ڕێكاره‌كانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرا ده‌كرێن

عیراق

12/08/2022‌ 573 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماوەی رابردوودا موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا داوای لە دادگای فیدراڵی کرد لەپێناو کۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربکات، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لەسەر ئاستی شەقام و لایەنە سیاسییەکان درووستکردووە بەوەی ئایا ڕێگا یاسایی و دەستوورییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان چۆنە.


لەوبارەیەوە عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی باسی لەلێدوانێکیدا بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندووە کە بەپێی دەستووری عێڕاقی دەکرێت بێ گرێدانی هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاو بەرەو هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان بنرێت .

تەمیمی دەڵێت: بەپێی ماددەی ٦٤ی دەستوور، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی زۆرینەی رەهای پەرلەمانتاران هەڵدەوەشێتەوە، واتە دەنگی پەنجا کۆ یەکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، ئەویش بە دوو رێگا دەکرێت، یەکەمیان بەداواکاریی سێیەکی پەڕلەمانتاران، واتە ١١٠پەرلەمانتار داواکارییەکی نووسراو بدەنە سەرۆکایەتیی پەڕلەمان، یان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات و سەرۆکی کۆماریش رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت.

تەمیمی هەروەک وتویەتی: ڕێگای دووەم ناکرێت پەیرەو بکرێت، لەبەرئەوەی سەرۆکی حکومەت کاربەڕێکەرە و نە حکومەتی ئێستا و نە سەرۆکی کۆماریش لەلایەن ئەم ئەنجومەنەوە هەڵنەبژێردراون، بۆیە ئەو دوو سەرۆکایەتیی مافی ئەوەیان نییە داواکارییەکی هاوبەش بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێشکەش بکەن.

ئەوەشی وتووە: کەواتە یەک رێگا دەمێنێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەویش ئەوەیە کە ئەنجوومەنەکە خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، واتە بە پێشکەشکردنی داوکاریی نووسراوی سێیەکی پەڕلەمانتاران و رەزامەندی زۆرینەی رەهای پەڕلەمانتاران بەو داواکارییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەکاتی دەنگدانی زۆرینەی رەهای پەڕلەمانتاران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوکات سەرۆک کۆمار داوا دەکات لەماوەی ٦٠ رۆژ دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەڵبژاردنی گشتیی بەڕێوەبچێت، لەوکاتەشدا سەرۆکایەتیی حکومەت لەراییکردنی کارەکانی حکومەت بەردەوام دەبێت تاوەکو حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی