عێراق؛ قۆناخی دڵەڕاوكێ و چاوەڕوانی

مەلەفی تایبەت

04/07/2022‌ 330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: یاسین تەها 
دەرکەوت کشانەوەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان، کشانەوە نییە لە پرۆسەی سیاسی، هەروەها  دوورەپەرێزی و دنیانەویستیش نییە وەك ئەوەی کە سەرەتا بانگەشەی بۆ دەکرا، ئەمەش بەڕوونی لەو پەیام و تویت و هەڵوێستانەدا دیارە کە ناو بەناو لە خودی سەدرەوە یان بەناوی ئەوەوە بڵاودەكرێنەوەو دێنە سەر هێڵی پێشهاتە سیاسی و رێکارە دەستووری و یاساییەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق كە دەمێكە دواكەتووە. هەرچەندە سەدر لە کشانەوەکەیدا دوور نەکەوتووەتەوە، بەڵام دەکرێت لە رەفتارەکانی لە دوای کشانەوەی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، ئەوە بخوێندرێتەوە کە هەنگاوەکەی پەلە بووە، یان چاوەڕێی ئەم ئەنجامەی نەکردووە، هەر ئەمەش بۆچوونێکی لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا گەڵاڵە کردووە کە سەدر لە پەشیمان دەچێت و لێناگەڕێت ركابەرەكانی لەسەر میراتی ئەو، لە سەردەمی فڕینی نرخی نەوت دا بۆ سەروو 110 دۆلار، کێکی حکومەت لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن.

بەر لە دانیشتنی (23ی حوزەیران)ی پەرلەمانی عێراق کە تایبەت بوو بە جێگرتنەوەی پەرلەمانتارەکانی سەدر بە بەربژێرە یەدەگەکانی شیعە، رێبەری رەوتەکە هاتە سەرخەت بۆ هۆشداریدان و بە تویتێک هەوڵیدا دانیشتنەکە پەک بخات، بەڵام پرۆسەکە وەک ئەوەی نەخشەی بۆ کێشرابوو تێپەڕی، ئەوکاتەش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە چوارچێوەی هاوئاهانگی شیعە یەکلابوونەتەوە لە پاڵپشتیکردنی بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، هێرشێکی تووندی کردە سەر بەرهەم ساڵح بە پاساوی واژۆنەکردنی (یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل)، هەروەها خۆی بێبەری کرد لە دۆستایەتی پێشووی لەگەڵی، شتێکی ئاشکراشە كە پەکخستنی یەکلاکردنەوەی خێرای سەرۆک کۆمار، بنبەستە سیاسییەکە وەک خۆی دەهێڵێتەوە و رێگر دەبێت لە هاتنی قۆناخی پاش ئەوە کە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە. کاتێکیش شیعەکان چوونە ناو گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت، لە رێگەی هەژماری وەزیرەکەیەوە (صالح العراقی) بە سێ جار 30 خاڵی لەبارەی هۆکاری کشانەوەی بڵاوکردەوە کە بەشی زۆری هەڕەشەی پەنهانن و تەنانەت تۆمەتبارکردنیشی بە دزی گەورە تێدایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی گرژ لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە رەحم بە هیچیان ناکات و گرنگترین رستەشی ئەوە بوو “سبەی نزیکە”.

سەدر کە خاوەن جەماوەریترین رەوتی شیعەیە و بە زیاتر لە 885 هەزار دەنگ یەکەمی هەڵبژاردنی تشرینی 2001 بووە، ناتوانێت لە دەرەوەی دەسەڵات تەماشاکەر بێت، چونکە بە دوورەپەرێزی رەوتەکەی لە هەزاران پلەی باڵا و دەستکەوت بێبەش دەبن کە سەرچاوەیەکی گەورەی پارەدارکردنی پڕۆژە سیاسییەکەیەتی (البنیان المرصوص)، ئەمەش دەستووری هێزە سەرەکییەکانی دیکەی عێراقە کە سەرجەمیان “لیژنەی ئابووری” و میکانیزمی تایبەتیان هەیە بۆ کەڵک وەرگرتن لە بودجە و پڕۆژەکانی حکومەت، ئەمە جگە لە هەژموونی ئەمنی و کاری قاچاخچێتی، تاوەکو دەگاتە ئاستی وردە بازرگانی بە ئاسنەکوتەی شارە ئازاکراوەکانی دەستی داعشیشەوە.

