کەمال کەرکوکی: پارێزگاری کەرکوک مافی پارتییە

کوردستان

15/11/2022‌ 587 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەکتەب سیاسییەکى پارتى ڕەتیدەکاتەوە کۆنگرەی 14ى حزبەکەى، ناکۆکی ناوخۆیی حزبەکەی قوڵترکردبێتەوە، دەشڵێت:"کاک مەسرورو کاک نێچیر براو پشتی یەکن"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "پارتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەهی خۆی دەزانێت".


کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگه‌یاند، "پارتی لەدوا هەڵبژاردندا دەنگی یەکەمی لەکەرکوک هێنا، بۆیە پارێزگاری کەرکوک مافی پارتییە، کەسێکی نیشتیمانپەروەر دابنێت‌و ڕێز لەڕای لایەنەکانیش بگیرێت لەدانانیدا".

له‌باره‌ى پرسیارێكى ده‌نگى ئه‌مریكا بۆ مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌ى پارتى ئاخۆ بەچ پێوەرێک پارتی دەنگی یەکەمی کەرکوکی هێناوە، لەکاتێکدا یەکێتی سێ کورسی‌و پارتی دوو کورسی پەرلەمانی عێراقى لەکەرکوک بەدەستهێناوە، کەمال کەرکوکی وتی:"دیلان غەفور بەبێلایەن خۆی کاندیدکرد، نەک یەکێتی، هەرکەسێک دەنگی بۆ دیلان دابێت کە ئێستا پەرلەمانتارە، دەنگی بەبێلایەنێک داوە، بۆیە دیلان غەفور با خۆشی بوبێتە یەکێتی، لەسەر یەکێتی حساب ناکەین، چونکە بونی بەیەکێتی ڕای شەخسی خۆیەتی، نەک ڕای ئەو جەماوەرەی کە دەنگیان پێداوە".

سەبارەت بەناکۆکییەکانی نێوان حزبه‌كه‌یی‌و یه‌كێتى، کەرکوکی وتویه‌تى:"ئێمە پێمانباشە لەگەڵ هەمولایەنەکانی ناو کوردستان‌و دەوروبەر نێوانمان باش بێت، بەنیسبەت ئەوانەی ناو هەرێم، پێمانباشە هەموان بەیەکێتی‌و پارتیشەوە پابەندی یاسابین، گەر یاسا سەروەربێت، کێشە ڕونادات، گەر لەسەر نایاسایی ڕێکبکەوین‌و دڵی یەکتری خۆشبکەین، زوو یان درەنگ دیسان تێکدەچێتەوە، هەرلایەکیش پابەندی یاسابێت لەگەڵی هاوڕاین، بەڵام لەسەر ناحەق ئامادەنین نەرمی بنوێنین".

هه‌روه‌ك كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی حزبه‌كه‌ى ڕه‌تكردۆته‌وه‌ له‌دواى كۆنگره‌وه‌و ده‌ڵێت:"کاک مەسرورو کاک نێچیرو هەموو ئەندامانی مەکتەب سیاسی لەخزمەتی پارتیداین، پارتیش لەخزمەتی خەڵکدایە، با ناحەزان لێرەو لەوێ قسە بکەن، ئەو دوو بەڕێزە برای یەک‌و پشتی یەکن".

ش.هـ