شارپرێس:
لەڕوونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە دوای ئەوەی لە گەڕەکی (ئاری - شۆڕش) لە شاری هەلێر ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە مامۆستایەکی زانکۆ بەناوی (دکتۆر دلێر ساڵح) سەرۆکی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سەڵاحەددین، کوژراوە و تەرمەکەی و ماڵەکەشی سوتێنراوە، بۆیە هەر زوو توانیمان ناسنامەی تۆمەتبار دەستنیشان بکەین بەناوی (ز. ع. ح. ع) خەڵکی دیالەو لەدایکبووی (٢٠٠٥).
لەڕونکردنەوەکەی پۆلێسدا هاتووە، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان تۆمەتبار دوای کوشتی (دکتۆر دلێر) ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە و کاتژمێر (٣٩: ١٢) خولەک هەولێری جێهێشتووە.
دەشڵێت، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵ بەتایبەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کەرکووک و دیالە، کاتژمێر (٣٠: ٥) خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ تۆمەتبار لە بازگەی (خان بەنی سەعد) لە دیالە بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەوە دەستگیر کرا. دواتریش هەماهەنگی کرا بۆ ئەوەی تۆمەتباری بکوژ بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان ڕادەستی دادگا بکرێت.