شارپرێس:
بهگوێرهى سەرچاوەیەکی باڵای بزوتنەوەی ئیسلامی، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12ى ئهو حزبهى ڕەتکردۆتەوەو بەنایاسایی لەقەڵەمیداوە.
بهگوێرهى زانیاریه میدیاییهكان، سەرچاوەیەکی باڵای بزوتنەوەی ئیسلامی ئاشكرایكردوه، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12ى ڕەتکردۆتەوەو بەنایاسایی لەقەڵەمیداوە.
ئهو سهرچاوهیه ئاماژهى بهوهشكرد، ئێستاش لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باڵی کامیلی حاجی عەلی وردەکاری بڕیارەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشکرادەکات بەوەش کامیل حاجی وەک ڕابەری نوێی ئەو حزبە بەردەوامی بەکارەکانی دەدات تا کاتو ساتی کۆنگرەی نوێی بزوتنەوەی ئیسلامیی کە لهلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەندبکرێتو دانی پێدابنرێت.
لەدوای کۆنگرەی 12ی ئەو حزبەوه، کێشەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی پەرەیسەندو دواتر لەلایەن لیژنەی کۆنگرەی 12ی ئەو حزبەوە عیرفان عەبدولعەزیز لەڕابەریکردنی ئەو حزبە لادراو کامل حاجی حاجی عەلی بەڕابەری نوێی ئەو حزبە دانراو هەردولاشیان پەنایان بۆ دادگاو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بردوە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکان بکرێت.
كۆنگرەی 12 بۆ جاری سێیەم (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)ی كردەوە بەڕابەری گشتیی، ئەمە ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، چونكە بەپێی پەیڕەو "حاجی عیرفان" مافی ئەوەی نەبوو خۆی كاندیدبكاتەوە، تاكە كاندیدی بزوتنەوە بۆ پۆستی ڕابەر لەكۆنگرەدا (كامیل حاجی عەلی) بوو، بەڵام بەهۆی ئەو پێوەرەی دیاریكرابوو كە بەدەستهێنانی دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بوو بۆ ڕابەرایەتی، "حاجی كامیل" سەرنەكەوتو بەم میكانیزمە ڕابەری پێشوو لەپۆستەكەیدا هێڵدرایەوە.
بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لەئێران دامەزراوەو تائێستا (12) كۆنگرەی بەستوە، ئایاری 2001 عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوەو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان).
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا كە ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بەلیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتوی ئیسلامی بەشداریكردو هیچ یەكێك لەكاندیدەكانی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنی كردو بەشدارینەكرد.
ش.هـ
