مەسرور بارزانی لەبارەی بۆری ئیفراز سێ بڕیاریدا

کوردستان

13/08/2022‌ 4642 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوژمەیەک پارەی بە بڕی 21 ملیار دینار بۆ پاراستنی بۆری ئاوی ئیفراز سێ تەرخانکرد، بەڵام ئەمڕۆ بڕیاری گۆڕینی بۆرییەکەی دا.

ئەمڕۆ شەممە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی كە لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لێكۆڵینەوەیان لە رێڕەوی بۆرییەكە كرد، بڕیار درا بە درێژایی 11 كیلۆمەتر بگۆڕدرێت".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتیشی: گۆڕینی بۆرییەکە بە فەرمانی مەسرور بارزانی بووە، لە قۆناغی یەكەمدا زیاتر سێ كیلۆمەتر لە وێستگەی مارعۆداوە تاوەكو ناو شاری هەولێر كە زۆربەی شكستەكان لەو شوێنەن دەگۆڕدرێت.

سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی پرۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە وتیشی: بۆ ئەوەی پرۆسەكە بەخێرایی تەواو بكرێت، پرۆژەكە ناخەینە تەندەرین و یەكسەر بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومییەكان پێمان دراوە وا دەكەین یەكەسەر هەر لەم هەفتەیەدا لە ڕێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە دەست بە كارەكان دەكرێت بۆ گۆڕینی بۆرییەكە.