عەبدوڵا ساڵح
کتێبی (( کوردبوون )) لە ساغکردنەوە وبەڵگەمەندکردنی کاک وریا ی ماملێ، کۆمەڵێک بەڵگەی مێژووی سەردەمی پێش دروست بوونی کۆماری کوردستانن لەمهاباد و دوای پێکهاتنی و ئەمجا ڕوخانی ئەو کۆمارە . ئەو دەستنوسانە لەلایەن زیندە یاد کاک(حەمەدی مەولودە چرچی - مەولودیان)، باپیری کاک وریا وە نوسراون کەخۆی، ، یەکێک بووە لە ئەفسەرەکانی سوپای کۆماری کوردستان لە مهاباد.
لەساغکردنەوەی ئەو دەستنوسانەدا، کاک وریا دەستی داوەتە ئەنجامدانی پڕۆژەیەک، وەک دەڵێن " کاری حەزرەتی فیلە "، بەڵام زۆر بوێرانە و ئازایانە، هەر وەک باپیری، لەو جەنگە سەرکەوتوانە و سەربەرزانە هاتۆتە دەر، کۆمەڵێک ڕوداوی زیندوو کردۆتەوە کە بۆ مێژووی خەباتی میللەتی کورد دژی زوڵم و ستەمی نەتەوایەتی جێ وشوێنی تایبەتی خۆی هەیە، ئەوەی دەستنوسەکان نەبینی نازانێ چ ئەرک وزەحمەتێک کێشراوە بۆ دووبارە زیندوو کردنەوەی ئەو مێژووە و دەرهێنانی وەک کتێب.
وریا هەر بەوەش نەوەستاوە کە دەستنوسی باپیری بکاتە کتێب، بەڵکو کتێبەکەی زۆر دەوڵەمەند کردوە بە پەراوێزەکانی کە بەشێکی زۆریان جوگرافیای ئەو ناوچانە بەڕوونی دیاری دەکەن کە ئەو ڕوداوانە تیایاندا ڕویان داوە، وریا پەنا دەباتە بەر نزیک بە ٩٠ سەرچاوە بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەو بەڵگە مێژوویە، هەروەها مامۆستا ساڵح بێچاریش فەرهەنگۆکێکی زۆر پوخت وڕێک وپێکی ئامادە کردوە کە لە دوا لاپەڕەکانی کتێبەکەدایە، جگەلەوەش ئەلبومێکی دەوڵەمەندی وێنەکان بایەخێکی زیاتری بەخشیوەتە ئەم کتێبە ، ئەوە جگە لە ناساندنی بەشێکی بەرچاوی ئەو کەسایەتیانەی لەو کتێبەدا ناویان هاتوە، من لەگەڵ ئەوەی دەستخۆشی زۆر لە خۆی وهەموو هاوکارانی دەکەم بۆ ئەو شاکارە، دەڵێم میراتی زیندەیاد کاپیتان (حەمەدی مەولودی)، دوڕ وگەوهەرێک بوو وریا لەبنی دەریاوە دەری هێناو نەی هێشت وون بێ، میراتێک کە هەرگیز بەماڵی دونیا نانرخێندرێ و بەراورد ناکرێ، میراتێک پڕ لەبەها نەک تەنیا بۆ خۆی و بنەماڵکەی، بەڵکو بۆ ملیۆنەها خەڵکی کوردزمان بەتایبەتی وبۆمێژوو بەگشتی.
بابێمە سەر باسی کتێبەکە
منداڵ بووم کاتێک دەمدی بەبەردەوامی برادەرانی حزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران دەهاتنە ماڵمان و شەوانە لەگەڵ بابم مەجلیسیان گەرم دەکرد، زوربەی هەرەزۆری ئەو بابەتانەی باسدەکران دەربارەی کۆماری کوردستان بوو کە چۆن دروست بوو و بۆ ڕوخا !؟ و هەر ئەو ڕوخانەش وایکرد ئەو برادەرانە بەناچاری بەرەو کوردستانی عێڕاق پەنا بێنن ،بابیشمم یەکێک لەوان کە لە سەرەتایی ساڵی ١٩٤٩ زایینی هاتۆتە قەڵادزێ. باوکم هەمیشە ناوی ( حەمەدی مەولودی ) لەسەر زمان بوو وەک پێشمەرگەیەکی ئازاو چاونەترس و لەخۆ بردوو، پەیوەندی برایانەی باوکم و زیندە یاد کاک حەمەد ، کاتێک ئەو پەڕیوەی شاری باکۆبوو لە سۆڤیەتی ئەوسا و باوکم بۆ قەڵادزێ، هەر بەردەوام بوو، هەر ئەو پەیوەندیە یەکێک لەهۆکارەکانی نزیکی من بوو بە هونەرمەندی نەمر ( محەممەدی ماملێ ) و زیندە یاد ( خوشکە ئامین ) ی کچی کاپیتان، هاوسەری کاک محەممەد و بنەماڵەکەیان کە ئێستاش بەخۆشحاڵیەوە بەردەوامە.
