راپۆرتێکی ئیسرائیلی داوا لە ئەمریکا دەکات پشتیوانیی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بکات

جیهان

22/11/2022‌ 396 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپریس
ڕۆژنامەی "زە ئۆرشەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی ڕۆژی سێشەممە داوای لە ئەمریکا کرد کە پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆن لە ئێران بکات لە پێناو ڕووخاندنی ڕژێمی تاران و ئاماژەی بەوەداوە "ئێران مەترسی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا دروستدەکات".

 
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە "خۆپێشاندانەکانی ئێستای ئێران کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە، بە بەهێزترین دادەنرێت بە بەراورد بەو شەپۆلانەی ناڕەزایەتی کە ئێران پێشتر بەخۆیەوە دیوە، ئاماژەی بەوەشکردووە "زۆرێک لە خۆپیشاندەران" دەیانەوێت ڕژێمەکە بڕوخێنن، واشنتۆنیش هیوادارە "گۆڕانکاری ڕژێم" لە تاران ببینێت، ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ۆژی ٣ی تشرینی دووەم باسی لە خواستی ئیدارەکەی کرد بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی ئێران لە رژێمەی ئێستایان.

سەرەڕای ئەمەش، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمریکا دوای ململانێ و تێچووی زۆری خەرجییەکانی لە عێراق و ئەفغانستان، "خۆی لە بیرۆکەی گۆڕینی ڕژێم دەپارێزێت"، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بە پێچەوانەی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ و عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، نائارامییەکانی ئێران کە ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم، کاریگەریی نابێت لەسەر ئەمریکا لەڕووی خەرجی و قوربانیدان بەسەربازانی وڵاتەکەی.

لە ڕاپۆرتی رۆژنامە ئیسرائیلییەکەدا بە ڕوونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئۆپۆزسیۆنی ئێران نوێنەرایەتی بزووتنەوەیەکی خاوەن ڕەگ و ڕیشەی قووڵ دەکات، هەر بۆیەش خەباتەکەی پەیوەستە بە گەلی ئێرانەوە، بەڵام پێویستی بە یارمەتی هەیە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران بەهۆی سیاسەتی دەرەوە و بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە "تەحەدایەکی جددی" بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئێران بتوانێت چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت، ئەمە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئیسرائیل کە بەپێی چەند سەرچاوەیەک، ڕەنگە شەڕی ئەتۆمی لە نێوانیاندا هەڵبگیرسێت.

جگە لەوەش یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە دوای ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستدەهێنێت، وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک سعودیە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدەن، ئەمەش ناوچەکە مەترسیدارتر دەکات.

بۆیە ڕاپۆرتەکە پێیوایە کە "ڕەنگە ڕژێمێکی نوێی ئێران میانڕەوتر بێت" و ئەگەر بەرنامەی ئەتۆمییشی بمێنێت، ڕەنگە هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نەدات، ئەمەش "باشترە لە ڕژێمی ئێستا".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕژێمی ئێران کە دەبێتە هۆی ئازار بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئێرانییەکانیشەوە، هەمان شت بەرامبەر ئەوروپییەکان دەکات، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئێران لە پشتیوانیکردنی ڕووسیا لە شەڕەکەی لە ئۆکرانیا، بۆیەگەر رژێمی ئێستالاببرێت، دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە خواستی ئێران بۆ دانانی ڕژێمی سەر بە خۆی لە عێراق، سوریا، یەمەن و لوبنان کراوە، بۆیەپێیوایە "ڕووخانی ڕژێمی ئێران خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، وەک گەیشتن بە سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانی عەرەبی وەک عێراق".

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ئەمریکا پێویستە زیاتر یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بدەن، ئەمەش پشتیوانییەکە ڕەنگە زۆر گران نەکەوێت لەسەر شانی واشنتۆن.

ڕوونیشی کردووەتەوە "ئۆپۆزسیۆن پێویستی بە پاڵپشتی داراییش هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک، پەیوەندی، کەرەستەی خۆپاراستن و شتی تر."

هەرچەند ڕاپۆرتەکە ڕەتی نەکردووەتەوە ئەو پارە و سەرچاوانەی کە بۆ ئێران دەنێردرێت رەنگ بێت بکەونە "دەستێکی هەڵە"وە، هەمانکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بەشێک لەو هاوکارییانە بگاتە ئەو شوێنەی کە پێویستە بچێتە ئەوێ، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە ئەو جۆرە هاوکارییانە یارمەتیدەری کردەیی بن، لە تێگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەوەی بە تەنیا نین لەم خەباتەیاندا.

لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیازی کارکردن بۆ کۆکردنەوەی کەمینەکان لە ئێراندا کراوە کە کەوتوونەتە ژێر هەوڵێکی خراپی چەوسانەوە، وەک عەرەب، کورد و ئەوانی تر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەوانیش دەیانەوێت ڕووخانی ڕژێمی ئێران ببینن.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سەرەڕای "ئەزموونی خراپ"ی ئەمریکا لەگەڵ پرەنسیپی "گۆڕینی ڕژێم" لە ئەفغانستان و عێراق، "بارودۆخی ئێران جیاوازە"، ئاماژەی بەوەدا کە ئێرانییەکان ئەم پرۆسەیەیان دەستپێکردووە و بەردەوامن لە خەباتی خۆیان سەرەڕای ئەوەی تووشی زیانێکی زۆر بوون و ڕووبەڕووی دەستگیرکردنی بەرفراوان و مەترسیی دیکە بوونەتەوە.