ئیخوان موسلیمین: جارێکی تر بیر لەدەسەڵات ناکەینەوە

جیهان

30/07/2022‌ 857 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بزوتنەوەی ئیخوان موسلیمینی میسر کە لەساڵی 2012 لەهەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناو دوای ماوەیەکی کەم لەگرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە لەدەسەڵات دورخرانەوەو قەدەغەکران، لەئێستادا بڕیاریانداوە جارێکی تر ململانێی بەدەستهێنانی دەسەڵات لەو وڵاتە نەکەنەوەو بەهەموو شێوەیەکیش دژ بەبەکارهێنانی توندوتیژیی بن.


ئیبراهیم مونیر هەڵسوڕێنەری کارەکانی ڕێبەری گشتیی بزوتنەوەی ئیخوان موسلیمین لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ڕایگەیاندووە، بزوتنەوەکە جارێکی تر ململانێی بەدەستهێنانی دەسەڵات لەمیسر ناکاتەوە، هەرچەندە خاوەنی پشتیوانییەکی جەماوەریی گەورەو فراوانن لەو وڵاتەدا.

هەرچەندە حکومەتی میسر ئیخوان موسلیمینی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمارکردووەو هەزاران سەرکردەو ئەندام‌و کادیری دەستگیرکردوون‌و دەستی بەسەر ماڵ‌و موڵکەکانیاندا گرتووە، بەڵام مونیر جەختیکردۆتەوە، هەڵوێستی ئەوان دژایەتییکردنی توندوتیژییە، هەروەک بەدوریشی زانیوە لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە جارێکی تر ململانێی بەدەستهێنانی دەسەڵات بکەنەوە.

سەبارەت بەوەی ئایا دوای گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و نزیکبوونەوەی میسرو تورکیا لەیەکتر، ئەنکەرە گوشاری نەخستۆتەسەر ڕێکخراوەکەیان، لەوەڵامدا مونیر ده‌ڵێت:"تائێستا هەست بەهیچ جۆرە گوشارێک ناکەین، هەرچەندە تورکیا مافی خۆیەتی هەر کارێک بکات کە لەپێناو پاراستنی ئەمنییەت‌و سەلامەتی گەلەکەیدابێت".

ئەوەشی وت، "ئیخوان موسلیمین کە لەماوەی چەند دەیەی ڕابردودا تۆڕێک لەڕێکخراوی خێرخوازیی دامەزاندووە، هێشتا لەناو بەشێکی زۆری دانیشتوانی میسر کە لەسەروو سەد ملیۆن کەسەوەیە، خاوەن هەودارێکی زۆرەو هاوسۆزییەکی زۆریان بۆی هەیە".