ڕاستیەکەی من تەنیا لە چوارچێوەیەکی گشتیدا مێژووی کۆماری کوردستانم خوێندۆتەوە و بەشێکی ئەو مێژووەشم لەو برادەرانەی حزب گوێ لێبووە کە لێیانەوە نزیک بووم گێڕاویانەتەوە، بەڵام بە خوێندنەوەی (( کوردبوون )) وێنەکەم زۆر بەڕۆشنی هاتە بەرچاو.
1-نوسەر، زیندە یاد ( کاپیتان حەمەدی مەولود - مەولودیان ) وەک کەسێکی تا سەر ئێسقان کورد، بەئەندازەی ئەو نووسین و خوێندنەوە سەرەتاییەی بەدرەنگانێک لەتەمەنی فێری بووە، هاتوە وێنەیەکی ڕاستەقینەی ژیان و خەباتی خۆی کردۆتە تابلۆیەکی ڕوون و ئاشکراو خستویەتیە بەردەم خوێنەر بەزمانێکی سادەو پاراو و بێ ( ڕتوش و تیف تیفە ) کە هیچ شک وگومان بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە لەمەڕ ڕاستی ئەو روداوانە، بەتایبەت کە نزیک بە ٩٠ لە سەدی کەسایەتیەکان و ناوەکانیان و شوێنەکان دیاری دەکاو ئاماژەیان پێدەدا. دەکرێ ئێمە کتێبەکە بکەینە سێ بەش.
یەکەم : دەورانی منداڵی و تراژیدیای ژیانی کولەمەرگی و ڕەنج و عەزاب بەدەست باوە ژنێکی دڵڕەق و بابێکی بێدەربەست، تا ئەو کاتەی حەمەد لەسەر پێی خۆی ڕادەوەستێ و ڕوبەڕوی ئەو هەموو زوڵمە دەبێتەوە و بێمنەت لەو چوارچێوە دێتەدەر. بیریشمان نەچێ زۆر ڕاستگۆیانە دوو ڕوویی و دیماگۆجیەتی هەندێک پیاوی موسڵمان دەخاتە ڕوو کە بەقسە شتێک و بەکردەوە شتێکی کەن، بۆ ئەو ڕاستیەش باوکی بە نمونە دێنێتەوە کە گوایە (سۆفی بوەو لە خواترس)! .
دووەم : پرۆسەی پێکهێنان و دروست بوونی کۆماری کوردستان لە مهاباد تا دەگاتە ڕۆژی ڕوخانی کە ئەوەیان بەشی هەرە گرنگی کتێبەکەیە .
سێ یەم : ژیان ودەربەدەری کاپیتان دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان.
2-لەخوێندنەوەی کتێبەکە، کاپیتان زۆر ڕاستگۆیانە، سادە بەخوێنەر دەڵێ: کۆمەڵگای ئەوکاتی کوردستان کۆمەڵگایەکی چینایەتی بووە، واتە ( دارا و نەدار)ی تێدا بووە، ئەو ڕاستیەی بەداخەوە ئێساش بەناو ڕۆشبیرانی کورد زمان خۆی لێ لادەدەن و وشەی " بەرژەوەندی کورد - کورد دەبێ چ بکا – کورد دەبێ وا بکا ....... " بەکار دێنن! بێخەبەر لەوەی ئەو دەستفرۆشانەی ناو بازاڕەکانی کوردستان، ئەو کرێکارانەی ڕۆژانە لەسەر جادەکان وەستاون بۆ ئەوەی کەسێک کارێکیان پێ بکا ژەمە نانێک بۆخۆیان وخێزانیان دابین بکەن، ئەو خانە نشینانەی لە ڕیزی وەرگرتنی مووچە دواکەوتوەکانیان گیان لەدەست دەدەن، ئەو گەنجانەی خوێندنیان تەواو کردوە وبێ هیوا دانیشتوون، ئەو کۆڵبەرانەی ڕۆژانە لەسەر سنورەکان لێیان دەکوژرێ، ئەوانەی دەبنە خۆراکی ماسی لەدەریاکانداو پەلەی دەربازبوونیانە لە ووڵاتی خۆیان و ..... هییییییییچ، بەڵێ هیچ بەرژەوەندیەکی هاوبەش نایان بەستێتەوە بە ملیۆنێرەکانی کوردستان، هیچ بەرژەوەندیەکی هاوبەشیان نیە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی ئینکاری بوونی خەڵکی هەژار دەکەن بەوەی گوایە لە کوردستان بیست ملێۆن ترومبێل هەیە ! تاکە شتێکی هاوبەشی نێوانیان تەنیا وتەنیا زمانەکەیە و بەس!!
