لە شاهیدەوە بۆ لوکاس.. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان گڕ لە شەڕی ئێران و ئەمریکا بەردەدەن

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 32 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەهۆی کەمی تێچوون و توانای بەرهەمهێنانی زۆرەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان گۆڕانکاریان لە شەڕدا دروستکردووە، ئەگەر ئەو جۆرە فڕۆکانە نەبوونایە، ئۆکرانیا نەیدەتوانی بەرگەی باڵادەستی ڕووسیا بگرێت، حوسییەکان لە یەمەن نەیاندەتوانی کەشتیوانی جیهانی پەک بخەن، ئێرانیش سەرەڕای سزاکان و دابڕانی نێودەوڵەتی، نەیدەتوانی هیچ زیانێکی بەرچاو بە سوپای ئەمریکا بگەیەنێت.  بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان یاسای نوێی بەشداریکردنیان لە شەڕدا دیاریکردووە. قەبارە ئیتر گەرەنتی سەرکەوتن نییە. سایتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەر دەوڵەتێک، هێزێکى پڕۆکسی، یان گروپێک کە سەرچاوەی دارایی و بازرگانی هەبێت، ئێستا دەتوانێت زلهێزێک بە هێواشی و تێچووی زۆر و بەبێ وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە لاواز بکات.
تێچوونێکی نابەرامبەر
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید کە تێچووەکەی لەنێوان ٢٠ بۆ ٥٠ هەزار دۆلاردایە، توانایەکى بەهێزى بەئێران بەخشی و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچار کرد لە هەندێک حاڵەتدا بە مووشەکی ڕێگریکەر وەڵام بدەنەوە کە هەریەکەیان ملیۆنان دۆلاری تێچووە. تەنیا لە هەفتەی یەکەمی ئەو شەڕەى لە 28 شوباتى 2026 دەستیپێکرد، تاران نزیکەی دوو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و ئامانجەکانی هاوپەیمانەکانی لە ١٢ وڵاتدا کرد و فڕۆکەخانەکان و هۆتێلە لوکسەکان و ژێرخانی نەوتی ناوچەکەی کردە ئامانج.
لە ١ی ئازاری ئەمساڵدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی ناوەندى بەرگری ئاسمانی و ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنەکانی کوێتى کردە ئامانج و کوژرانى شەش سەربازى ئەمریکاى لێکەوتەوە. سەرچاوەیەک بە سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاندووە: (بە کردەوە هیچ توانایەکمان نەبوو بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان).
پێش جەنگ، شاهید لە مەیدانی جەنگدا تاقیکراوەتەوە. ڕووسیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی هاوردە کرد و تەنانەت کارگەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی تایبەتی خۆی کردەوە دامەزراند.
حوسییەکان لە یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، نمونەى خۆیان لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید دروستکرد و بۆ ماوەی دوو ساڵ هێرشیان پێکردە سەر جوڵەى کەشتیوانی لە دەریای سووردا و پەکیان خست. تەنانەت ئەمریکا ئەندازیاری پێچەوانەی تایبەتی خۆی لە دروستکردنى فڕۆکەی شاهید بەکارهێناو ناوی لێنا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لوکاس کە ئێستا دژی ئێران بەکاری دەهێنێت.
دەریاوان براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) لەم مانگەدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە: کە ئێمە دەستمان بەسەردا گرت، هەڵوەشاندمانەوە، ڕەوانەی ئەمریکامان کرد، لێبڵی دروستکراوی ئەمریکامان لەسەر دانا، هێنامانەوە ئێرە و دژی ئێرانییەکان بەکاریان دەهێنین.
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئۆکرانیا شەڕێکی توندی لە دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهدی ڕووسی ئەنجامداوە و بووەتە پێشەنگ لە بەرپەرچدانەوەیان.
ئاکسیۆس پێشتر ئاشکرای کردبوو کە بەرپرسانی ئۆکرانیا پێش هەشت مانگ پێش دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران تەکنەلۆجیای دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان پێشکەش بە واشنتۆن کردووە. ئیدارەی ترەمپ سەرەتا ئەو پێشنیارەی ڕەتکردەوە بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕ هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە. ئێستا شارەزایانی ئۆکراینی لە کەنداو جێگیرکراون بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. بە گوتەی دان دریسکۆڵ، ئەمریکا ١٠ هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێگریکەری لەجۆرى  MiROPSی ڕەوانەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کە لە ئۆکرانیا بەشێوەیەکى بەرفراوان تاقیکراونەتەوە، نرخی هەر فڕۆکەیەک نزیکەی ١٤ هەزار دۆلار بووە، هەروەها پنتاگۆن ڕایگەیاندووە کە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بە ڕێژەی ٩٥% لە کەمیکردووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆمپانیای ئەکسیۆس، ئۆلێگ ڕۆگینسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تەکنەلۆژیای بەرگری یوفۆرس ڕایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هەرزانەکە تەنها سەرەتایەکە.
ئەمڕۆکە لە سەنگەرەکانی شەڕدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەریایی هێڵەکانی کەشتیوانی کۆنتڕۆڵ دەکەن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاسمانی شوێنپێی ئامانجە زەمینییەکان و فڕۆکەکان دەگرنەوە و ڕۆبۆتی زەمینی قەڵاکان دەشکێنن و لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە هەماهەنگ دەکرێن.
ڕۆگینسکی لەو بارەوە دەڵێت: ئێمە دەچینە ناو کاتژمێری سفری فیلمی تێرمیناتۆرەوە، کە تیایدا سیستمیکان بە شێوەیەکى سەربەخۆیانە سەرکەوتنی بەکۆمەڵ بەسەر مرۆڤەکاندا بەدەست دەهێنێت.

سەرچاوە: من «شاهد» إلى «لوكاس».. المسيّرات تشعل حرب إيران وأمريكا