کێ گرێیەکەی کۆشکی سەلام دەکاتەوە؟
پارتى و یەکێتى لەبەردەم دووڕیانێکى داخراودا

عیراق

27/07/2022‌ 1404 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای یەکلا بونەوەی هێزە شیعیەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوی عێراق، گفتوگۆکان بۆ خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار گەرمتربوون.

هێزە شیعیەکان باس لەوە دەکەن ئەوان رێککەوتون و ئێستا ئیدی چاوەرێی رێککەوتنی هێزە کوردیەکانن لەسەر یەکلا بونەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئاخۆ بە یەک کاندیدی هاوبەشەوە دەچنە پەرلەمان یان یەکێتی و پارتی کاندیدی خۆیان دەبێت و بە هەڵبژاردن بابەتەکە یەکلایی دەکەنەوە.

لەم نێوەندەدا یەکێتی و پارتی ناوبەناو گفتوگۆیان لەو بارەیەوە هەیەو هەردوولا هاوڕان لەوەی بە یەک کاندیدی هاوبەشەوە بچنە پەرلەمان و کاندیدەکە نوێنەرایەتی کورد بکات، بەلام هەردوکیان بە توندی پیداگرن لە مانەوەی کاندیدەکەیان و دەیانەویت کاندیدی خۆیان بکەنە کاندیدی هاوبەشی هەردوولا.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەر ئاستی باڵاو لە زاری بارزانییەوە بە بافڵ تاڵەبانی گەیاندوە کە بە هیچ جۆرێک رازی نابن بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی دکتۆر بەرهەم سالح بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ چوارساڵی داهاتوو، یەکێتیش تا ئێستا بە هەموو شێوەیەک ئەوەی کردۆتە هێڵێ سور و ئامادە نییە هیچ پاشەکشەیەک لە کاندیدبونی بەرهەم ساڵح بکاتەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە رێگەی قەیس خەزعلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەقەوە رایگەیاند کە ئەوان قەرزاری یەکێتین و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە هەر بەربژێرێک دەکەن کە یەکێتی پشتیوانی بکات، یەکێتی تا ئاستێکی زۆر باش دڵنیاییە لە سەرکەوتنی کاندیدەکەی لە پەرلەمان و پێداگرە لەوەی کە بە هەڵبژاردن یەکلایی بکەنەوە.

پارتی کە هاوپەیمانیی لەگەڵ سەدر و حەلبوسی هەبوو، ئێستا سەدر لە گۆرەپانەکە نەماوەو پارتی و بەشێک لە سونەکان توانای پەکخستنی پرۆسەکەیان نییە، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان کە لە ڕێگەیەکی ترەوە گرفت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دروست بکەن.

نوێترین هەڵوێستی پارتی لەبارەی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمارەوە ئەوەیە کە پارتی پێشنیازی ئەوەی داوەتە یەکێتی کە لە پەرلەمانی کوردستان بابەتەکە یەکلا بکرێتەوەو کاندیدی هەردوولا بخرێتە دەنگدانەوەو پەرلەمانی کوردستان وەک مەرجەعی شەرعی خەڵکی کوردستان هەرکام لە کاندیدەکانی هەڵبژارد ئەو ببێتە کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی.

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند دوای ئەوەی لەو ماوە زۆرەدا پارتی و یەکێتی نەگەشتونەتە رێککەوتن بۆیە پێمان باشە بابەتە بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەوێ کاندیدی هاوبەشی کورد یەکلایی بکرێتەوە.

یەکێتی هەرزوو ئەم پێشنازەی پارتی ڕەتکردەوەو کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند کە ئەوان بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو پێشنیازە نین و پێمان وایە ئەم پێشنیازانە نابنە دەرچە بۆ چارەسەری گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی، ئێمە ڕێگە چارەی دەستوریمان لە بەردەستە کە لە پەرلەمانی عێراق کاندیدەکەمان یەکلایی ببێتەوەو سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند بە نزیکترین کات پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لەبارەی پرسی سەرۆککۆمارەوە کۆدەبنەوەو گفتوگۆی بژاردەکانی بەردەمیان دەکەن.

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند بە نزیکترین کات پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لەبارەی پرسی سەرۆککۆمارەوە کۆدەبنەوەو گفتوگۆی بژاردەکانی بەردەمیان دەکەن.

فەرەیدون عەبدولقادر لە بارەی کێشەی یەکێتی و پارتیەوە لەسەر سەرۆککۆمار ئەوەی ئاشکرا کرد چەند جارێک لەگەڵ خودی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی گفتوگۆی کردوەو هەوڵی نێوەندگیری داوە، بەڵام بە پێی تێگەشتنی ئەو، دۆخەکە هی ئەوە نییە چاوەرێی ریککەوتنیان لێ بکرێت و هەموو ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەن کە لە نێو هۆڵی پەرلەمان بابەتەکە یەکلایی بێتەوە، کە بە بڕوای ئەو ئەوەش لاوازی کورد نیشان دەدات و بۆ داهاتوی خودی سەرۆککۆمار و دۆزی کورد و شایستەکانی هەرێمی کوردستان خراپ دەبێت و دەکرا لە بری ئەو ململانێیەیە پارتی و یەکێتی سەرقاڵی داڕشتنی پرۆژەیەکی نیشتمانی گەورە بونایە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورەتر بۆ هەرێمی کوردساتان.

لەم نێوەندەدا یەکێتی و پارتی لە بەردەم دووڕیانیكی گەورەدان ئاخۆ رێکدەکەون لەسەر میکانیزمێک و پێکەوە دەنگ بە کاندیدی یاکێکیان دەدەن یان بە دوو کاندیدی جیاوازەوە دەچنە پەرلەمان و بە هەلبژاردن بابەتەکە یەکلایی دەکەنەوە یان یەکێتی دەچێتە پەرلەمان و پارتی بایکۆتی پرۆسەکە دەکات؟
هەموو ئەم ئەگەرانە لە رۆژانێکی داهاتوی نزیکدا یەکلایی دەبنەوەو وێنەکە بە ڕوونی دەبینرێت ئەگەر هیچ جوڵەیەکی سیاسی نوێ گۆڕەپانەکە تەمومژاوی نەکات.