چۆن دەزانی تۆ لەوکەسانەی کە مەترسیی توشبون بەجەڵتەی مێشکت هەیە؟

تەندروستی

13/09/2022‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی خاوەنی گرووپی "A" لەپێش تەمەنی 60 ساڵیدا بەڕێژەی لەسەدا 16 لەکەسانی تر زیاتر مەترسیی توشبون بە جەڵتەی مێشکیان لەسەرە.


بەگوێرەی ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، توێژەران شیکردنەوەیان بۆ داتای زیاتر لەحه‌وت هەزار توشبوی جەڵتەی مێشک‌و 600 هەزار کەسی ساغ کردوە کە لە48 لێکۆڵینەوەی جیاوازەوە کۆکراونەتەوە، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی گروپی خوێنی کەسانی بەشداربوو.

لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتوە کە ئەوکەسانەی خوێنی جۆری Aیان هەیە، لەپێش تەمەنی 60 ساڵیدا بەڕێژەی 16% زیاتر ئەگەری توشبون بەجەڵتەی مێشکیان لەسەرە، لەکاتێکدا گروپی خوێنی Bو AB کاریگەرییەکی کەمیان بۆ توشبون بەنەخۆشییەکە لەسەرە یاخود هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر نییە.

هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ئەوانەی گروپی خوێنیان "O"یە بەڕێژەی لەسەدا 12 کەمتر مەترسیی توشبون بەو گرفتە تەندروستییە مەترسیدارەیان لەسەرە.

لەوبارەیەوە دكتۆر براكستن میچڵ مامۆستای پزیشكیی لەزانكۆی میریلاند كە سەرپەرشتی توێژینەوەكەی كردوە، دەڵێت:"شیكارییەكەمان پەیوەندیی لەنێوان جۆری خوێن‌و مەترسیی زوو توشبون بەجەڵتەی مێشكبۆ دەركەوتوە".

ئەوەشی وتوە، هێشتا نازانین هۆکاری ئەو پەیوەندییە چییە، بەڵام لەداهاتودا کار لەسەر ئەوە دەکەین هۆکاری ئەو پەیوەندییە بەشێوەیەکی باشتر بزانین.

هەروەک وتویەتی:"ڕێنمایی خەڵک دەکەین بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێریی پەستانی خوێنیان بکەن‌و ستایلێکی تەندروستیی ژیان پەیڕەو بکەن".

و: ئاکۆ ئاڵی