با بێمەوە سەر باسەکە، کاک حەمەد ئاوا ناوی دەوڵەمەندەکانی سابڵاغ دێنێ: ( دێڵە تڕکەنەکان ) کە ئەوانیش بە هەژار و نەدارەکانی وەک کاک حەمەدیان گوتوە ( ڕەجاڵی شاری ) کاک حەمەد لێرەدا دەپرسێ: کامیان فیداکار بوون و کامیان ترسەنۆک، چۆن کاتێک کە جادە پان بووە هەر ئەو ( دێڵەتڕکەنانە ) بە کاپیتان و هاوڕێکانیان گوتوە ( عەمباڵی کوڕی عەمباڵی ) یا ( بڕۆ لاچۆ هەی ڕەجاڵەی سەگباب )! کاپیتان درێژە بە قسەکانی دەدا ودەڵێ ( وەک ئەوان لەزێڕ دروست کرابن و ئێمە لەقوڕ ) ئەمما وەک خۆی دەڵێ: ( چ بکەم دەستی قازی م کوول بوو )!
کاپیتان ئەو ململانێ چینایەتیەی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگای کوردستان زۆر بەڕۆشنی دەخاتە بەردەم خوێنەر وبە ئاشکرا پێمان دەڵێ کە لە ناو " کورد " دا ئەو کات دوو چین هەبووە، بەرژەوەندیان ئاسمان تا زەمین لێک جیاواز و هەرگیز ئەو دووانە نەچوونە قاڵبی " با هەمومان وەک برا بین " ! هەربۆیە چەندین جار کاپیتان بۆسەی کوشتن و لەناوبردنی لەلایەن ( دارا ) کانەوە بۆ نراوەتەوە و تەنانەت ویستویانە بەکەسێکی زەحمەتکێشی ئازاو چاونەترسی وەک خۆی یەک بە یەکیان بە کوشت بدەن . هەر بۆ ڕاستی ئەو شیکردنەوەیە کاپیتان بەئاشکرا دەستی لەسەر چاوی حەقیقەت داناوە و لەیەکێک لە پەرەگرافەکاندا ئەو ناونیشانەی داناوە ( کۆمەڵەی دەوڵەمەندان و کۆمەڵەی کاسب وزەحمەتکێشان )
3-کاپیتان ناو و ڕۆڵی دەیان سەربازی گومناوی زیندوو کردۆتەوە کە نەخشیان هەبووە لە بەرگری لەو کۆمارە و بەسەر وماڵ خۆیان بەخت کردوە، کە بەداخەوە لەکەم نوسراوەدا ئەوانە ناویان هاتوە . ئەوهەرگیز خۆی وەک قارەمانی داستان و ئەوانی کەش وەک پەیڕەو دواکەوتی خۆی باس نەکردوە، ئەگەرچی ئازایەتی وفیداکاری بەوەفایی ئەو قارەمانە، کەس تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە پەردەپۆشی بکا و یەکێک بووە لە وەفادارترین جەنگاوەرانی ئەو مەیدانە تاکە ئامانجیشی، وەک خۆی دەڵێ: "بەرگری لە کورد وخاکی کوردستان بووە".
