شارپرێس:
ئەو پیاوەی ڕۆژانێک
لەسەر تەختی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان توندترین هێرشیدەکردەسەر دۆناڵد ترەمپ، ئێستا
بوەتە سوارچاکی نوێی بزوتنەوەی ماگا، ڕاپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوەدەكەن، شەپۆلێکی
بەهێز لەناو لایەنگرانی ترەمپدا دروستبوە بۆ گەیاندنی مارکۆ ڕۆبیۆ بەتهختى کۆشکی
سپی لەساڵی 2028.
ڕاپۆرتێكى ڕۆژنامهى
ئیندیپێندتى بهریتانی ئاماژه بهوهدهكات، مارکۆ ڕۆبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا،
تەنها دیپلۆماتکارێکی ئاسایی نییە لەئیدارەکەی ترەمپدا؛ ئەو ئێستا وەک دەستە ڕاستی
سەرۆک دەردەکەوێت.
باس لهوهشدهكات،
بەهۆی سەرکردایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنە هەستیارەکانی وەک لادانی نیکۆلاس مادۆرۆ لەڤەنزوێلاو
ڕۆڵی سەرەکی لەداڕشتنی پەیامەکانی ئەمریکا سەبارەت بەهێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران،
پێگەی خۆی لەناو دڵی لایەنگرانی (سەرەتا ئەمریکا)دا جێگیرکردوە.
ئەو ڕکابەرییە
تاڵەی ساڵی 2016و ئەو سوکایەتییە کەسییانەی لەنێوان ڕۆبیوو ترەمپدا هەبون، ئێستا
بونەتە مێژوو، ڕۆبیو نەک هەر بوەتە وەزیری دەرەوە، بەڵکو لەهەمانکاتدا ئەرکی ڕاوێژکاری
ئاسایشی نیشتمانیو بەڕێوەبەری ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)یشی لەئەستۆگرتوە.
لهلایهكى دیكهوه
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئهمریكى پەردەی لەسەر نهێنییەکی سەرنجڕاکێش لاداوه کە
نیشانەی ئەو دڵسۆزییە بێسنورەیە؛ باس لهوهدهكات، ڕۆبیو ئامادەیە تەنانەت ئەو پێڵاوە
چەرمە (فلۆرشایم)انەش لەپێبکات کە ترەمپ پێشکەشیکردوە، (فلۆرشایم مارکەیەکی ئەمریکی
کۆنو بەناوبانگه کە لەساڵی 1892وە بهرههمهێندراوه)، هەرچەندە قەبارەکەیان بۆ
ئەو گەورەیەو ناڕەحەتی بۆ دروستدەکەن، تەنها بۆ ئەوەی دڵی سەرۆک نەشکێنێت.
وهكو ڕۆژنامه
ئهمریكیهكه باسیكردوه، ئەم جوڵە نوێیەی بەناوی (بانگهێشتکردنی ڕۆبیو بۆ کاندیدبون)،
ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە جێنشینی ترەمپ تەنها لەجی دی ڤانسى جێگریدا کورتنابێتەوە،
ڕۆبیو بەئەزمونە سیاسییەکەییو نیشاندانی دڵسۆزییە ڕەهاکەی بۆ بنەماکانی ترەمپیزم،
خەریکە دەبێتە بژاردەی یەکەمی ئەو جەماوەرەی کە دەیانەوێت ڕێڕەوی ترەمپ دوای خۆشی
بەردەوامبێت.
ئێستا چاودێران
دهڵێن، ئایا ڕۆبیو دەتوانێت ئەم وزە نوێیەی ناو ماگا بقۆزێتەوەو پێڵاوە گەورەکانی
ترەمپ لەساڵی 2028دا پڕبکاتەوە؟ ئاماژەکانیش دەڵێن ئەو ئێستا لەهەموو کاتێک ئامادەترە.
بزوتنەوەی ماگا
کورتکراوەی دروشمە بەناوبانگەکەی دۆناڵد ترەمپە (Make America Great Again ـ ئەمریکا بگەڕێنەوە بۆ
مەزنی)، ئەم بزوتنەوەیە تەنها دروشم نییە، بەڵکو بوەتە ڕەوتێکی سیاسییو جەماوەریی
بەهێز لەناو پارتی کۆماریی ئەمریکادا.
