیاندنی ئەم مەترسیانە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لە دوای ئەوە دێت کە لەساڵی ڕابردودا و لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولیر جنین بلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەردەم بەرپرسانی باڵای هەرێمدا ئاماژەی بەبونی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم کرد و رایگەیاند کە پێتان وا نەبێت تا سەر ئەم قەوارەیە بەو شێوەیە دەمێنێت و دەبێت بە زویی کارێک بکەن بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و ئاڵەنگاری و مەترسیەکان تێپەڕێنن.

ئەگەر چی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمیەکانی هەرێم بەشێوەیەکی جدی هۆشداریەکەی بلاسخارتیان وەرنەگرت و هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەنا بە ئاراستەی یەکخستنی نێو مالی کوردی و پێکەوە ڕوبەڕو بونەوەی ئاڵەنگاریەکان، لە بەرامبەردا لەبارەی پرۆسەی نەوتی هەرێم و بەشێک لە یاساو بەندەکانی دەستور و هەنگاوەکانی ئابوری سەربەخۆ و دواتریش بابەتی غازی سروشتیدا دادگای فیدرالێ عێراق ژمارەیەک بریاری توندی لە دژی هەرێم دەرکرد و لە دواین پێشهاتیشدا لە رێگەی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی باکورەوە مەترسی لەشکرکێشی و هێرشی چەکداریی بۆ سەر بەشێک لە بیرە نەوتەکانی هەرێم هاتۆتە ئاراوە کە بە وتەی چاودێران ئەمە مەترسیەکی نوێێەو هاوکاتی بونی ئەو مەترسیەش قسەکانی ماتیۆ تۆلەر جۆرێک لە زەنگی توندی ئاگادارکردنەوەیە بۆ بەرپرسانی هەرێم کە ئەگەر فریای دۆخەکە نەکەون ڕەنگە لە داهاتویەکی نزیکدا ڕوبەڕوی ئاڵەنگاریی توند ببنەوە.

هۆشداریی ئەمریکا ناکرێت وەک هەر هۆشدارییەکی ئاسایی تەماشا بکرێت چونکە ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەو ڕۆلێکی گرنگ و کاریگەرەو بەشێک لە قسە و کردارەکان ئەو یەکلایی دەکاتەوە و هیچ شتێک ناڵێت ئەگەر دڵنیا نەبێت لە بونی ئەو مەترسیە جدییە.

بەشێک لە شارەزایان و و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دۆخی عێراق و گۆرانکاریی لە هاوکیشە سیاسیەکاندا بوەتە مەترسیەکی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕەنگە لە هەرکاتێکدا لە بەغدادەوە کاربکرێت بۆ زیان گەیاندن بە قەوارەی هەرێم ئەگەر نەگاتە ئاستی هەڵوەشانەوەی قەوارەکەش.
لەو چوارچێوەیەدا سەرتیپ جەوهەر ڕۆژنامەنوس و کادری باڵای یەکێتی ئاماژەی بەوەکردوە کە لەدوای شکستی دەستێشخەریی هەرسی لایەنی پارتی و سەدر و سونەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بەر هەڕەشەو مەترسیەکی نوێ کە بە هەرەشەکردن لە دەستبەسەردا گرتنی بیرە نەوتەکانی خورمەڵەو بای حەسەن دەستی پێکردوەو ڕەنگە کار بگاتە جوڵاندنی هێز.

لەلایەکی ترەوە بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری پێشوی یەکێتی پێی وایە بەرپرسان وکاربەدەستانی هەرێم گوێ لەو هۆشداری و ئاگاداریانە ناگرن و قسەکەی ماتیۆ تۆلەریش وەک قسەکەی بلاسخاری بیری خەڵک دەبەنەوەو لەکاری خۆیان بەردەوام دەبن و سەرەنجام هەر قەوارەی هەرێم زیانی لێدەکات.

لەلایەکی ترەوە بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندارد لەبارەی مەترسیەکانی سەر قەوارەی هەرێمە و ڕیکارە نوێکانی بەغداوە دژ بە هەرێم لە توێژینەوەیەکدا باسیان لەوەکردوە کە بڕیاری دادگای فیدڕالی تاپۆیەکی ڕەشە لە گیرفانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا و هەرکات بیانەوێت دەتوانن سەبارەت بە گرێبەست و شێوازی رادەستکردنی نەوت و پرۆسەی دەرهێنانی گازی هەرێم کار بکەن بۆ زیانگەیاندن بە هەرێم و گێرانەوەی ئەو بابەتانە بۆ بەغداد.

ئەگەر چی لە دوای قسەکانی تۆلەر تا ئێستا بەرپرسانی هەرێم هیچ قسەکەیان نەکردوە و باسیان لە مەتریسەکان نەکردوە، ئێستا هەرێمی کوردستان کەوتۆتە قۆناغێکی نوێوە لە بەردەم مەترسیەکی نوێدایەو بە هەموو پێوەرێک پێویستە لەسەر بەرپرسانی بالای هەرێم کە بە خێرایی بیر لە چارەسەر و ڕوبەڕو بونەوەی ئاڵەنگاریەکان بکەنەوە و بۆ ڕوبەڕو بونەوەی ئەو ئاڵەنگاریانەش پێویستە نێو ماڵی کوردی یەک بخرێت و هەموو پێکەوە ڕوبەڕوی ئاستەنگەکان ببنەوە نەک بەو پەرتەوازەیەی کە ئێستا لە نێو ماڵی کوردی و لە نێوان هێزە سیاسیەکان و شەقامی کوردیدا دەبینرێت و تاسەر ئێسقان لە دژی یەک کار دەکرێت.