خارگ ئەو مۆتەکەیەی 40 ساڵە واز لەخەونەکانی ترەمپ ناهێنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەساڵی 1988دا، کاتێک دۆناڵد ترەمپ خەریکی ناساندنی کتێبەکەی بوو بەناوی (هونەری ڕێککەوتن)، کەس بڕوای نەدەکرد بازرگانێکی گەنجی نیویۆرکی، نەخشەیەک لەمێشکیدابێت کە دوای چوار دەیە جیهان بهەژێنێت.


ئەو کات ترەمپ بە"زە گاردیان"ی وتبوو، "ئەگەر فیشەکێک بنرێت بەکەشتییەکانمانەوە، یەکسەر دەچمە ناو جزیرەی خارگ‌و دەستی بەسەردا دەگرم"، دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئەو هەڕەشەیە بوه‌ ڕاستی‌و ترەمپ فەرمانی بەهێزترین بۆردومان لەمێژوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"ی بۆ سەر هەمان جزیرە دەرکرد.

خارگ تەنها پارچە زەوییەکی بچوک نییە لەناو کەنداودا، بەڵکو شا دەماری ئابوریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، زیاتر لە 90٪ی هەناردەی نەوتی ئێران لەو جزیرەیەوە دەڕوات، بۆ ترەمپ، لێدان لەو شوێنە تەنها لێدانێکی سەربازی نییە، بەڵکو بڕینی ئەو سەرچاوە داراییەیە کە تاران بۆ پڕۆژە ناوچەییەکانی بەکاریدەهێنێت.

ترەمپ لەپۆستەکەیدا لەتروس سۆشیاڵ دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئاماژەی بەوەکردبوو، کە "لەبەر هۆکاری ڕەوشتی" هێشتا دامەزراوە نەوتییەکانی نەکردوەتە ئامانج‌و تەنها بنکە سەربازییەکانی تێکشکاندوە.

چاودێران بۆچونیان وایه‌، ئەوه‌ پەیامێکی ڕونی هەڕەشەی هەڵپەسێردراوە؛ واتە ئەگەر ئێران گەروی هورمز ببەستێت، ئەڵماسی تاجەکە (خارگ) بەتەواوی لەسەر نەخشە دەسڕێتەوە.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، تەنها ململانێیەکی سەربازیی کاتی نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ستراتیژییەتێکی کۆنە کە ترەمپ چوار دەیە لەمێشکیدا هێناویەتی، ئێستاش جیهان چاوەڕێی ئەوەیە ببێنێت ئایا ئێران لەبەرامبەر ئەم برینە قووڵەدا پاشەکشە دەکات، یان ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گشتگیرتر دەڕوات؟.

جزیرەی خارگ 34 کیلۆمەتر لەکەناراوەکانی ئێرانەوە دورە، هەندێک لەشیکەرەوە سەربازییەکان وەک لەگۆڤاری TIMEدا هاتوە پێیانوایە، تێکشکاندنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی جزیرەکە لەلایەن ئەمریکاوە، زەمینەسازییە بۆ ئەوەی لەقۆناغی داهاتودا هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەسەر جزیرەکەدا بگرێت، نەک تەنها بۆردومانی بکات.

جزیرەی خارگ ئێستا لەژێر گەمارۆیەکی تونددایە، لایەنی سەربازییەکەی تێکشکێنراوە، بەڵام لایەنە ئابورییەکەی (نەوتەکە) وەک پەتێکی سێدارە لەملی ئابوریی ئێراندایەو ترەمپ تەنها یەک هەنگاوی ماوە بۆ ڕاکێشانی پەتەکە.

نزیکەی 91٪ی ئەو نەوتەی لەخارگەوە دەردەچێت، ڕوەو چین دەڕوات، هەر هێرشێکی دیكه‌ بۆ سەر نەوتی خارگ، دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی چاوەڕواننەکراوی نرخی وزە لەچین‌و سه‌رتاسه‌رى جیهان، لاى خۆیشیه‌وه‌ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە  لە11ى ئه‌م مانگه‌دا بڕیاریدا 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لەیەدەگی ستراتیژیی وڵاتان دەربهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگریی بکات لەبەرزبونەوەی نرخەکان بەهۆی شەڕی خارگەوە.

ئێران پێشتر بەندەرێکی نوێی لەدەرەوەی گەروی هورمز بەناوی (جاسک) دروستکرد بۆ ئەوەی ئەگەر خارگ پەکیکەوت، نەوتەکەی لێوە هەناردەبکات، بەڵام ڕاپۆرتە نوێیەکانی ئه‌مساڵ ئاماژە بەوەدەکەن، بەندەری جاسک هێشتا نەبوەتە جێگرەوەیەکی باوەڕپێکراوو خارگ بەتەنها وه‌ك ترپه‌ى دڵى ئابوریی ئێران ماوەتەوە، ئەم جزیرەیە بەرپرسە لەهەناردەکردنی 90٪ بۆ 95٪ی تەواوی نەوتی خاوی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان.

لەسەرەتای ئه‌مساڵه‌وه‌ ئێران هەناردەی نەوتی لەم جزیرەیەوە بۆ نزیکەی 1.5 بۆ 1.7 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا جێگیرکردوە، هەرچەندە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە هەوڵیدابوو بیگەیەنێتە سێ ملیۆن بەرمیل، خارگ توانای کۆگاکردنی زیاتر لە34 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، لەساڵی ڕابردودا 2025، دوو کۆگای نوێ (ژمارە 25و 26) نۆژەنکرانەوە کە هەریەکەیان ملیۆنێک بەرمیل نه‌وت دەگرن.