سەڵاحەدین دەمیرتاش: دوای هەڵبژاردنەکانى ٢٠٢٣ ئەکەپە نامێنێت

کوردستان

13/07/2022‌ 524 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە لە ساڵی ٢٠١٦ وە لە زیندانە لەنامەیەکدا دەڵێت" دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی تورکیا لە حوزەیرانی ٢٠٢٣ حزبێک نامێنێت بە ناوی ئەکەپە".

دەمیرتاش لەو نامەیەدا رایگەیاندوە"سەرەڕای ئەو هەموو گەندەڵی، نەبوونی و ستەمە، بەپێی راپرسییەکان ئەم پارتە هێشتا ٣٠٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، ئەی چی روودەدات و دوای هەڵبژاردن پەرت دەبێت؟ ئەم دوکانە دادەخرێت؟ دوای هەڵبژاردن (هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی حوزەیرانی ٢٠٢٣) حزبێک بە ناوی ئاکپارتی نەمێنێت، بە ئەگەری زۆریش نامێنێت. زۆر بانگەشەکارانە هاتە بەرچاوتان؟ حەقی خۆتانە".

هەروەها دەمیرتاش پێیوایە کە لە ئێستاوە ئیتر ئەکەپە حزبێکی خاوەن 'گوتارێکی رەوا" نییە و بێگوتارە. ئەو کەسانەی بڕوایان بەو گوتارە هەبوو دەمێکە لە کەشتییەکە دابەزیون. ئەوانەی ماونەتەوە، ئەو کەسانەن کە بێگوتارن و هیچ ئایدۆلۆژیایەکیان نییە.

هەروەها دەمیرتاش باس لەوە دەکات کە ئەو کەسانەی ئاکپارتییان لەسەر پێ هێشتبووەوە، خاوەن گوتاری پارتەکە بوون ئیتر ئەکەپە خاوەن ئەو کادرانە نییە بەتایبەت ژنان، کە ٣٦٥ رۆژی ساڵ ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند دەگەڕان و خەڵکیان رێکدەخست، گرنگییان بە خەڵک دەدا، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکیان دەدا و گوتاری حزبەکەیان رووندەکردەوە، چونکە ئەو کادرانەی باسم کردن دز نین.

سەلاحەدین دەمیرتاش لەنامەکەیدا دەلێت"لە سەرۆکانی گشتیی پارتەکەوە تا وەزیرەکان، لە سەرۆکی لقی شار و شارۆچکەکانی حزبەکەوە تا رێکخەری هەموو ئاست و گەڕەکەکان، ئەوانەی کە لە دزییەوە تێوە نەگلان، لەوە زیاتر بەرگەیان نەگرت و ئاکپارتییان بەجێهێشت".

ناوبراو پێشیوایە کە لە ئێستادا ئەکەپە، جگە لە ناوەندێکی گەورەی دابەشکردنی بەرخۆریی، شتێکی دیکە نییە. لە تەندەری زەبەلاحەوە تا تەندەرێکی وەک پاککردنەوەی نەخۆشخانەی شارۆچکەیەکی بچوک، لە بەندەرە ملیار دۆلارییەکانەوە بۆ دوکانی گەڕەکەکان، لە گەندەڵی دامەزراندن تا ئەو کافێی نێرگەلانەی مۆڵەتی تایبەتیان پێدراوە، لە هەر شوێنێک و هەموو رۆژێک بەرخۆریی دابەشدەکرێت.