شارپرێس:
نوێنەری کارگەکانی غاز لەسلێمانی هۆشداریدهدات لهسهرههڵدانى قهیرانێكى گهورهى غاز، ڕاشیدهگهیهنێت، "بەڕێوبەرایەتی نەوتو کانزاکانى سلێمانى بهرپرسیارهو هاوڵاتیانیش باجێكى گهوره دهدهن".
کۆچە تاهیر نوێنەری کارگەکانی غاز لەسلێمانی بەشارپرێسی وت، "هەمولایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەینەوە کە بەهۆی ئەم شێوازە خراپەی لەدابەشکردنی غاز لەسلێمانی هەیە ئەگەربێتو بەمشێوەیە بەردەوامبێت سلێمانی توشی قهیرانێکی گەورەی غاز دەبێت، لەبەرئەوەی ئەو بڕە غازەی بۆ پارێزگای سلێمانی دابینکراوە کە 12 تانکەرە کەمەو بەگوێرهى پێویستی هاوڵاتیانی شارەکە نییە".
نوێنەری کارگەکانی غاز ئاماژهى بهوهشدا، "شێوازێكى زۆر خراپو نەگونجاو لەدابەشکردنی غاز لەلایەن بەڕێوهبەرایەتی نەوتو کانزاکانی سلێمانیەوە هەیە، چونكه جیاوازیەکی زۆر لەنێوان کارگەکاندا دەکەنو ئەوبڕەی بۆ ناوشار دابینکراوە کەمیانکردۆتەوەو ناردویانە بۆ دەرەوەی شار".
دهشڵێت، "ئێمە لەگەڵ ئەوەین قەزاو ناحیەکانیش بەپێی پێویستیو ژمارەی هاوڵاتیەکانیان بڕی غازی پێویستیان بۆ دابینبکرێت، بەڵام لەو بڕە نەبێت کە بۆ شاری سلێمانی دابینکراوە".
بۆ ئهوهش داوادهكات، یەکە ئیداریەکان بێ ململانێو جیاوازیی، خزمەت بەهاوڵاتیان بکەن، نەک ببنه هۆكارێك بۆ جیاوازیو دروستكردنى ململانێ.
سهبارهت بهکەمکردنەوەی بڕی غازی سلێمانی زانیاریی زیاترى ئاشكراكردو ڕایگهیاند، "بەڕێوهبەرایەتی نەوتو کانزاکان هەموو کارگەی غازەکانی سلێمانیان کردوە بەههشت تانکەر، لەکاتێکدا کارگە هەیە بهشى خۆی لەدابینکردنی غاز بۆ ناوشاری سلێمانی 9 تانکەر بوەو پێویستی بەبڕێکی زیاتر هەبوە داوایکردوە ئەو بڕەی بۆ زیادبکرێت، بۆئەوەی ئەو بڕە غازەی پێویستە بۆناو شاری سلێمانی دابینی بکات، بەڵام لەلایەن بەڕێوبەرایەتی نەوتو کانزاکانەوە بڕەکەی کەمکراوەتەوەو دراوە بەکارگەکانی دەرەوەی شار".
ئهوهشى ڕونكردهوه، بەهەماهەنگی ئاسایشی ئابوریو لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی توانیویانە بەردەوامی بەو دۆخە خراپەیان بدەنو ڕێگەنهدهن نرخی هەر بوتڵێکی غاز کە ههشت هەزارو 500 دینارە زیاتر بەرزبێتەوە.
هۆشداریشدهدات، لەئەگەری بەرزبونەوەی نرخی غاز لەداهاتودا بەرپرسی سەرەکی، بەڕێوهبەرایەتی نەوتو کانزاکانی سلێمانیە نەک کارگەکان.
نوێنەری کارگەکانی غاز لەسلێمانی ڕۆژى 1ى ئابى ئهمساڵ هۆشداریدا لەسەرهەڵدانی قەیرانی غاز، وهكو نوێنهرهكه بهشارپرێسى وت:"لەلایەن قائیمقامو کۆمپانیای (ساوس کوردستان) تانکەرێک غازمان بۆ زیادکردکراوه".
پارێزگای سلێمانی لەئێستادا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی نەوتو کانزاکانی پارێزگاکەوە 12 تانکەر غازی بۆ دابینکراوە کە لەبەشی پێویسی ناوشار کەمترە، چونکە وهكو ئاماژهى پێكرا، لەوەرزی هاویندا پێویستی ڕۆژانە 300 تۆنو لەزستانیشدا 400 تۆنه، بەڵام لەئێستادا 240 تۆن دابیندەکرێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی کورتهێنان لەنێوان خواستو خستنەڕودا.
ڕۆژانە لەکێڵگەی کۆرمۆر لەقادرکەرەم 1060 تۆن غازی LPG بەرهەمدەهێنرێت، لهو بڕهش 30% بۆ بازرگانیەو لە 70%شى بۆ کارگەکانە، کورتهێنان لەنێوان خواستو خستنەڕودا هەیە، چونکە خواست ڕۆژانە 300 تۆنو خستنهڕوش 240 بۆ 260 تۆنە.
چ.م
