کێ پێشمەرگە یەکدەخاتەوە؟..نێچیرڤان بارزانى تۆپەکە دەخاتەوە ساحەى پارتى و یەکێتى

کوردستان

23/05/2022‌ 961 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، هۆشدارییە، یاخود تاکتیک؟ هەوڵەکان بۆ دورخستنەوەی دەستی حزب لەناو پێشمەرگە بە با دەچن یاخود مەترسییەکان بەرپرسانی هەرێمی بۆ ئەو پرسە یەکخستووە؟

دوای ماوەیەکی زۆر لە ئاڵۆزبونی پەیوەندی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و شەڕێکی ڕاگەیاندنیی بەردەوامی پارتی و یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و لە مەراسیمێکی سەربازیدا پەیامێکی سیاسیی گەیاندە لایەنەکان.

دوای بەڕێکردنی ماوەیەکی سەخت و پڕ لە ململانێی سیاسی و ڕاگەیاندن، دواجار لایەنە سیاسییەکان کۆکبوون لەسەر ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە و سەرەتاش بە سەردانێکی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسی یەکەمی بەشێک لە لایەنەکان دەستیپێکرد.

لە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیدا کە بەشداریکردنبوو لە  رێورەسمی دەرچوونی خولی شازدەی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، سەرۆکی هەرێم جارێکیتر جەختی لە پێویستی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پارتی و یەکێتی بە یەکجاری دەست لە کاری حزبی خۆیان لە ناو پێشمەرگەدا هەڵبگرن و لە هیچ هەنگاوێکیشیاندا پەشیمان نەبنەوە، ئەمە بێجگە لە جەختکردنەوەی زیاتری وەزیری پێشمەرگە لەو بابەتە و ئاماژەدانی بە گرنگی یەکخستنی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

جەخت کردنەوەی سەرۆکی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە لە یەکخستنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە و دورخستنەوەی دەستی حزب، لە کاتێکدایە کە پێشتریش نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمێکی سەربازی تردا لە زاخۆ بە هەمان شێوە باسی لە گرنگی ئەو پرسە و دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیدا کردبوو.

بە ڕونی ئاماژەی بە گرنگی کۆتاییهێنان بە کاریگەری حزب و دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیدا بۆ هەرێمی کوردستان کردبوو.

ئەمە بێجگە لە هەوڵی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ پێشمەرگە لە

ماوەی زیاتر لە دە ساڵە هەولی یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە دەدرێت، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی بەشێک لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پێشمەرگە بکرێتە هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتوو کە بتوانرێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پیشمەرگەدا کۆبکرێتەوە.

دیاریش نیە ئەم پەیامەی سەرۆکی هەرێم و ئەو جەختکردنەوەیە لەم کاتەدا و لەم سەردانەیدا کە لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییەکاندا کۆبووەوە، تەکتیکیە و مەبەستیەتی کاریگەری ناڕەزایەتی خەڵک و لایەنەکان کەمبکاتەوە، یان دەیەوێت جددیتر لە جاران دەستێوەردانە ڕاستەوخۆکانی پارتی و یەکێتی لە ناو پێشمەرگەدا کەم بکاتەوە.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە مەترسییەکانی ئەم قۆناغەی کە باس دەکرێن لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر زیادی کردووە و بەرپرسانی هەرێمی خستووەتە بەردەم گۆڕانکاری جددی و لە سەرەتاشەوە دەست بۆ گرنگترین و هەستیارترین جومەگە دەبەن کە هێزی پێشمەرگەیە، بەڵام بەهۆی ململانێ حزبی و شەخسییەکانەوە پەرتەوازەیە و هەر هێزە و سەر بە حزبێکی دیاریکراو یاخود بەرپرسێکە.

دیاریش نیە ئاخۆ سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی حزبی و حکومی، دەتوانن ئەو هەنگاوە گرنگە بنێن، یاخود جارێکیتر حزب و کەسایەتییە حزبی و سەربازییەکان ڕێگە نادەن بەو گۆڕانکاریانە و بەرژەوەندییان لە پەرتەوازەیی و ڕێکنەخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگەدایە.

سەرۆکی هەرێم کە خۆی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم و کەسی دوەمی گەورەترین حزبی کوردستانە کە زۆرترین دەستوەردان لەلایەن حزبەکەی و بەرپرسانی حزبەکەیەوە لە نێو هێزەکانی پێشمەرگر کراوە، ئاخۆ دەتوانێت و ئیرادەی ئەوەی هەیە کە چیدی ڕێگە لەو دەسوەردانە بگرێت یان وەک جاران تەنها بانگەشەیەکەو چەند رۆژێک دەورترێتەوەو دواتر هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵناگیرێت.

سەرۆکی هەرێم ئەگەر مەبەستیەتی دەستی حزب و بەرپرسان لە هێزەکانی پێشمەرگە دور بخاتەوە دەتوانێت ئەو کارە بکات، یان لەلایەن بەرپرسانی حزبەکەی خۆی و حزبە هاوبەشەکانیەوە رێگری بۆ دروست دەکرێت و ئاستەنگ لە بەردەم هەنگاوەکانیدا دروست دەبێت و وەک جارەکانی پێشوو ئەو هەنگاوانە تەنها بانگەشەیەکی جێبەجێ نەکراون و هیچی تر؟