گه‌ریلا هه‌ڕه‌شه‌ى شه‌ڕ بردنه‌ ناوشاره‌كان ده‌كات

کوردستان

02/07/2022‌ 5622 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فه‌رمانده‌یه‌كى باڵاى گه‌ریلا داواده‌كات، كوردان له‌ناوشاره‌كانى توركیاو باكورى كوردستان ئیلهام له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌كانى گه‌ریلا دژى سوپاى توركیا ببینن، ده‌شڵێت:"پێویستە بتوانین شەڕ لەهەموو شارەکان بڵاوبکەینەوە"، هۆشداریش به‌پارتى ده‌دات‌و ده‌ڵێت:"باج ده‌ده‌ن".


ئایتەن دەرسیم ئەندامی کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان (پاژک) له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى (مەدیا هابەر) ڕایگه‌یاند، "پێویستە هەموو گەلی کورد بەڕۆحی سەفەربەری بەشداریی هەنگاوی شۆڕشگێڕیی بێت کە تەڤگەری ئازادی کورد دەستیپێکردووە".



ده‌شڵێت:"پێویستە گەلی کورد لەبەرخۆدانی گەریلا ئیلهام وەربگرێت‌و بەرخۆدان فراوانبکات، پێویستە ئێمە ئازادیی مسۆگەربکەین، لەبەرئەوەی پێویستە بتوانین شەڕ لەهەموو شارەکان بڵاوبکەینەوە".

هۆشداریی به‌پارتى دیموكراتى كوردستانیشداو ڕایگه‌یاند، "باش بزانن، خیانەتکاران باجەکەیان دەده‌ن، ئێستا پارتى لەدژی پەکەکە لەگەڵ تورکیا هاوکاری دەکات، پێویستە باشوری کوردستان‌و گەلی کورد ئەم شەڕە قێزەونە باش تێبگەن".

ئه‌وه‌شى وت:"هەر کەسێک سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورک‌و پارتى بکات، هەواڵیان بۆ بنێرێت‌و دەستی لەخوێنی کورد سوربێت، باجەکەی دەدات، چونكه‌ ئەم هێڵی خیانەته‌ لەمێژووی تێکۆشانی پەکەکەدا هیچ کاتێک سەرنەکەوتووە".

ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، "ئاکەپەو مەهەپە کە خاوەن عەقڵیەتی فاشیستن، لەشەڕی دژی پەکەکەدا لەزاگرۆس گەیشتووتە کۆتایی ڕێگە، ئەمە تێکچوونی کۆتاییانە، بۆیەش بەتوڕەییەکی گەورەوە هێرشدەکەنەسەر شنگال، ڕۆژئاوا، مەخمورو باشوری کوردستان".

دەرسیم بۆ تێکچوونی دەوڵەتی تورک لەهەرێمەکانی پاراستنی میدیا وتی، "ئەم شاخانە، شاخی ئێمەن، ئێمە ڕۆڵەی ئەم شاخانەین، هێزێکی چەتە، سەربازانی تورک کە هیچ هێزێکیان نەماوە، ناتوانن لەزاگرۆس بمێننەوە".

ش.هـ