4500 فیشەک لەخولەکێکدا.. سیستەمی قەڵغانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2166 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی CNNى ئه‌مریكى، زانیاری سه‌باره‌ت به‌بەرگرییە ئاسمانییە پێشکەوتوەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا ئاشکراکردوە، بەتایبەت کە باڵیۆزخانەکە وەک ئامانجێکی سەرەکی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەئێرانه‌وه‌ سەیر دەکرێت‌و ده‌كرێته‌ ئامانج.


بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی دژە موشەک‌و تۆپخانەو گوللەهاوەن بەکاردەهێنێت کە دەتوانێت لەخولەکێکدا هەزاران فیشەک بتەقێنێت بەمەبەستی پاراستنی دامەزراوەکانی لەهێرشە بەردەوامەکانی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا کە یەکێکە لەگەورەترین نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەجیهاندا، چەندینجار بەموشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.

باڵیۆزخانەکە سیستەمی "C-RAM" بۆ بەرەنگاربونەوەی موشەک‌و تۆپخانەو گوللەهاوەن بەکاردەهێنێت، ئەو سیستەمە لەدەمانچەی (گاتلین)ی عەیار 20میلم پێکهاتوە کە توانای تەقاندنی نزیکەی 4500 فیشەکی هەیە لەته‌نها خولەکێکدا.

سیستەمەكه‌ بەڕادارو هەستەوەرو یەکەکانی پەیوەندیکردن بەستراوەتەوەو لەسەر بارهەڵگرێکی 35 تۆنی جێگیرکراوە، کە ڕێگەی پێدەدات بەئاسانی بجوڵێت‌و ئامانجە هاتوەکان بەخێرایی بدۆزێتەوەو تێکیانبشکێنێت.

فیشەکەکانی عەیار 20 میلم تایبەتمەندی ئەوەیان هەیە کە لەنێوان توانای بڕینی قەڵغانی سوک‌و تەقینەوەدا کۆدەکەنەوە، ئەمەش دەیکاتە ئامرازێکی فرەبەکارهێنان بۆ پێکانی ئامانجە ئاسمانی‌و زەمینییەکان لەمەودای دوو هه‌زار مه‌تره‌وه‌.

به‌گوێرەی ڕاپۆرتەکەى سى ئێن ئێن، لەئەگەرێکدا ئەگەر فیشەکەکان ئامانجەکەیان نەپێکا، خاوەنی میکانیزمێکی خۆتەقاندنەوەن (Self-destruct) بۆ ئەوەی ڕێگریی بکەن لەزیانگەیاندنی ناچاوەڕوانکراو بەدەوروبەر، سیستەمەكه‌ وەشانێکی وەرگیراوە لەسیستەمی بەرگری "Phalanx" کە لەهێزی دەریایی ئەمریکادا بەکاردێت‌و وەک هێڵی کۆتایی بەرگریی کەشتییە جەنگییەکان دادەنرێت دژی موشەکە جوڵاوەکان یان ئامانجە ڕوکەشییەکان.

لەقۆناغە سەرەتاییەکانی جەنگی ئەمریکا لەعێراق ئه‌م سیستمه‌ چوەتە خزمەتەوە بەمەبەستی پاراستنی هێزە وشکانییەکان‌و بنکە سەربازییەکان، واشنتۆنیش ئەو سیستەمەی لەعێراق‌و ئەفغانستان بەکارهێناوە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەم سیستەمە توانیویەتی زیاتر لە2500 هێرشی موشەکی‌و گوللەهاوەن بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەستنیشانبکات‌و هۆشدارییان له‌باره‌وه‌ بدات.