له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسیه‌كانى په‌لاماردانى كوردستان هێزێكى كوردى ئاماده‌باشى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ڕاگه‌یاند

کوردستان

11/06/2022‌ 9832 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی "ئانادۆڵ'ی تورکی دیمەنی ڕاهێنانی سەربازیی گرووپە چەکدارییە سورییەکانی سەر بەئەنکەرە بەناوی "سوپای نیشتیمانیی سوریی" بڵاوکردۆتەوە کە بەشێکە لەئامادەکارییەکانی پلانی تورکیا بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان، هه‌سه‌ده‌ش ئاشكرایده‌كات، "تواناى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى توركیاو گروپه‌كانى سه‌ر به‌توركیامان هه‌یه‌".


ئاژانسەکە بڵاویکردۆتەوە، فەیلەقی سێیەمی سەر بەسوپای نیشتیمانیی سوریی نمایشێکی سەربازیی لەشاری ئەعزازی نزیک شارۆچکەی تەلڕەفعەتی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە کە یەکێکە لەو ناوچانەی، بەرپرسانی تورکیا بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە، نیازی داگیرکردنیان هەیە.

ئەنادۆڵ لەڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەکردووە، سوپای نیشتیمانیی سوریی (لەچەندین گرووپی سوریی لایەنگریی ئەنکەرە پێکدێن) لەسێ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رابردووی سوپای تورکیا بۆ داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان‌و باکووری سوریا، هاوکاریی ئەنکەرەیان کردووە.

لەماوەی ڕابردوودا تورکیا بەردەوام لەسەر زاری گەورە بەرپرسەکانییەوە هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ بۆسەر ناوچەکانی مه‌نبه‌ج‌و تەلڕەفعەت لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، ئەویش بەئامانجی دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنیی بەقوڵایی 30 کیلۆمەتر لەناو خاکی سوریا.

هاوکات مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەدوایین دەرکەوتنی خۆیدا لەمیدیاکاندا داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد گوشاری زیاتر بخاتەسەر تورکیا بۆ ئەوەی ناچاربکرێت بەڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2019وە پابەندبێت.

ڕاشیدەگەیه‌نێت، ئەگەر تورکیا هەوڵبدات پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستان بدات‌و دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت، ئەوا هەسەدە هێزی ئەوەی هەیە ڕێگری لێ بکات.