بە خواستی خۆی بێت یان لەبەر بارودۆخ و هەلومەرج، سەدر لە قۆناخی پاش کشانەوە دەست لە جەماوەر و هەروەها لە جوڵەی سیاسیش بەرنادات، بەڵام ئەوەی كە جۆری ئەو هەنگاوەی کە دەیگرێتە بەر چییە و چۆنە؟ جێگەی مشتومڕ و لێکدانەوە و خەمڵاندنی جیایە. لەشکرە ئەلیکترۆنییەکەی و پەرلەمانتارە پێشووەکانی و ئەوانەی لە رەوتەکەی نزیکن، زوو زوو هەڕەشەی جوڵاندنی شەقام دەکەن. باس لەوەش دەکەن “ئامادەن” و “گۆڕانکاری بەڕێوەیە”، لەڕووی کرداریشەوە فەرماندە و بەرپرسەکانی بەسەر پارێزگاکاندا دەگەڕێن بۆ هاندان و کۆکردنەوەی جەماوەر، بەڵام ترس و دڵەخورتێی رکابەرەکانی لەوە نییە خۆپیشاندان بکات و بەر بە دەروازەکانی ناوچەی سەوز بگرێت، بەڵکو زیاتر لەو سیناریۆ گریمانە کراوەیە کە سەدر ئاستی داواکارییەکانی بەرز بکاتەوە بۆ گۆڕینی سیستم کە مەبەست لێی ئەو دابەشکارییە حیزبی و تائیفییەی ئێستایە، چونکە بەهۆی ئەوەوە دڵی شکا و بە خەونەکەی نەگەیشت؛ “حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی”، کە تێکەڵەیەکی شیعی و سوننی و کوردی بوو دوور لە مالیکی و ئەو باڵە ئێرانیانەی جێگەی مەترسین بۆ سەدر.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەخێرایی هاتنە سەر سفرەکەی سەدر، بەخێراییش میراتەکەیان بەش کرد، بەڵام هێشتا دیدگایەکی روونی یەکلاییان نییە سەبارەت چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە و تارمایییەکانی. هێندەش پەلە بوون لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکەی، كە هیچ چاوەڕێی ئەگەری پاشگەزبوونەوەیان نەکرد، ئەمەش زیاتر سەدرییەکانی تووڕە و دڵشکاو کردووە. هەر ئەمەش ئەگەرەکانی لێکگەیشتنی لەنێوان هەردوولادا ئەستەمتر کردووە و دەرفەت نەماوە بگەڕێنەوە بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ.

سەدر بانگەوازی کردووە بۆ نوێژێکی جومعەی گشتگیر و یەکگرتوو لە شارۆچکەی سەدر لە نێوەڕاستی تەممووز، ئەم وادەیەش دەکەوێتە دوای پشووی جەژن، لەم کاتەشدا لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەنیازی پێکهێنانی حکومەتن. لە کێشمەکێشی ناوخۆیی بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیرانیش دا لەنێو چوارچێوەی شیعی، ناوی نووری مالیکی هەیە، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێی بەریەککەوتن و گرژی لەنێو ماڵی شیعی زیاتر بکات. رەنگە هەر ئەمەش هاندەری عامری بووبێت کە تکا بکات لە مەرجەعیەتی نەجەف ناوبژیوانی شیعە بکات و دەرچەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەوە، مالیکی و بازنە بەرتەسکەکەی، کشانەوەی سەدر بە دەرفەت دەبینن بۆ پەلکێشان و پڕکردنەوەی خێرای بۆشاییەکەی. ئەم ناکۆکییەش وای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە کردووە، ئیشەکانی بەباشی نەچێتە پێش و لەپاش سێ هەفتە لە کشانەوەی سەدر، هێشتا هەر لە قۆناخی دانوستاندنی ناوخۆیی و لیژنە و لیژنەکاریدابن، بەبێ ئەوەی بەفەرمی لەگەڵ پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننەدا بچنە پێش.

رەنگە سەدر بە کشانەوە هەڵەیەکی تەکتیکی گەورەی کردبێت، چاوەڕێی ئەوەشی نەکردبێت بەبێ پرۆسەکە سیاسییەکە یان لانیکەم خولی پێنجەم بەردەوام بێت، بەڵام هەنگاوەکەی لەڕووی ستراتیژییەوە ئۆپۆزیسیۆنێکی راستەقینە و بەهێز و رەزاگرانی بۆ شیعەکان قیت کردووەتەوە کە جگە لە کانێکی دەوڵەمەندی جەماوەری “گوێڕایەڵ” لە بەغدا، خاوەن باڵێکی سەربازی تۆکمەشە (سرایا السلام). ئەمەش وادەکات لە قۆناخی داهاتوودا سەدر نائامادەی هەمیشە ئامادەبێت. رەوشی سیاسیش بەڕووی هەموو ئەگەرێکدا کراوەبێت، سەرەکیترین ئەو ئەگەرانەش کەوتنی ئەم خولەی ئێستایە هاوشێوەی خولی پێشوو، بەڵام هەندێ کەس دۆخەکە بەپێچەوانەوە دەبینن و گرەو لەسەر قەتیسبوونی سەدر و جەماوەرەکەی دەکەن لە دەرەوەی دەسەڵات، هەر کام لەم دوو ئەگەرەش راست دەربچن هیچ لەو راستییە ناگۆڕن کە قۆناخی پاش کشانەوەی سەدر قەت وەک قۆناخی بەشداربوونی لە پرۆسەی سیاسی نابێت، چ رکابەرەکانی هەوڵی لە قاڵبدانی بدەن، یان ئەو لە پرۆڤەی کۆکردنەوەی زۆرترین لایەنگر بەناوی نوێژەوە سەرکەوتووبێت و دواتر دەست بداتە جوڵاندنی شەقام و دەست بکاتەوە بە هەڵدانی دروشمی “شلع قلع”.