4-بەشێکی بەرچاوی ئەوانەی مێژووی ئەو ناوچەیەیان نوسیوەتەوە، خۆیان لە ڕاستیەکان لاداوە، چی بە قازانجی سەرکردەکان و باڵادەستەکان بووە ئەوەیان نوسیوە و کەمتر دەستیان بۆ تاوانەکانیان یا فریوخواردنیان ، یا بوونە پاشکەوتەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە، بردووە، بەڵام کاپیتان، چونکە لەڕوانگەی بەرژەوەندی ملیۆنەها خەڵکی دەست کورت و هەژاری وەک خۆی نوسیویەتی خۆشی کەسێکی ساغ و بێگرێ بووە، بۆیە بێترس ئەو کارانە دەخاتە ڕوو، ئەوەتا باسی سمایل خانی سمکۆ دەکا کە چەندە دڵڕەق، ودڕندە و بێوەفاو وپەیمان شکێن بووە، وەک نمونە باسی ( ماری شیمۆن ) ڕابەری کریستیانەکان دەکا کە چۆن دوای مۆرکردنی پەیماننامە لەگەڵیدا، بانگهێشتی دەکا بۆ پایتەختەکەی خۆی ( چارییە) و کاتێک ماری شیمۆن بەخۆی وچل سوارەوە دەبێتە میوانی، سمکۆ بە پیاوەکانی دەڵێ :( کاتێک من تەقەم کرد ئێوەش دەستڕێژ بکەنە سەر سوارەکانی ماریشیمۆن و نەهێڵن یەکیان دەرچن ) !!، ئەوە جگە لە ئیعدام کردنی بەکۆمەڵی دەیان سەربازی دیل لەمهاباد، هەروەها هەمان ڕابەر، واتە سمکۆ وەک کاک حەمەد باس دەکا، مهابادیشی تاڵان کردوە!
5-یەکێک لە هەزاران ڕوداوی ڕاستی ناو ئەو کتێبە دەرباز کردنی مەلامستەفای بارزانی و هاوەڵەکانیەتی کە ١٢ نەفەر دەبن گەمارۆ دەدرێن لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێران، کاپیتان حەمەدی مەولود و هاوەڵەکانی فریایان دەکەون ولەو گەمارۆیە ڕزگاریان دەکەن ، بەڵام بەداخەوە وەک کاپیتان خۆی دەڵێ و گلەیی دەکا ئەوانەی لەو ڕۆژگارەدا ئەو دەربازی کردبوون دواتر قسەی ناخۆشیان پێ گوتبوو
6-هەروەک لە پێشەکیەکەی کاک وریا دا هاتوە، کاپیتان سێ جار ئەو بیرەوەریانەی نوسیوەتەوە ، یەکەمیانی داوە بە د .عزەدین مستەفا ڕەسوڵ کە قەولی پێداوە بۆی چاپ بکا و نەیکردوە! و دووەم جاریش هەروا لەبەین چوە! و سێیەم جار دەست وریا کەوتوە، خوێنەر، لەبەر ڕۆشنایی وون بوونی دوو دەست نووس، بۆی هەیە گومان پەیدا بکا لە فەوتانیان! ئومێدەوارم ئەوکارە بەدەستی ئەنقەست نەکرابێ گومانەکە لەجێی خۆی نەبێ، چونکە کاپیتان ئەوەندە بێ ترس پەردەی لەسەر ڕوداوەکان هەڵداوەتەوە کە نەنگی تێدا بووە، هەم بۆ چینە داراکان و هەم بۆ هەندێک لە ڕابەران وسەرۆک عەشیرەت وئاغاو ئەوانی تر ، جا بۆ ئەوەی لە هەیبەت و شان و شەوکەتی ئەوانە کەم نەبێتەوە کە کاپیتان بە دوژمنی کۆمار حیسابیان بۆ دەکا ڕەنگە هەوڵدرابێ ئەو دەستنوسانە لەناو بچن.
دوا قسەم با ئەو پەرەگرافە بێت کە وریا ماملێ لە پێشەکی کتێبەکەدا نوسیویەتی :
( کاپیتان لەدەستنوسەکانی خۆیدا کۆمەلگای سەردەمی خۆی ڕووت دەکاتەوە ، هەڵیدەتەکێنێ و نهێنیەکانی لەقاو دەدات. دەچێتە ناو ناخی ڕووداوەکان، کەمایەسییەکان، گومانەکان وئازارەکانەوە. کەس هەڵنابوێرێ و ڕاستگۆیانە ئەسکوێ لەبنی مەنجەڵ دەدا و بەڕە لەسەر هەتیو هەڵدەداتەوە )
[1] کووردبوون لاپەڕە ٦٣
[1] کوردبوون لاپەڕە ١٤٢
[1] بڕوانە لە پەڕە ١٨٢ هەمان سەرچاوە
[1] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١٦٨،١٧٦ ، ١٧٩
[1] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١٦٩
[1] هەمان سەرچاوە لاپەڕکانی ٦١ ،٦٢ ، ٨٥ ، ٨٦
[1] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ٢٦٠
[1] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ٣١٤ – ٣١٥
[1] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١٥ – پێشەکی وریا ماملێ