یاریزانێکی لەشجوانی بەرازیلی بەهۆی خۆکوتان بەدەرزییەک گیانی لەدەستدا

وەرزش

07/08/2022‌ 432 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یاریزانێکی لەشجوانی بەڕازیلی بۆئەوەی لەیادی 55 ساڵەی تەمەنیدا ماسولکەیەکی گەورەتری دەستبکەوێت بەجۆرە دەرزییەکی زەیتی خۆی دەکوتێت، بەڵام ئەنجامەکەی بەکارەسات کۆتایی دێت و دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.

بەگوێرەی رۆژنامەی " دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، ڤلادیر سێگاتۆ چەندین ساڵە لەپێناو ئەوەی ماسولکەی جەستەی گەورە بیت دەرزی سینۆسۆل بەکاردەهێنێت، کە گریماندەکرێت کوشندە بێت و مەترسیی تووشبوون بە سەکتەی مێشک و هەوکردن زیاد دەکات.

سێگاتۆ کە دانیشتووی شاری ساوپالۆ بووە، لە ساڵی 2016 لەچاوپێکەوتنێکدا وتویەتی کە خەڵک بەردەوام پێی دەڵێن هالک و شوارزنەگەر و هی-مان، ئەویش ئەوەی زۆر پێخۆشە"، ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەیەوێت ماسولکەی گەورەتری هەبێت.

باس لەوەدەکرێت کە 6 ساڵ دەبێت ئاگادارکراوەتەوە کە ئەگەر بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی ئەو دەرزییە، ئەوە مەترسیی هەیە تووشی بڕینەوەی پەلەکانی یان تیکچوونی دەمار و شێواندنی ماسولکەکانی ببێتەوە.

لەرۆژی مردنیدا سێگاتۆ بەهۆی لەخۆدانی دەرزییەکەوە باری تەندرووستیی تێکچووە و هەستی بەتەنگەنەفەسی کردووە، بۆیە رووی لەیەکێک لە ماڵە دراوسێکان کردووە و داوای هاوکاریی کردووە، بەڵام دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، کە پێدەچێت تووشی نۆرەدڵێ بووبێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی