دواین ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی ئێران ئاشکرا دەکرێت

کوردستان

26/09/2022‌ 612 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون، گەیشتووەتە لانیکەم ٧٦ کەس و دەستگیرکراوەکانیش لە ژێر ئەشکەنجەدا داوای دانپێدانانیان لێدەکرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە لانیکەم ٧٦ کەس و زۆربەی کوژراوەکان لەژێر فشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا شەوانە بەخاک دەسپێردرێن و بنەماڵەکانیان لەژێر فشاردان بۆ ئەوەی پرسە ئەنجامنەدەن.

ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، نەبون و پچڕانی ئینتەرنێت تا ئێستا ڕێگرە لەبەردەم لێکۆڵینەوە لە ژمارەی کوژراوەکان و زۆرێک لە خێزانەکان هەڕەشەیان لێکراوە بۆ ئەوەی زانیاری بڵاو نەکەنەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداری دەدات، لە ئەگەری ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دەستبەسەرکراوەکان بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ و ڤیدیۆیی.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە نێو ئەو ٧٦ کوژراوەدا لانیکەم شەش ژن و چوار منداڵ هەیە، سەرەڕای ئەو سەرکوتکردنە خوێناوییە، دوێنێش ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون.

ئەو کوشتنانەی تا ئێستا تۆمارکراون لە ١٥ پارێزگای جیاوازەوە تۆمارکراون، کە بریتین لە: مازەندەران ٢٥ کەس، گیلان ١٠ کەس، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ١٠ کەس، کرماشان ٦ کەس، سنە ٦ کەس، بۆرز ٤ کەس، تاران ٣ کەس، کوهگیلویە و بۆیار ئەحمەد ٢ کەس، ئەسفەهان ٢ کەس، خوراسانی ڕەزەوی ٢ کەس، زەنجان ٢ کەس، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ١ کەس، سمنان ١ کەس، قەزوین ١ کەس و ئیلام ١ کەس.

ڕێکخراوەکە دەڵێت تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ڕادیۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرانی ٤١ کەسی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی سەرتاسەری وڵاتدا ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی ١٦ی ئەیلول، ژینا ئەمینی دوای ئەشكەنجەدانی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە گیانی لەدەستداو ئەمەش ناڕەزایی توندی بەدواداهات‌و ماوه‌ی نۆ ڕۆژە خۆپیشاندان ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌و ئێرانی گرتووەتەوە.

س.س