ئۆکرانیا مۆسیقای ڕوسیی قەدەغە دەکات

هەمەڕەنگ

20/06/2022‌ 192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی هێرشی سەربازیی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا، ئاستی دژایەتیکردنی یەکتر گەیشتۆتە ڕادەیەک ئۆکرانییەکان بەیاسا، گوێگرتن لەگۆرانی‌و مۆسیقای ڕوسیی قەدەغە بکات.

لەو چوارچێوەیەشدا، یارۆسلاڤ جیلیژنیاک پەرلەمانتاری ئۆکرانیا لەڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لەتێلیگرام ڕایگەیاند، مۆسیقای ئەو هونەرمەندانەی کە ڕەگەزنامەی ڕوسییان هەیە لەشوێنە گشتییەکانی ئۆکرانیا قەدەغە دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئۆکرانیا پڕۆژەیاسایەک لەوبارەیەوە پەسەندکرا.

لەبەیاننامەی ڕوونکردنەوەی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە کە "بەرهەمی مۆسیقای دەوڵەتێکی دەستدرێژیکار (دەتوانێت) کاریگەری لەسەر هەستی جوداخوازیی هاوڵاتیان دابنێت".

لەبەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، "مۆسیقای ڕوسیا دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەدەستهێنانی ناسنامەی ڕوسیی سەرنجڕاکێشتربێت،کە ئامانجیش لێی لاوازکردنی دەوڵەتی ئۆکرانیایە".

پڕۆژەیاساکە تەنها ئەو هونەرمەندانە لەقەدەغەکە بەدەرکردووە کە بەئاشکرا ئیدانەی لەشکرکێشی ڕوسیایان بۆ سەر ئۆکرانیا کردووە، بۆئەوەش دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا لیستێک لەمجۆرە بەدەرانە دروستدەکات.

هەروەک ئۆکرانیا هاوردەکردن‌و دابەشکردنی کتێب‌و بەرهەمە چاپکراوەکانی دیکەی لەڕوسیاو بێلاڕوس‌و ئەو ناوچانەی کە ڕوسیا داگیریکردووە قەدەغەکرد، هەرچەندە لەساڵی 2016وە هاوردەکردنی کتێب لەڕوسیاوە سانسۆر کراوە.

و: ئاکۆ ئاڵی