شه‌ش كاندید کێبڕکێ ده‌كه‌ن لەسەر وه‌رگرتنى كورسیه‌كه‌ى وه‌زیرى ناوخۆ

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1623 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی چاوەڕوانکراوی عەلی زەیدیی بۆ واشنتۆن‌و دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، لایەنە سیاسییەکانی عێراق لیژنەی ناوخۆییان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی حکومەت پێکهێناوە؛ بەجۆرێک هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەنێوان شەش كاندیدا خەریکی دیاریکردنی وەزیری ناوخۆیە، لەکاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندوە، ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر تەواوکردنی 90٪ی حکومەتەکەو چارەسەرکردنی دۆسیەی چەکی گروپەکان، دەکەوێتە دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیران لەئەمریکا.


سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکردوه‌، ئەو هێزە سیاسییانەی هێشتا بەشە کابینەی حکومیی خۆیان به‌گوێره‌ى شایستەی هەڵبژاردنیان لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تەواونەکردوە، دەستیانکردوە بەپێکهێنانی لیژنەی ناوخۆیی بۆ جیاکردنەوەو لێکۆڵینەوە لەناوی ئەو كاندیدانه‌ى کە ئەو وەزارەتانە بەڕێوەدەبەن کە دەکەونە ناو پشکی حکومیی ئەوانەوە.

سەرچاوەکە وتویه‌تى، "هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، لەڕێگەی لیژنەی ناوخۆیی تایبەت بەدەستنیشانکردنی كاندیدانى وەزارەتی ناوخۆو پێشکەشکردنیان بەسەرۆک وەزیران بۆ هەڵبژاردنی کەسی گونجاو، لەئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەژیاننامەی (سیڤی) شەش كاندید کە ناوى عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری پێشوو و فەریق قاسم عەتا لەنێو ناوه‌كاندان، بەڵام تێپەڕاندنی كاندیدبونى قاسم عەتا قورسە بەهۆی هەبونی ڤیتۆی ناوخۆیی‌و هەرێمی، سەره‌ڕای بەردەوامیی گوشاری هەندێک لایەن بۆ تێپەڕاندنی".

به‌وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، "لیستەکە كاندیدانى تەكنۆكراتیش لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا ئەفسەرێک بەپلەی فەریق کە بڕوانامەی دکتۆرای هەیەو لەمیلاکی وەزارەتی ناوخۆیەو مێژویەکی گەورەی لەخزمەتی ئەمنی‌و سەربازیدا هەیە، لەگەڵ چەند كاندیدێكى سەربەخۆ".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، "هەمان شت بەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵاشدا جێبەجێدەبێت کە دەکەوێتە چوارچێوەی شایستەکانی دەوڵەتی یاسا، لەکاتێکدا وەزارەتی لاوان‌و وەرزش دەبێتە پشکی ڕەوتی حیکمەو وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیش، دەدرێتە فراکسیۆنی سادقون".

بەگوێرەی زانیارییه‌كانى سەرچاوەکە، "پێشبینیدەکرێت نزیکەی 90٪ی کابینەی حکومەت پێش سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا تەواو بکرێت، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهێنان بەدۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی چەکی گروپەکان بەشێوەی کۆتایی، ئەم دۆسیەیەش بەشێوەیەکی یاسایی چارەسەردەکرێت‌و دەسەڵاتی دادوەری ڕۆڵی دەبێت لەچارەسەرکردنیدا".

لای خۆیشیانەوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، تەواوکردنی پێکهاتەی وەزاریی حکومەتەکەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی بەئەنجامی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بەستوەتەوەو ده‌ڵێت، "یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان، پێش گەڕانەوەی لەواشنتۆن جێبەجێناکرێت"، ئەمەش به‌گوێره‌ى لێدوانی په‌رله‌مانتار عامیر فایز كه‌ هاوكات یه‌كێكیشه‌ له‌سەرکردەكانى چوارچێوەی هەماهەنگی.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی زەیدیی بۆ واشنتۆن لەناوەڕاستی ئه‌م مانگه‌دا، لەسەر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە وەک وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە سەیردەکرێت بۆ کێشانی نەخشەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو واشنتۆن.

به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی میدیاى عێراقى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، زەیدیی لەماوەی سەردانەکەیدا باسی دۆسیە ئابوریی‌و وەبەرهێنانەکان دەکات کە دیارترینیان ئازادکردنی دەستەبەری دارایی (کەفالە)ی بلۆککراوی عێراقە لەلایەن ئه‌مریكاوه‌ کە بەنزیکەی 30 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، لەگەڵ دۆسیە ئەمنی‌و سیاسییەکانی پەیوەست بەداهاتوی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات.