شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ڕۆژئاواییەکان، دەسەڵاتدارانی ئێران لەچوارچێوەی هەڵمەتی پاککردنەوەی دەزگا ئەمنییو سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، بەنهێنیی بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانیان بەتۆمەتی سیخوڕییکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکردووە، ئەویش دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لەماوەی ڕابردودا توانیی چەندین زاناو فەرماندەی سەربازییو کەسایەتیی دیاری ئێرانیی لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا بكاته ئامانج.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا کە پشتی بەلێدوانی چەند بەرپرسێکی ئێرانیی بەستووە، لەماوەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران حەمید عەلی ناسری فەرماندەی ڕێکخراوی بەرەنگاربونەوەی سیخوڕیکردنی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانیان بەتۆمەتی سیخوڕکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکردووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دەستگیرکردنی ناسری دوای ئەوەدێت، دوو مانگ لەمەوبەر دەیان کارمەندی بەرنامەی پەرەپێدانی موشەکیی وەزارەتی بەرگریی ئێران بەگومانی دزەکردنی زانیارییە نهێنییە سەربازییەکان" لەنێویاندا نەخشەی دیزاینی موشەکەکان، بۆ ئیسرائیل دەستگیرکران.
ماوەی دوو ساڵە ئیسرائیل بازنەی هێرشەکانی لەناوخۆی ئێراندا فراوانکردووە، لەوانە هێرشکردن بۆسەر بنکە ناوەکییو سەربازییە هەستیارەکان کە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسە لەپاراستنیان، ئەوە جگە لەتیرۆرکردنی دەیان زاناو کەسایەتییو فەرماندەی سەربازیی ئێرانیی.