وشکەساڵییەکی مەترسیدار دەبێتەوە.. 500 ساڵە ڕوینه‌داوه‌

جیهان

10/08/2022‌ 12225 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمسیۆنی ئەوروپا هۆشدارییدا لەوەی ئەو وشکەساڵییەی لەئێستادا چەند وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپای گرتۆتەوە لەماوەی پێنج سەدەی ڕابردوودا وێنەی نەبووە.


ئەندریا تۆرێتی گەورە توێژەر لەئەنجومەنی توێژینەوەی هاوبەشی سەر بەکۆمسیۆنی ئەوروپا وتویەتی:"لەئێستادا پێدەچێت ئەمساڵ خراپترین ساڵ بێت لەماوەی 500 ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت لەساڵی 2018 خراپترە".

هەروەک وتویەتی:"ساڵی 2018 بەڕادەیەک گەرم بوو کە ئەگەر سەیری پلەی گەرمی 500 ساڵی ڕابردوو بکرێت، ئەوە دەبینرێت هیچ ساڵێک ئەوەندە گەرم نەبووە، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی کەشوهەوای گەرم‌و وشکی چوارساڵی ڕابردوو".

تۆرێتی لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت:"لەمساڵەدا کەشوهەوای وشک‌و گەرم، بەتایبەتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەوروپای بەجێهێشت‌و لەگەڵیدا بەرهەمی دانەوێڵە سەرەکییەکان تا 50% کەمیکرد، بەڵام کەشوهەوای شێدار لەباشووری ئەوروپا وایکرد بەرهەمی دانەوێڵە زیاتربکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ بەپێچەوانەوە زۆربەی ئەوروپا توشی شەپۆلی گەرماو کەشوهەوای وشک دەبن، ئەم گەرماو وشکەساڵییەش کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک‌و وزەو ئاوی خواردنەوەو ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکان دەبێت.

هەروەک توێژینەوەیەکی دەستەی کەشناسیی ئەڵمانی پێشبینیکردووە، ئەوروپا لەداهاتوودا وەرزی وشکەساڵی زیاتری بەسەردابێت.

زانایان ئاماژەیان بەوەکردووە، لەبەهاری ئەمساڵەوە ئەوروپا وشکەساڵییەکی بەربڵاوی بەخۆیەوە بینیوە کە کاریگەری لەسەر ئاستی ئاوو کشتوکاڵ هەبووەو بووەتە هۆی سنوردارکردنی بەکارهێنانی ئاو.

دەستەی کەشناسیی ئەڵمانیا لەپێشبینییەکەیدا باسی لەوەکردووە، بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، لەسەر ئاستی دورمەودا تێکڕای بارانبارین لەناوچەی دەریای ناوەڕاستدا کەمدەبێتەوە.