پێشمه‌رگه‌ داوایه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى هێزه‌كه‌ى سوپاى عێراق ده‌كات

کوردستان

27/06/2022‌ 3245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ داوا له‌و دوو فه‌وجه‌ى سوپاى عێراق ده‌كات كه‌ له‌سنورى ناوچه‌كانى قادر كه‌ره‌م‌و خورماتوو جوڵه‌یان كردووه‌و له‌پێشمه‌رگه‌ نزیك بوونه‌ته‌وه‌ هه‌رچى زووه‌ بكشێنه‌وه‌ شوێنه‌كانى خۆیان.


عەمید ڕوكن عادل جەبار نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لەفەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق به‌میدیاى یه‌كێتى وتووه‌، "جوڵەپێكردنی دوو فەوجی سوپای عێراق، پێشمەرگەى نیگه‌رانكردووه‌، چونكه‌ ئەو سنورەی كە هێزەكانی عێراقی تیا جوڵە پێكراوە، هیچ هێزێكی جێگیری تێدانییە".

ده‌شڵێت:"بۆیە بەپێی ڕێككەوتنی هەرێم‌و بەغدا، هەر ئۆپراسیۆنێك لەلایەن پێشمەرگە یان سوپای عێراقەوە، دەبێت لایەنی بەرامبەر ئاگاداربكرێتەوە، یان دەبێت بەهاوبەشی ئەنجامبدرێت".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ وتى:"ئەم ئۆپه‌راسیۆنەی بەرەبانی 25ی حوزەیران لەباكوری خۆرهەڵاتی خورماتوو، سوپای عێراق وەزارەتی پێشمەرگەی ئاگادارنەكردووەتەوە، بەو هۆیەشەوە هێزەكانی پێشمەرگە داوا لەدوو هێزەكەی عێراق دەكەن بگەڕێنەوە سنورەكانی خۆیان".

ش.هـ