موژدەیەکی خۆش لەبارەی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەوە

تەندروستی

10/06/2022‌ 445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی نوێی کە لەسەر سامپڵێکی بچووکی تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجامدراوە، دەرکەوتوە کە سەرجەم بەشداربووەکان بەتەواوەتیی لەنەخۆشییەکەیان چاکبوونەتەوە و بەسەر گرێ شێرپەنجەییەکانیاندا زاڵ بوون.

ئەو دەرمانەی لەو تاقیکردنەوە کلینیکییەدا بەکارهێنراوە پێیدەوترێت "dostarlimab" و ناوە بازرگانییەکەشی بریتییە لە "Jemperli"کە بەگشتیی بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان بەکاردەهێنرێت، بەڵام تاقیکردنەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە دژ بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵەش زۆر کارایە.

ئەم ئەنجامە سەرەتاییانە ئاماژەی ئەوەیان بەدەستەوەداوە کە چارەسەرەکە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کاریگەرە، وەک تیمی توێژینەوەکەش ڕایانگەیاندووە ڕەنگە ئەوە یەکەم تاقیکردنەوە بێت کە تێیدا هەموو نەخۆشانی شێرپەنجە چاک ببنەوە.

لەوبارەیەوە، لویس دیاز جونیۆر، پزیشکی پسپۆڕی بواری شێرپەنجە لە سەنتەری شێرپەنجەی میمۆریال سلۆن کیتەرینگ وتویەتی: "پێموایە ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی شێرپەنجەدا ئەمە ڕووبدات".

جێگای سەرنجە کە ئەم سامپڵە تەنها 12 نەخۆشی لەخۆگرتبوو، کە هەموویان گرێ سێرپەنجەییەکانیان بازدانێکی جینیان هەبوو کە پێی دەوترێت (MMRd)، لەکاتێکدا ئەو جۆرە نەخۆشانە بۆ چارەسەرکردنیان دەبێت پێش دەرهێنانی گرێ شێرپەنجەییەکە بخرێنە ژێر چارەسەری کیمیاییەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی