شارپرێس:
لەپەرەسەندنێکی
بێ پێشینەدا کە ئاسایشی ناوچەکەو ئابوریی جیهان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت،
سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی گواستنەوەی ڕوبەڕوبونەوەکان دەکات بۆ ئاستێکی نوێ، ڕایدهگهیهنێت،
"ئەمجارە ئامانجەکان تەنها بنکە سەربازییەکان نین، بەڵکو دڵی ئابوری ئەمریکا
لەناوچەکەدا دهخاته ژێر ڕهحمى موشەکەکان".
بهگوێرهى ئەو ڕاپۆرتانەی
لەسەرچاوە هەواڵییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، تاران بڕیاریداوە ستراتیژییەتەکەی بگۆڕێت،
ئامانجی نوێى بریتییە لەپیشەسازییە گەورەکان، کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانو پڕۆژە زەبەلاحەکانی
ئەمریکا لەوڵاتانی ناوچەکە.
سوپاى پاسداران
وتویهتى ئەم هەنگاوە پەیامێکی ڕونە بۆ واشنتۆن كه بەردەوامیی فشارەکان، باجەکەی
تەنها سەربازیی نابێت، بەڵکو ملیارەها دۆلار زیان بەوەبەرهێنانەکانیان دەگەیەنێت.
لههەڕەشەکەیدا
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەدەکات، هێرشەکان لەكاتژمێرهكانى داهاتودا دەستپێدەکەن،
ئەمەش وڵاتانی ناوچەکەی خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، چونکە زۆربەی ئەو پیشەسازییو
کارگانە لەناوجەرگەی ناوچە ئابورییە گرنگەکاندایە.
شارەزایانیش دەڵێن،
ئەمجۆرە هێرشانە ئەگەر جێبەجێبکرێن، بازاڕی وزەو پشکە جیهانییەکان توشی شۆکێکی گەورە
دەکەن.
تائێستا واشنتۆن
بەفەرمی وەڵامی ئەو هەڕەشە نوێیەی نەداوەتەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە،
بەئامانجگرتنی کەرتی مەدەنیو ئابوریی، هێڵی سورەو ڕەنگە ناوچەکە بەرەو جەنگێکی سەرتاسەری
ببات کە تێیدا تەنها چەک قسە ناکات، بەڵکو ئابوریی دەبێتە سوتەمەنیی سەرەکی ئاگرەکە.
